لێکۆڵەری سیاسی و ئاستەنگەکانی

08:23 - 2023-01-05
سوپا شاکەلی*
460 خوێندراوەتەوە

زۆرینەی بیرمەندە سیاسییەکان هاوڕان کە ناسەقامگیری بارودۆخی سیاسی لە هەر وڵات و ناوچەیەک، دەکرێت ببێتە هۆکار بۆ چەندین دەردی کوشندە بۆ کۆمەڵگە و لە پاشهاتیشدا بە دواکەوتن و بەرزبوونەوەی رێژەی نەزانین و هەژاری کۆتایی بێت.
 ئێستا پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بەچڕی لێکۆڵینەوە لەم بوارە دەکەن و لێکۆڵەرەکان بە کێشەیەکی زۆر و ئاستەنگی بەردەوامدا تێدەپەڕن، ت بتوانن هۆکار و ئەنجام بۆ رای گشتی رابگەیەنن سەبارەت بە رووداوە جیاوازەکان. 
لێرەدا پێویستە روونتر بڵێین کە هەموو رووداوەکان و گۆڕانکارییەکان لەم جیهانەدا پەیوەستن بەیەکەوە و ناکرێت لێکۆڵەر بڕیار لەسەر هیچ رووداوێک بدات، بەبێ رەچاوکردنی هەموو پایە و پێگە گۆڕاوەکان کە لە سیستمی نوێی جیهانی کە بە وڵات ناونراوە، ئیدی ئەویش بابەتێکی گرنگە کە ئەو وڵاتە لەسەر چ رێچکە و رێباز و نەتەوە و ئاینێک دامەزراوە و بەرژەوەندییە باڵاکان و بەها مرۆییەکانی چین، تا بتوانرێت لە کاتی لێکۆڵینەوەدا ببن بە پێوەر بۆ لێکۆلەر بۆ بڕیاردان. 
لە هەر جێگایەک و لە هەرکاتێکدا، ناسەقامگیری سیاسی دروست ببێت، راستەوخۆ کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە مرۆییەکەی دەبێت و دواتریش خراپ دەبێت، تا دەگاتە ئاستێک ئیدی دەبێت دەست ببرێت بۆ سڕینەوەی هەندێک لە بەها پیرۆزەکان و دروستکردن یان بونیادنانی پیرۆزیی نوێ لە جێگایان کە زۆرجار ئەم هەنگاوە بە شۆڕش دەکرێت، جا شۆڕشی سیاسی یان چەکداری یان رۆشنگەری بێت. 
لە دیارترین ئاستەنگەکان کە لێکۆڵەر رووبەڕووی دەبێتەوە بریتییە، لە دەرخستن و روونکردنەوەی هۆکارەکانی پشت رووداوە سیاسییەکان بۆ رای گشتی، زۆرجار لەمەش گرنگتر توانا و زانایی و دانایی لێکۆڵەر خۆیەتی. بە نموونە، لێکۆڵەر پێویستە لە کاتی لێکۆڵینەوە و بەیانکردنی هۆکارەکان بەتەواوی بێلایەن بێت و هیچ جۆرە هەست و سۆزێک زاڵ نەبێت بەسەریدا، هەروەها خۆی بە دوور بگرێت، لە وێناکردنی رووداوەکان بە بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیی و هەر لایەنێک و بیرۆکەیەک کە هاوڕایەتی ئیدی نیشتمانی یان ئاینی یان نەژادی بێت.
لێرەوە و داوای بێلایەن بوون و ئازاد بوونی خودی لێکۆلەر، دەکرێت لەدەست کۆت و بەندە کەسییەکان و هەبوونی دانایی و زانایی و توانا کەسییەکان و هەبوونی زانیاری لە بارەی رووداوەکانەوە، ئیدی لێکۆڵەر دەتوانێت دەست بکات بە لێکۆڵینەوە سیاسییەکان و بەیانکردنی هۆکار و ئەنجامەکانی پشت رووداوەکە بۆ رای گشتی کە ئەمەش بە پڕۆسەیەکی ئاڵۆزدا تێپەڕ دەبێت. 

ئەو فاکتەرانەی کار لە زانایی و دانایی لێکۆڵەر دەکەن چین؟ 

مێژوو
وەک روونە باسکردن لە خودی سیاسەت هیچ ئەرزشێکی نابێت بەبێ هێنانەوەی بەڵگەی مێژوویی و سەلماندنی بەڕێگایەکی دروست. بە شێوازێکی تر، دەتوانین بڵێن مێژوو خودی خۆی بڕیاردەرە کە ئاخۆ کام لە تیۆریە سیاسییەکان راستن و کامیش ناڕاست. هەرچەندە هەموو کات ئەمە بە پێوەر وەرناگیرێت لەبەرئەوەی مێژوو تاکە فاکتەر نییە، بەڵام کاتێک لێکۆڵەر بە هەگبەیەکی پڕی مێژووییەوە هەوڵ بۆ لێکدانەوە سیاسییەکان و پێشهاتەکان دەکات، دەتوانێت زیاتر و وردتر بگات بە ئامانج و هەرچەندیش هەگبەی زانیاری مێژووییەکەی کەمتر بێت، هێندە لێکدانەوەکانی نا واقیعی دەبن. 

جوگرافیا
لەوانەبێت پێمان سەیر بێت کە زانینی جوگرافیا چۆن دەکرێت کاریگەری راستەوخۆی هەبێت لەسەر زانایی و دانایی کەسی لێکۆڵەر، بەڵام راستییەکە ئەوەیە کە شارەزا نەبوون و بێ ئاگایی لە شوێن و جوگرافیای  وڵاتان و ناسەقامگیریەکان و دەوروبەرەکانیان، لێکۆڵەر بە هەڵەدا دەبات و هەندێکجار کارەکتەرێکی تەواو نموونەیی پێدەدات و لە ئەگەری زیاتر بەردەوام بوونی لە هەست نەکردن بە هەڵەکەی و هەگبە بەتاڵە جوگرافییەکەی، لەوانەیە رووبەڕووی تۆمەتبارکردن بە بیری پۆپۆلیستی ببێتەوە چ جای لە بێ ئاگاییەوە بێت.

کۆمەڵناسی و ئاین و مەزهەب و کەلتور 
یەکێک لە گرنگترین ئەو فاکتەرانەی دەتوانێت یارمەتی کەسی لێکۆڵەر بدات کۆمەڵناسییە، بەبێ ئەم ئامڕازە ئەستەمە بتوانین لە دونیای سیاسەت تێبگەین و تەنانەت هەنێکجار لێکدانەوەکان شێوەی گاڵتەجاری وەردەگرن لە شارەزا نەبوون و تێنەگەیشتن لە بابەتە کۆمەڵناسییەکان. وەک روونە ئاینەکان و مەزهەبەکان رۆڵێکی ئێجگار گرنگ و بەرجەستە دەبینن لە بوارە کۆمەڵایەتییەکاندا، پێویستە لێکۆلەر ئەو هێزە وەلا نەنێت کە کۆمەڵگە لە ئاینەکەیان وەریگرتووە. بۆ ئەم مەبەستەش هەرکات کەسی لێکۆلەر دەست بە لێکۆڵینەوە دەکات لەسەر ناوچەیەکی دیاریکراو و لێکدانەوەکان بۆ ناسەقامگیری سیاسی، پێویستە بە ئاگا بێت لە پایە و پیرۆزییەکانی ئاینەکە یان مەزهەبەکەیان هەیانە و سەپاندوویانە بە درێژایی مێژوو. لە کۆتاییشدا هەموو ئەمانە پێکەوە لەگەڵ نەریتە باوەکان دەبنە پێکهێنەرێکی گرنگی کەلتوری کە هەر کۆمەڵگە و شوێنێک کەلتوری تایبەتمەندی خۆی هەیە و حوکمی تاکەکانی کۆمەڵگە بە شێوازی خۆی دەکات. 

ئابووری
ئەمڕۆ زۆرینەی چاوەکان لەسەر ئابوورییە، بەڵام لە راستیدا ئابووری بەهێز بەبێ خوڵقاندنی ژینگەیەکی لەبار و بەهێز هیچ مانایەکی نییە، تەنانەت هەتا ئابووری بەهێزتر بێت لە ژینگەی نالەباردا، ئەو ژینگەیە زیاتر و زیاتر رووبەڕووی پەرتبوون و ئاڵۆزیی و کارەسات دەبێتەوە و چارەسەر کردنەکان ئاڵۆزتر دەبن. ڵێکۆلەر لەم بابەتەدا دەبێت زۆرباش ئاگادار بێت و تا بتوانێت خۆی بە دووربگرێت لە هەموو جۆرە لێکدانەوەیەکی ئابووری، چونکە وابەستەی هەموو سێکتەرەکانی دیکەیە و ئاسان نییە پێشبینیکردن لەم بوارەدا.

فەلسەفە و ئەدەبیات
ناوەخنی سیاسەت و لێکدانەوە سیاسییەکان، بەبێ تێگەشتن لە فەلسەفە و بیرکردنەوەی فەلسەفیانە و زانیاری فەلسەفی، زۆر ئەستەمە بگات بە هیچ ئامانجێک. لێرەدا لێکۆلەرەکان تووشی ئاستەنگی گەورە دەبنەوە چونکە لە دوونیای فەلسەفەدا، راستیی رەها بوونی نییە و تەنانەت زۆرجار پێکدژی زۆر گەورە لە بابەتە فکرییەکاندا روبەڕوی لێکۆلەر دەبنەوە و تەنیا خودی کەسەکە بڕیار بە دەست دەبێت، کە ئایا بە چ شێواز و رێچکەیەک بەردەوام دەبێت و دەیەوێت بگات بە چی؟ 
ئەدەبیاتیش کە هیچی کەمتر نییە لە فەلسەفە، بەڵام بە دیوێکی رەنگکرا و  ساناترە بە بەراورد بە فەلسەفە. کەسی لێکۆلەر پێویستە شارەزای باشی هەبێت سەبارەت بەم بوارە، تەنانەت پێوستە بەدەر لە زمانی چێژبینین ئەو زمانی ئەدەبیات، وەک کۆکەرەوەی هەموو پایە سیاسی و مێژوویی و جوگرافی و کۆمەڵایەتی و ئاینی و فەلسەفییەکان ببینێت.

ئەو فاکتەرانەی  کار لە توانای لێکۆڵەر دەکەن چین؟ 
هاوڕابوونێکی رەها نییە لەسەر بنەما پەروەردەییەکان کە هەمووان هاوڕابن کە چی پەروەردەیەک دەتوانێت کارەکتەرێکی بە توانا و لێزان بەرهەم بهێنێت، زۆرجاران روویداوە کە کارەکتەرێک لە ژینگەیەکی زۆر قورس و شێواوەیە و بەبێ هیچ پەروەردەیەکی تایبەت، بووە بە کەسێکی زۆر بە توانا لە بواری جیاجیادا و لە هەمانکاتیشدا روویداوە لە ژینگەی بەهێز و کاریگەر کارەکتەری زۆر لاواز و بێ توانا بەرهەم هاتووە. 
میکیاڤیلی ئاماژەی بەوە داوە کە باوکی بەهێز، نەوەی لاواز بەرهەم دەهێنێت و باوکی لاوازیش نەوەی بەهێز. ئیبن خەلدونیش ئاماژەی بە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتیەکان داوە، کە ژینگەی خۆشگوزەران نەوەی لاواز و ژینگەی پڕ کێشمە کێشەش، نەوەی بە توانا و لێهاتوو بەرهەم دەهێنێت. لێرەدا مەبەست لە پەروەردە و فێربوون تا ڕادەیەک ئاڵۆز و فەلسەفییە، کە پەیوەستە بە تاک و ژینگەکەیەوە کە ئەم بیرۆکەیەش فرە رەهەندە و ئاسان نییە بڕیار بدرێت، کە ئایا تاک خۆی گرنگە یان ژینگەکەی. بەڵام لە هەموو ئەمانە گرنگتر ئەوەیە، کە کەسی لێکۆڵەر حەز بۆ فێربوون لە ناخیدا چەسپا بێت و بە هەموو هێزی عەقڵی و جەستەییەوە، هەوڵ بۆ گەشەسەندن و بەرەو پێشچوونی توانا مەعریفییەکانی بدات. لەوانەش گەڕان و خوێندنەوە و تێکەڵاوی کۆمەڵایەتی و هەوڵدان بۆ تێگەیشتن لە واقیعی جیاواز کە بتوانێت لە بەرکەوتنەکانی رۆژانەیدا، جیاوازییەکان قبوڵ بکات و لە فرە رەهەندی راستی تێبگات، لەگەڵیدا توانا کەسییەکانی پێش بخات لە رووی زمان و قسەکردن و هەڵسوکەوتەوە. 

کۆتایی
پێویستە ئەوە بڵێین کە هیچکام لەم پایانەی کە باسکران، هیچ کات مرۆڤ بە تەواوی ناتوانێت لێیان شارەزا ببێت و تەنانەت زۆرینەی کات خودی لێکۆڵەرەکانیش بە رێژەی جیاواز لێیان تێدەگەن. هەرئەمەش وامان لێ دەکات، کە تێگەشتنەکانمان بۆ دونیای سەردەم و گۆڕانکارییە هەنووکەییەکان بگۆڕێت و فرە چەشن بێت و بتوانین کە لێکۆڵینەوەی راست و دروست، پێشکەش بە کۆمەڵگە و دەوروبەرەکەمان بکەین. 

سەرچاوە: DAVID HUDSON.  Political analysis as the practical art of the possible. www.dlprog.org

وتارەکانی نوسەر