شەن و کەو

12:13 - 2022-09-01
مستەفا محەمەد
353 خوێندراوەتەوە

پێکهێنانی حکومەت، یان هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان؟ 

رووداوەکانی چەند رۆژی رابردووی عیراق کە چەک بووە ئامرازی یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکانی نێوماڵی شیعە، پێمان دەڵێن ئەستەمە پڕۆسەی سیاسیی عیراق بە رێچکەی ئاسایی و یاسایی خۆیدا بڕوات لەبەرئەوەی لەمپەڕەکانی بەردەمی هێندە زۆرن، لە ئان و ساتێکدا سەرلەبەری قابیلی وەرچەرخانە، بێگومان ئەگەر رێگەکانی چارەسەریش نەگۆڕێن هێمنی و ئارامی شەقامیش کە لە دوای پەیامەکەی سەید موقتەدا سەدر بۆ خۆپیشاندەرانی شوێنکەوتەی بۆ کۆتاییهێنان بەو بارگرژییانەی هاتنە ئارا، کاتی دەبێت!
چارەسەری ریشەیی قەیرانەکانی عیراق لەم قۆناغەدا پێکهێنانی حکومەت و کابینەی نوێیە، ئەگەرچی لە دوای هەنگاوەکەی سەدر چانسێکی باش هەیە بۆ چوارچێوەی هەماهەنگی کە هەنگاوەکانی بۆ ئەو مەبەستە خێراتر بکات، بەڵام لە راستیدا ئەم بژاردەیە بێ سەرئێشە نابێت و پێموایە کێشەکانیش قووڵتر دەکاتەوە، چونکە لە بنەڕەتدا هۆکاری مانگرتن و خۆپیشاندانی شوێنکەوتووانی سەدر، رەتکردنەوەی ئەو بژاردەیە بوو،  بۆیە لایەنە سیاسییەکان  لەپێش هەمووشیانەوە چوارچێوەی هەماهەنگی پێویستە رێگەی دووەم هەڵبژێرن کە بریتییە لە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئامادەکاریی بۆ هەڵبژاردنێکی تری پێشوەختە.
بێگومان هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بە رێکاریی دەستووریی و یاسایی دەبێت، ئەویش بە دوو رێگە؛  یا پێویستە مستەفا کازمی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بە رەزامەندیی سەرۆک کۆمار داوای هەڵوەشاندنەوەی بکات، یا بە دانیشتنێکی پەرلەمان و داواکاریی سێیەکی ئەندامانی دەبێت، ئەوسا بە دەنگدانی زۆرینەی رەهای ئەندامان لەسەر داواکارییەکە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە. 
لە پێش هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانیش، کێشەیەکی تر کە ناکۆکی لەسەرە و یەکلانەکراوەتەوە یاسای هەڵبژارنە، بۆیە پێویستە لایەنەکان لەسەر پرسی یاسای هەڵبژاردن پێش هەڵوەشاندنەوەکە پێکهاتبن کە ئاخۆ هەر بەو فۆڕمەی پێشوو هەڵبژاردنێکی تر بکەن،  یان یاساکە هەموار دەکەنەوە و هەر پارێزگایەک دەکرێتەوە یەک بازنەی هەڵبژاردن.
رێگە راستەکە کۆتاییهێنانە بە بارگرژییەکانی شەقام و دوورکەوتنەوەیە لە بەکارهێنانی ئەو کارتە بۆ یەکلایی کردنەوەی ناکۆکییەکان، لە جێی ئەوە  کۆبوونەوە و کۆکردنەوەی لایەنە ناکۆکەکانە تا لەسەر بنەمای دەستوور و لێکتێگەیشتن، گفتوگۆی پێکهێنانی حکومەتی نوێ  یا دووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن بکەن، بەبێ ئەو بژاردەیە، هەر هەنگاوێکی تاک لایەنە نەک چارەسەری دۆخەکە ناکات، بەڵکو قەیرانەکان قوڵتر دەکاتەوە.

وتارەکانی نوسەر