جوانیی پێوەری نییە

10:01 - 2022-09-04
کەنار قاسم
559 خوێندراوەتەوە

منت خۆشبوێ وەکو ئەوەی کە هەم، یان چاکەیەکم لەگەڵ بکە و لە ژیانم بڕۆ دەرەوە و رێگەم بدە بگەم بەو کەسەی وەکو ئەوەی کە هەم خۆشی دەوێم، کەسێک هاوڕێم بێت بە هەموو ئەو شتانەی لەمندایە بە کەموکورتی و تاوانەکانمەوە، کەسێک تەنها لایەنی رووناک و جوانی من ببینێت، بەباشم ببینێت، تەنانەت ئەگەر خراپیش دەربکەوم.
داوای گۆڕان لە کەس مەکە لە پێناوی خۆتدا، کەسی بەرامبەر وەک خۆی قبووڵ بکە، رەنگە ئەوەی تۆ حەز دەکەیت پێی بگۆڕیت، هەر ئەوەش بێت سەرنجی تۆی بۆ لای خۆی راکێشاوە و نازانیت، کێ مافی ئەوەی پێدایت رەخنە بگریت لەوەی خودا لە ئەودا دروستی کردووە؟
کاتێک کەسێک لەسەر جوانیی قسە دەکات، ئەو پرسیارەم لا دروست دەبێت، کێ رێگەی داوە بەکۆمەڵێک مرۆڤ ئەوانی تر هەڵسەنگێنن؟ لە چ کتێبێکی پیرۆزدا هاتووە چاو سەوزەکان فریشتەی سەر زەوین؟ ئەوانەی چاویان شینە هەورن لە ئاسمانەوە کەوتونەتە سەر زەوی؟
خودا جوانە و جوانی خۆش دەوێت، بەڵام تۆ نازانیت چ جوانییەکە خودا خۆشی دەوێت، رەنگە خودا جوانی دڵت و جوانی رۆحتی خۆشبوێ یان جوانیی باوەڕت و جوانیی دڵسۆزیت، رەنگە خودا بەو کەسانە بڵێت جوان کە تۆ بەخراپی هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکەیت، جوانیی ناگەڕێتەوە بۆ سیفاتێکی دیاریکراو.
من جوانم، تۆ جوانی، هەموومان بەباشترین شێوە دروستکراوین، تۆ جوانیت بە وردەکارییەکانی روخسارت کە کەسی تر ناتوانێت لەسەر رووی زەوی هەڵیبگرێت، تەنانەت چل هاوشێوەکەت لە تۆ دەچن، بەڵام  کۆپی تۆ نین، ئەمەش خۆی لە خۆیدا جوانییە. 
خۆشم دەوێ و دواتر خۆشم دەوێت و دواتر زۆرم خۆشدەوێ، بڕوام پێ بکە تۆ جوانیت چونکە باشترین ئافرێنەر تۆی دروست کردووە. رێگە مەدە کەس دڵت بشکێنێت، خۆتت خۆشبوێت، کاریگەریی رەخنەت لەسەر نەبێت، چونکە قسەی هەموو کەسێک لەبەرچاو ناگیرێت، هەندێک وتە لەلایەن گەمژەکانەوە دەگوترێن کە لەناخیاندا بۆشایی بێسنوور هەیە، تۆش هەوڵمەدە یەکێک بیت لەوانە یان رۆژەکانتی لەگەڵ بەش بکەیت.
خۆت جوان بکە بە دەستکەوت و داهێنان بە گۆڕانکاری،  بەسەرکەوتن و نایابی، جیاواز بە، تەنانەت لە شکستەکەتدا وەکو ئەوانی تر شکست مەهێنە، هەوڵبدە بە عەقڵ و وریایی و رەفتار و تەکتیکی باش خۆت بکەیتە کەسێکی جوان. 
 بۆ سه‌ركه‌وتن پێویستت بە‌ هه‌ڵگرتنی بڕوانامه‌ی باڵا نییە، ده‌توانیت به‌ شارەزابوون له‌ چێشتلێنان سه‌ركه‌وتوو بیت،‌ ده‌توانیت سەرکەوتووبیت لە هەڵبژاردنی رەنگی جلەکەت، هەرچییەک دەکەیت دەچێتە لیستی دەستکەوت و سەرکەوتنەکانتەوە.
ئەوەندە متمانەت بەخۆت هەبێت کەسێک بتوانێت دەستت بگرێت و بەچاوی داخراوەوە شەقامەکانت لەگەڵ ببڕێت و هەست بە ئەمان بکات لە نزیکی تۆ.

وتارەکانی نوسەر