پەشمەک

شیعر و فەلسەفە

10:24 - 2022-09-11
ڤینۆس فایەق
582 خوێندراوەتەوە

67

لەم ژمارەیەوە لە چەند گۆشەیەکی داهاتوودا چەند پرسیار و وەڵامێک لەبارەی ئەدەب و شیعرەوە بڵاودەکەمەوە. کە لە میانی چەند دیمانەیەکدا هاتوون و لە رۆژنامە عەرەبیەکاندا بڵاوبوونەتەوە.

پرسیاری یەکەم: شیعر و فەلسەفە
خوێندنی فەلسەفە، کاریگەریی لەسەر نووسینی شیعر داناوە؟ پەیوەندیی فەلسەفە بە شیعرەوە چییە؟ 

تەمەنی پەیدابوونی شیعر لە تەمەنی فەلسەفە کۆنترە، دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەرهەڵدانی شارستانییەتە کۆنەکان. هەر بۆ نموونە ئەفسانەی گەلگامش کە 2000 ساڵ بەر لە زاین نووسراوە بە کۆنترین دەقی شیعری ئەژمار دەکرێ لە مێژوودا، و لە سەرهەڵدانی فەلسەفەش کۆنترە، تەنانەت ئەلیادە وئۆدێسەی هۆمیرۆس کە سەدەی هەشتی پێش زاین نووسیونی، و ئەفسانە هیندییە کۆنەکانیش تەمەنیان لە فەلسەفە کۆنترە. کە دەیانخوێنیتەوە باس لە هەموو نیگەرانییەکانی مرۆڤ و زۆربەی ئەو مەسەلە ئینسانیانەیان تیادا کراوە کە بۆ هەموو سەردەمێک دەست دەدەن. جا بۆیە بەلامانەوە سەیر نەبێت کە فەلسەفە لە سەرەتاکانیدا بە شێوەی شیعر دەنووسرا و بریتی بوو لە هەڵچوونەکانی ئادەمیزاد لە ئاست سروشت و بوونیدا، لە ئاست ئەو پرسیارانەی فەیلەسووفەکان بۆ وەڵامەکانیان گەڕاون. جا لەگەڵ ئەوەی ئەفلاتون پێداگریی کرد شاعیرەکان لە کۆمارەکەی دەرکرێن، بەبیانووی ئەوەی فکری ئادەمیزاد لە رێگەی حەقیقەت لادەدات، کەچی لە جێگەیەکدا دەڵێ: «شیعر هەستێکی قووڵمان بە خەم و ئازارەکانی ئەوانی تر پێدەبەخشێت». ئیتر شاعیر هیچ میتۆدێکی فەلسەفی پەیڕەو ناکات لەکاتی شیعر نووسیندا، چونکە هەمیشە پشت بە هەست و نەست و هەڵچوونەکانی دەبەستێت، بەڵام دەشێ لە هەندێ دەقی هەندێ شاعیردا هەست بە رۆحێکی فەلسەفی بکەین. 
فەلسەفە بەدوای حەقیقەتدا دەگەڕێت، شیعر بەسەر حەقیقەتدا هەڵدەدات، شاعیر بە هەستی شیعریی خۆی باس لەو حەقیقەتە دەکات کە خۆی دەیبینێت و باوەڕی پێیەتی. شیعر زیاتر هەوڵی دۆزینەوەی جوانی دەدات. بەڵام فەلسەفە بۆ نموونە لە جوانی و هونەر و چێژی هونەری و سروشت..تاد دەکۆڵێتەوە.
جا زۆر لە فەیلەسووفەکان بەختی خۆیان لە شیعرنووسیندا تاقیکردۆتەوە، بەڵام ناوبانگێکی ئەوتۆیان بەدەست نەهێناوە، وەکو کارل مارکس کە لە سەرەتاکانیدا شیعری نووسیوە، بەڵام هەر زوو وازی لێهێناوە، چونکە ناوبانگی پێ پەیدا نەکردووە. 
بەشبەحاڵی خۆم، ئەگەرچی فەلسەفەم خوێندووە، بەڵام پەیوەندیم بە شیعرەوە زۆر لە پەیوەندیم بە فەلسەفەوە کۆنترە، چونکە لەو کاتەی لەگەڵ شیعر لەدایکبووم، فەلسەفە لە نیوەی رێگەدا خۆی کرد بە ژیانمدا. بەڵام فەلسەفە کاریگەرییەکی درێژخایەنی لەسەر تێڕوانینم بۆ دونیا و شێوازی بیرکردنەوە و تێگەیشتنم بۆ زۆر مەسەلە داناوە و هەست دەکەم لە دەقە شیعریەکانمدا بەشێوەیەک لە شێوەکان رەنگی داوەتەوە. هەروەک لە مێژوودا سەرهەڵدانی شیعر پێش سەرهەڵدانی فەلسەفە کەوتەوە، بۆ منیش هەمان شت راستە، ئەوەشی لە خوێندنی فەلسەفە فێری بووم توانیومە بەشێوەیەک لە شێوەکان لە شیعردا تەوزیفی بکەم، هەروەها بۆ پەرەدان بە تێڕوانینم لە جیهانی دەوروبەرم و ئادەمیزاد و سروشت و گوزراشتکردن لە هەموو ئەمانە بە شیعر.

وتارەکانی نوسەر