لەناو رووداوەکاندا

كورد و مامەڵە لەگەڵ رووداوەكان

10:03 - 2022-09-12
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
500 خوێندراوەتەوە

نەتەوەی كورد، یان درەنگ دەیپەرژێتە سەر ئەو رووداوانەی لە چواردەوری روودەدات، یاخود هەر بەلایەوە گرنگ نابێت چی لە چواردەوری روودەدات و لێكەوتەكەی چۆن و چی دەبێت بۆ سەر كورد و كوردستان. 
لاوازترین جۆری سیاسەت ئەوەیە لێكەوتەی لە نزیكترین رووداوەوە بۆ دوورترین رووداوی جیهانی، لە دەرەوەی خۆت و نەتەوەكەت ببینیتەوە و پێت گرنگ نەبێت. سیاسەتی راستیش ئەوەیە هەموو رووداوێك بخوێنیتەوە بەبێ لەبەرچاوگرتنی شوێن و كاتی.
هەموو ئەو گرژی و ئاڵۆزییانەی لە عیراق و ناوچەكە و جیهاندا روودەدەن، دەبوو كورد بە دوو شێوە وەریبگرتایە، یەكەم وەك «ئەزموون»، دووەم وەك «سوود و قازانج»، بەڵام كەمترین جار كورد لە دەرەوەی ئەم دوو بنەمایە مامەڵەی لەگەڵ رووداوەكان كردووە و بە دیدێكی عاتیفی و سۆزدارییانە چۆتە پێشەوە لەگەڵ رووداوەكان، دواجار دەركەوتووە ئەمەش لۆژیكی و عەقڵانی نییە و هێزی بڕیارە عەقڵانییەكان لەسەروو هێزی بڕیارە عاتیفییەكانەوەیە.
لە جیهانی ئەمڕۆی سەرمایەداریدا، كەمترین پانتایی بۆ مامەڵەی سۆزدارییانە نەماوەتەوە لە كایەی سیاسیدا، رەنگە باشترین بۆچوونێك خزمەت بە كورد بكات لەم كایەیەدا، بۆچوونی «بڕی سوود و قازانجی ماكیاڤیلی» بێت كە هەموو جووڵە و مامەڵەیەك لە روانگەی بڕی سوود و قازانجەوە دەبینێت. ئەم دیدە ئەگەرچی دیدێكە بەهای پیرۆزبوون و مرۆڤبوون لەبەرچاو ناگرێت، بەڵام پێش هەر شتێك دیدێكە لەسەر واقیع و مامەڵەی راست و دروست كار دەكات.
ئەو رۆژگارە بەسەرچووە، كورد، بە رووداوی گۆڕینی سەرۆكی وڵاتێك و راپەڕینێك لە وڵاتانی چواردەوریدا، شاگەشكە ببێت و پێیوابێت راپەڕین و ئینقیلابەكانی عیراق و سوریا و توركیا و ...هتد دەبنە مایەی كرانەوەی رۆژگارێكی نوێ بە رووی كورددا، بە پێچەوانەوە ئەو رووداوانە ئەگەر وەك سوود و قازانج لەلایەك و وەك ئەزموون لەلایەكی دیكەوە لێی نەڕوانرێت و مامەڵەی لەگەڵدا نەكرێت، ئەوا وەك هەر بابەت و رووداوێكی دیكەی ناو مێژوو بەسەر كورددا تێدەپەڕن و لە بیری هەموو تاكێكی كورد دەچێتەوە.
بە دیوێكی دیكەدا چونكە كورد رووداوەكان بە چاوی سوود و بە دیدی ماكیاڤیلییانەی نەبینیووە، بە مەرگی زۆرێكی سەركردە جیهانییەكان و شا و شاژنەكان، تەعزێبار دەبێت، بەڵام هەرگیز سوودی لەو تەعزێبارییە نەبینیووە و بەردەوام لە باری هەڵچووندا بووە و هیچ رووداوێكی ئەزموون نەكردووە.  
لەم جیهانە پڕ پێكدادانەدا، هیچ دەوڵەتێك ناتوانێت بەرەو پێشەوە بڕوات، ئەگەر دیدی ماكیاڤیلیانەی بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ رووداو و پێشهاتەكاندا نەبێت، بۆیە دەبینین كاتێك هەر رووداوێكی سیاسی و سەربازی و ئابووری لە جیهاندا روودەدات، راستەوخۆ وڵاتانی جیهان بیر لەوە دەكەنەوە كە چۆن ئەو رووداوە بە سوودی خۆیان بشكێننەوە و چەند سوودی مادی لێ ببینن.
واتا كورد لەگەڵ واقیعی رۆژگار و سەردەمەكەی خۆیدا نییە، سەردەمێك لەسەر بنەمای پێكدادان و شكاندنەوەی دەستەكان وەستاوە و مرۆڤ دادەماڵێت لە پێویستی و پڕی دەكات لە مادەگەرایی.

وتارەکانی نوسەر