ئاوارە فەلەستینییەکان لە تەعریبی عەفریندا

10:14 - 2022-09-12
سۆزان حەمەتاتە
544 خوێندراوەتەوە

لە خۆرئاوای شاری عەفرین، رێکخراوی خێرخوازی کە لەلایەن عەرەبەکانی نزیک قودسەوە پاڵپشتی دەکرێن، کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوونی بۆ عەرەبە هاوردەکان دروستکردووە کە ساڵانێکە ئاوارەی سوریا بوون. 
 ئەوە سەرەتایەکی ترسناکە بەتایبەتی کە فەلەستین و کورد خاوەنی پەیوەندییەکی لە مێژینەن و خەباتی هاوبەشیان هەبووە و پێشمەرگەش بەشداربووە لە خەباتی رزگاریخوازیی خەڵکی فەلەستین.
ئەم بابەتە راستەوخۆ پەیوەندی بە پرسی ئاسایشی نەتەوەییەوە هەیە، تەنها نیشتەجێکردنێکی سادە نییە بۆ ماوەیەکی کاتی، بەڵکو دەبێتە دانانی بەردی بناغەی گۆڕینی نەخشەی دیمۆگرافی خۆرئاوای کوردستان، ناشکرێت وەکو رووداوێکی سادە سەیری بکەین، بەڵکو هەڵوێستێکی نیشتمانی بۆ رێگریی لەمە  پێویستە، لۆبیکردن لە دەرەوە و ناردنی پەیام بۆ سەرکردایەتی دەسەڵاتی فەلەستینی، تەنانەت ناردنی وەفدی باڵا بۆ ئەوەی دەستوەردان بکرێت و داگیرکارییەکە کۆتایی پێبهێنرێت.
بەگوێرەی ئامارە رەسمییەکان 135 هەزار فەلەستینی ئاوارەن لە سوریادا، رۆژئاوای کوردستان تازە خۆسەرییەکی بنیاتناوە، لە هەموو لایەکیشەوە بە دوژمن گەمارۆدراوە، بەهۆی ناکۆکی ناوخۆیی کوردیشەوە نا یەکگرتووییەک هەیە و ئەوەش دەرفەتی بۆ ئەوانی تر رەخساندووە هەل لە دژی کورد لەدەست نەدەن و سیاسەتی دوژمنکاری لەسەر خاکی کوردستان جێبەجێبکەن.

عەفرین، شاری شارستانێتیەکان لەژێر دەستی داگیرکەراندایە

بەتەنها سەردانی کونسوڵی فەلەستین بەس نییە
لە راگەیاندنەکان وا بڵاوکراوەتەوە کە رۆژی هەشتی ئەیلولی‌ 2022، چەند کەسایەتییەکی رۆژئاوای کوردستان سەردانی‌ کونسوڵخانەی‌ فەلەستینیان لە هەولێر کردووە و ناڕەزایی توندی خۆیان بەرامبەر نیشتەجێکردنی ئاوارە فەلەستینییەکان راگەیاندووە.
راستە بەپێی قسەکانی جەنابی کونسوڵ، ئەوان ئاگاداری ئەو کارە نین، بەڵام پێویستی بە بەدواداچوونی زیاتر هەیە بۆ ئەوەی بە تەواوەتی ئەو کارە پەک بخرێت.
نەزمی‌ حزوری‌، کۆنسوڵی‌ گشتیی‌ فەلەستین لە هەرێمی‌ کوردستان بە وەفدەکەی  وتوە: ئێمە خۆمان داوای‌ راگرتنی‌ پڕۆسەی نیشتەجێکردن دەکەین، لۆژیک نییە کە خۆمان ئەو کارە بکەین، ئێمە جەخت لەسەر مافی‌ گەڕانەوە دەکەینەوە و خۆمان قوربانیی‌ سیاسەتی‌ نیشتەجێکردنین.
رۆژئاوای کوردستان ساڵانێکە گیرۆدەی نەخشە شێوێنراوەکەیەتی، رژێمی بەعس تەعریبی دەکرد و بزووتنەوەیەکی کوردیی کاریگەریش لە رۆژئاوای کوردستان بۆ رێگەلێگرتنی دروست بوو، دوای بنیاتنانی ئیدارەی کوردیش، تورکیا وردە وردە کەوتە جووڵاندنی ئۆپۆزسیۆنی نزیک لەخۆی و لەچەند هێرش و پەلامارێکدا عەفرین و چەندین ناوچەی دیکەی داگیرکرد، شەپۆلی دووەم و کاریگەریی تەعریبی ئەمجارە نەرێنی ترە و ئەگەر رێگەی لێنەگیرێ، ئەوا لە داهاتوودا بەئاسانی ئاسەوارەکانی ناسڕێندرێنەوە.

وتارەکانی نوسەر