مار و پەیژە

09:45 - 2022-09-13
قوباد تاڵەبانی
362 خوێندراوەتەوە

دوابەدوای هەوڵ و كۆششی هێزە ئەمنییەكان، كە بە پشتیوانیی هاووڵاتیان و میدیاكارانی خەمخۆر، گومانلێكراوێك بە تاوانی كوشتن و توندوتیژیی دژی ژنان دەستگیردەكەین، بە بڕیارێكی دادگا دێینەوە سەر خاڵی سفر.
ماوەیەكە لەسەر دیاردەی زیادبوونی رووداوی توندوتیژیی دژی ژنان و خێزان و كوشتنیان (بە دەست ئەو پیاوانەی وا دەزانن شەرەفیان بەزێندراوە، بەڵام ئەوان هەرگیز شەرەفیان نەبووە) لەگەڵ وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومی و ناحكومیش كۆدەبمەوە. هەموو ئەوانەی لەگەڵیان دادەنیشم قسەی باش دەكەن، بەڵام هەمووشیان دەڵێن: ئەم دیاردەیە بە قسە بنبڕناكرێت.
كرداریش بریتیە لە یاسا، رێنمایی، ئیجرائات، بەدواداچوون، هۆشداریدان و كاری دەستەجەمعی بە گشتی، ئەمانە و چەندین ئالییەتی تر پێویستە وەك یەك تیپی ئۆركێسترا كاربكەن، ئەگەر یەكێكیان رۆڵی خۆی نەگێڕێت، پارچە میوزیكەكە دەشێوێت، ئەمە بۆ دەزگاكانی ‌حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكانی تریش راستە، بەتایبەت لە بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی توندوتیژیی دژی ژنان و خێزان، یان دەبێت بەیەكەوە كاربكەن یان ئامانج ناپێكن. ئەگەر یەكێك لە ئەندامانی ئەم ئۆركێسترایە ئەركی خۆی جێبەجێ نەكات، یان خەمسارد بێت، فەراغێك دروست دەبێت كە شكستمان پێ دەهێنێت.
زۆر تووڕە بووم كە بیستم تۆمەتبارێك بە كوشتنی دوو كچەكەی؛ بە هۆكارێكی لاواز و بەناو نەبوونی بەڵگەی شایستە ئازاد كراوە. ئەمە چ پەیامێك دەدات بەو بێشەرەفانەی ژن دەكوژن؟ پێیان دەڵێت: ئەگەر كچی خۆتت كوشت بڵێ من نەبووم، كوڕە بچووكەكەم بوو، دوایی ئازاددەكرێت. تا ئەو كاتەش، كوڕەكەتت ناردووەتە ماڵە كۆنە جاشێك كە دووربێت لە دەستی هێزە ئەمنییەكان و دامەزراوەكانی دەوڵەت.
بەداخم كە تاكو ئێستاش هەندێك دادوەرمان خەمساردن لە مامەڵەكردن لەگەڵ كەیسی توندوتیژیی دژی ژنان. من پێتان دەڵێم: خۆ هەر رۆژێك دێت ئەو بێشەرەفەی كە كچەكەتی كوشت، سەردەردەكاتەوە.
روودەكەمە بكوژەكان؛ دڵنیام خۆت وەك بەناو باوكێك، هەموو شەوێك كە دەچیت بخەویت و دووركەوتیتەوە لە دیوەخانەكەت و دووركەوتیتەوە لەوانەی كە هانتاندەدەن ئەم بێشەرەفیە بكەن، مەجبور دەبیت ئەو رۆژانەت بێتەبیر كە ئەو كچە نازدارانەت لە باوەش بوو و بە زەردەخەنەیەكیان لە خۆشیدا واتدەزانی هەموو دنیا هی خۆت بوو. دڵنیاشم دوا دیمەن كە دێتە بەرچاوت دەموچاوی خوێناویی ئەو جەرگانەت دەبێت كە لە ئەنجامی بێشەرەفی خۆتان یان كوڕەكانتان دەیانكوژن. دەزانم كە تەنها دەبیت، ویژدانت پێتدەڵیت كە؛ تۆ نە ئازایت، نە مەردیت، نە كەرامەتی خێزانی خۆتت پاراست، نە شەرەفی خێزانت پاراست (چونكە لە ئەساسدا بێشەرەفیت)، دڵنیام خۆت بەو چاوە تەماشای خۆت دەكەیت كە خوای گەورە تەماشات دەكات، وەك بكوژێك، وەك موجریمێك، وەك بێشەرەفێك.
ئەم شەڕەی دەستمان بۆ بردووە وەك یاریی مار و پەیژە وایە، كەی وا دەزانیت بە پەیژەیەك چەند هەنگاوێك سەركەوتیت، مارێك دەتهێنێتەوە خوارێ. بەس بزانن ها، هەر بەو پەیژانەدا سەردەكەوینەوە، ناهێڵین بكوژەكان بە ئازادی و بە ئیسراحەت بێن و بڕۆن، هەرگیزیش ناهێڵم خەڵك لەبیری بچێت كە چەندە بێشەرەفن. خوا وەكیلە؛ ئەگەر بە تاقی تەنهاش بم هەر بەدواتانەوە دەبم.

وتارەکانی نوسەر