لە پەنجەرەی پەروەردەوە

یەکپۆشی چی دەگۆڕێت؟

10:08 - 2022-09-13
مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان
1407 خوێندراوەتەوە

یەکپۆشی، واتا لەبەرکردنی جلوبەرگ بە رەنگ و شێوازێکی دیاریکراو و بڕیار لەسەردراو لە هەردامودەزگا یان کۆمپانیا و دامەزراوەیەکدا، بە مەبەستی دیاریکردن و ناسینەوە و پێدانی تایبەتمەندی بەو کەسانەی لەو جێگەیە کاردەکەن، بێگومان یەکپۆشی لایەنی ئەرێنی هەیە و لایەنی نەرێنیشی هەیە، زۆرترین باسکردن لە سیستمی یەکپۆشی کە ئێستا قسەوباسی لێوەدەکرێت بەتایبەت لەزانکۆ و پەیمانگەکاندا، بەوجۆرە گوزارشتی لێدەکرێت کە گوایا یەکپۆشی دەتوانێت بڕێک لە دادوەری و یەکسانی لە نێو قوتابخانە و خوێندنگە و زانکۆ و پەیمانگەکاندا بهێنێتە کایەوە، بەڵام پرسیارە جدییەکە ئەوەیە ئایا ئەمە دروستە و وایە؟ واتا بەتەنها بڕیاردانی یەکپۆشی دەتوانرێت دادوەری و یەکسانی و جیانەکاری لە نێوان فێرخوازان و خوێندکاراندا بهێنرێتە کایەوە؟ بێگومان نەخێر! چونکە تەنها جلوبەرگ نییە جیاکاری دروست دەکات، زۆر لایەنی تر کاریگەری نەرێنی کردووەتە سەر دەروونی خوێندکاران و دەبێت بە زانستیانە و بابەتیانە کاری لەسەر بکرێت و دیراسەی بکرێت، بۆنموونە، پێش هەموو شت گۆڕینی کەلتوری بیرکردنەوەی تاک، بەمامۆستا و خوێندکاریشەوە بۆ بەها بنەڕەتییەکانی مرۆڤ و ئەو لایەنانەی نرخ و سەنگی مرۆڤ دیاری دەکەن، وەک رەفتار و توانای زانستی و لێهاتوویی و بەهرە و کارامییەکان و داهێنان و هێنانەکایەوە نوێگەرییەکانی خوێندکاران و مامۆستایان بەشێوە ئەرێنییەکەی، کاتێک خاڵی سەرەکی بڕیاردان لەسەر تاکەکان جلوبەرگ و نرخی پۆشاک بێت چ سوودی هەیە یەک رەنگ بێت یان رەنگاوڕەنگ، پاشان تاکە شت کە جیاکاری دروست دەکات تەنها پۆشاک نییە، بۆنموونە ئەی چۆن لە کافتریا و خواردنگە و بۆنەکاندا ئەو دادوەری و یەکسانییە زامن دەکرێت، لەکاتێکدا خەرجی رۆژانە و بارودۆخی تیاژیاوی هەرتاکێک جیاوازە و جارێکی تر جیاکاری و تێڕوانینی جودا بۆیەک دروست دەبێتەوە، جۆری ئۆتۆمبێل و کەمالیاتەکانی تری باو لە ئێستادا کە بوون بەگرفتێکی سەرەکی بۆ جیاکاری و لەڕووی کلتوری کۆمەڵایەتییەوە زۆر بەنەرێنی بەکاردێن بۆ جیاکاری چۆن کۆنتڕۆڵ دەکرێن لە زانکۆ و پەیمانگەکاندا؟ ئاهەنگەکانی دەرچوون و یەکناسین و ئاهەنگەکانی تر کە بوون بەسەرچاوەی خۆدەرخستن و نمایش و بابەتی زیادەڕەو و نادروست بە سیمای ئەکادیمی و زانستی و زانکۆیی بەچی کۆنترۆڵ دەکرێن بۆ ئەوەی هەموو خوێندکارێ بەدەروونێکی ئاسوودە و بێ گرفتی هەست بەکەمزانینی خود بەشداری تێدابکەن و نەبنە جێی سەرنجی ئەوانی تر؟ کەواتە، دەکرێت بڵێین یەکپۆشی گرنگە، بەڵام گرنگتر ئەوەیە وانەزانرێت بەیەکپۆشی هەموو شت چارەسەرکراوە، لە کاتێکدا دەشێت خودی یەکپۆشی چەند لایەنێکی نەرێنی تر بەدوای خۆیدا بهێنێت، بەتایبەت لای ئەو خوێندکارانەی خواست و حەزی خوێندنیان نییە و وەک تەحەدی و سەرپێچی و پابەند نەبوون بە رێنماییەکانی یەکپۆشییەوە، چونکە وەک جۆرێک لەقەتیسکردنی ئازادی بۆی ئەڕوانن و ناتوانن پابەندبن بەیەک جۆر ستایلی جلوبەرگ و راهاتوون لەسەر خۆگۆڕینی بەردەوام و هەمەجۆر، سەرەڕای ئەوەی یەکپۆشی ناتوانێت ئەوە بەدیبهێنێت کە رێکپۆشی بهێنێتە کایەوە بۆ خوێندکارێک کە خۆی خولیای جوانکاری و گونجاندن و پابەندبوونی نەبێت بە رێکخستن و خاوێنی و خزمەتکردن بەخۆیەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەنجام یەکپۆشی بەزۆرسەپاندن بێ قەناعەتپێبوونی خوێندکار هەرگیز ئاسودەیی دەروونی بۆ خوێندکار ناهێنێتە کایەوە.

*سەرپەرشتیاری پەروەردەیی 

وتارەکانی نوسەر