وردتر

موفاجەئەی ئۆكرانیا لە خاركیف

10:15 - 2022-09-13
لەشکر حەمە ساڵح
378 خوێندراوەتەوە

لە سەرەتای ئەم مانگەوە هێزەكانی ئۆكرانیا چەند شار و ناوچەیەكی فراوانیان لە ژێر دەستی هێزەكانی روسیا دەرهێناوە كە بەرپرسێكی ئۆكرانی رووبەری ئەو ناوچانە بە 3 هەزار كم2 مەزەندە دەكات.
بەڕای بەشێك لە چاودێرانی شەڕی نێوان ئۆكرانیا و روسیا كە لە مانگی شوباتی رابردووەوە دەستیپێكردووە، ئەم پێشڕەوییەی هێزەكانی ئۆكرانیا لە بەرەی باكوور و نزیك شاری خاركیف بەخاڵی وەرچەرخان دەدانرێت. چونكە هەم هێرشەكە، هەمیش ئەنجامەكانی چاوەڕواننەكراو بوون و هەردوو لایەنی شەڕەكەی ناچار بەپێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنی بارودۆخەكە كردووە.
بۆ ئەوەی خوێنەری كورد لە رووداوەكە تێبگات دەتوانین بڵێین، ئەوەی روسیا بەچەند مانگێك شەڕ لە دەوروبەری خاركیف و سنوورەكانی باكوور بەدەستهێناوە، ئۆكرانیان بەماوەی كەمتر لە دوو هەفتە بەشێكی زۆری بەدەستهێنایەوە. 
ڤالێری زالوجنی ژەنەراڵێكی سوپای ئۆكرانیایە، لە بارەی دوایین پێشهاتەكانی شەڕەوە دەڵێت، ئەوەی لە بەرەی باكوور بەدەستهاتووە 2 هۆكاری سەرەكی هەیە. گرنگترینیان خۆسازدانەوەی سوپای ئۆكرانیا و بەكارهێنانی هێزی موفاجەئەیە. چونكە لە نزیكەی 1 مانگی رابردوودا چاوەكان لەسەر ئەوەبوون كە بەرەی باشوور گەرم و خوێناوی دەبێت، بەڵام ئۆكرانیا دەرفەتی لە باكوور قۆستەوە و هەزاران كیلۆمەتر چوارگۆشەی لە ژێر دەستی هێزەكانی روسیا دەرهێنا.
شارەزایەكی سەربازیی میسریش كە پێشتر پلەی لیوای هەبووە لە سوپای ئەو وڵاتەدا سەركەوتن و پێشڕەوییەكانی ئۆكرانیا دەگەڕێنێتەوە بۆ چەند خاڵێك. ئەو زۆر بەگرنگی دەزانێت كە كیێڤ بۆتە خاوەنی جبەخانەیەكی دەوڵەمەندتر و چەندین جۆر چەك و یەدەكی جۆراوجۆری لە وڵاتانی خۆرئاواوە بەدەستگەیشتووە كە ئەوەش باڵانسی هێزی گۆڕیوە و ئیتر ئۆكرانیا دەتوانێت زەبری كوشندە بوەشێنێت و هێزەكانی روسیا لە چەندین بەرە تووشی شۆك بكات.
ئەو شارەزا میسرییە بەناوی لیوا سەمیر فەرەج دەڵێت، ئەو هێزەی روسیا كە ئێستا ئەركی پاراستنی هەندێك ناوچەی وەك خاركیف و دەوروبەری پێ سپێردراوە، هێزێكی تازە و كەم ئەزموونە، جیاوازە لەو هێزە لێوەشاوەیەی پێشتر ئەو ناوچانەی لە ژێر دەستی ئۆكرانیا دەرهێناوە، چونكە ئەو هێزانە لە 6 مانگی رابردوودا ئەركیان زۆر راپەڕاندووە و ماندوو بوون و پاشەكشەیان پێكراوە بۆ ناو خاكی روسیا. ئەمە جگە لەوەی نابێت رەگەزی موفاجەئە لە بیر بكەین كە رۆڵێكی یەكلاكەرەوەی دیووە لە شكاندنی ورەی هێزە روسییەكان و لە دەستدانی هەزاران كم2 لە ماوەی چەند رۆژێكی دیاریكراودا.
ئەوەی لە 12 رۆژی مانگی ئەیلولدا بەدەستیهێناوە، بەرپرسانی كیێڤی دڵخۆش و شاگەشكە كردووە، هەروەك روسیاشی پەرێشان كردووە. بەڵام پێدەچێت شادمانی ئۆكرانیا زیاتر بێت، چونكە هەندێك لێدوانی بەرپرسانی ئەو وڵاتەت بەرگوێ دەكەوێت كە گومان دەكەیت ئەوان زیادەڕۆیی دەكەن، بەتایبەتی كاتێك دەڵێن، پێشڕەوییەكانی ئۆكرانیا بەردەوام دەبێت و لە ماوەیەكی دیاریكراودا كۆتایی بە (داگیركاریی روسیا) دەهێنن. تەنانەت ڤلۆدیمیۆر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكرانیا باسی رزگاركردنی هەرێمی كریمیا دەكات، ئەو دەڵێت، شەڕ لە كریمیا دەستیپێكردووە بەڕزگاركردنەوەی ئەو هەرێمەش شەڕ كۆتایی دێت نەك شوێن و ناوچەیەكی دیكە.

وتارەکانی نوسەر