یەکێتی و ئەمڕۆی عیراق

10:17 - 2022-09-13
فەهیمە سابیر
544 خوێندراوەتەوە

لە دوای هەڵبژاردنەکانی عیراق و چەقبەستنی دۆخی سیاسی، بەرهەمهێنانی توندوتیژی سیاسی، ئۆمێدەکانی رێکەوتن و تەوافوقی سیاسی بە قازانجی گەلانی عیراق گوشاری زیاتری بۆ دروست بوو. 
بەدرێژایی ئەم ماوەیەی رابردوو یەکێتی وەکو هەڵوێستی فەرمی وەکو راگەیاندنیش خۆی پاراست لەوەی ببێتە  دەنگێك بۆ باوەشێنکردنی ئاگری ناکۆکیەکان، بە پێچەوانەی ئەمە یەکێتی هەمیشە دەنگی گفتوگۆ و هێورکردنەوە و گەیشتن بوو بە رێکەوتنی یەکسان و هەمەلایەنەی سەرجەم بەرە دژ بە یەکەکان، ئەم جۆرە لە سیاسەتیش بەر لەوەی بەرهەمی رێبەرایەتی ئێستای یەکێتی بێت بەرهەمی قوتابخانە و تێگەیشتنی قوتابخانەی مام جەلال بووە لە پیادەکردنی سیاسەتی چەپکە گوڵ، کە نەك وەکو میراتی رێبازی فیکر و پراکتیك بۆ یەكێتی ماوەتەوە، بەڵکو بە دانپیادانانی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی عیراق و هەرێمی کوردستان.
 ئەم جۆرە سیاسەتە لە سەردەمی مام جەلال لە سەرۆك کۆماریدا، وەکو سەردەمێکی دووبارە نەبووی نێوان هەموو بەرە و لایەنە دژ بە یەکەکان بە جێهێشت، ئەمڕۆ مام جەلال لێرە نییە بەڵام کەلتورە ئاشتیخوازانەکەی ئەو بووە بە پرنسیب و رێنمایی نەنووسراوی هەموو ئۆرگانەکانی یەکێتی و ئەو دەنگە لۆژیکانەی نێو کایەی سیاسەت کە خوازیاری دروستکردنی عیراقێکی باشترن بۆ هەموان. 
یەکێك لە مەرجەکانی گفتوگۆی راستەقینە، گوێگرتن و بینینی ئەوی ترە، دان پیانانە بەوەی بەرامبەر وەکو ماف و هەر موستەحەقاتێکی هەڵبژاردن یان دەستوور، ئەوەی وایکرد یەكێتی خۆی بپارێزی لە رەتکردنەوەی هیچ لایەنێك بریتی بوو: لە پیادەکردنی مافدان بە ئەوی تر و گوێگرتنی راستەقینە لێیان، چەشنی هەمان ئەو مەودایەی مام جەلال لە پراکتیکی رۆژانەی خۆی جێبەجێی دەکرد، ئەم نەریتە متمانە دروستدەکات کە پایەی سەرەکی سەقامگیری پەیوەندییەکان و وزە و ئومێدە بە سەرجەم ئەم زەمینە سیاسییە دوای رووداوە نەخوازروەکانی ئەم یەك دوو مانگەی دوایی لە پایتەختی عیراق و پارێزگاکانی دیکەی باشووری عیراق دروست بوو، ئەگەر بێت و ئیرادەی راستەقینە هەبێت بۆ ئارامکردنەوەی دۆخەکە.
لەسەر بنچینەی ئەم تێگەیشتنەی سەرەوە، کەلتور و قوتابخانە و سیاسەتی ئاشتیخوازانەی مام جەلال، وەکو شێوازی کارکردن دەبێ چەندبارە تۆختر بکرێتەوە، چونکە لەم رۆژگارەی عیراقدا بەرپرسیارێتی نەك تەنیا سیاسی، بەڵکو مێژوویی و ئەخلاقی یەکێتی لە بەرامبەر ئەم دۆخەی عیراقدا وا دەخوازێت کە یەکێك زیاتر لە هەموان بانگەوازی هێورکردنەوە بدا بە گوێی هەمواندا.

ئاشکراکردنی رووی گەندەڵکاران، گەندەڵی لەناو دەبات

وتارەکانی نوسەر