77
دوای بیست و هه‌شت ساڵ فه‌رمانڕه‌وایی، ئاخری جه‌نه‌ڕاڵ بڕیار ده‌دات وێنه بگرێت. له پشت مێزی ژووره شاهانه‌كه‌یه‌وه، چاوه‌ڕێی ئه‌و كچه وێنه‌گره ریوه‌ڵه‌یه ده‌كات كه دڵنیایه وه‌كو یه‌كه‌م فۆتۆگرافه‌ر ناوی ده‌چێته مێژووه‌وه كه وێنه‌ی جه‌نه‌ڕاڵ ده‌گرێت. ئه‌گه‌رچی دنیا ژێره‌و ژوور بێت تازه جه‌نه‌ڕاڵ له بڕیاره‌كه‌ی په‌شیمان نابێته‌وه و وێنه‌كه هه‌ر ده‌گیرێت، به‌ڵام به‌بێ ئه‌وه‌ی هۆكاره‌كه‌ی بزانێت تووڕه‌یه. كچه به كامێرا و جانتا و تڕ و تفاقه‌كه‌یه‌وه خۆی ده‌كات به ژووردا. هه‌موان ده‌زانن، ئه‌م فۆتۆگرافه‌ره پڕۆفیشناڵه چه‌ند به مه‌كر و ناز و نووزه درێژه و چه‌ند فشه به‌م كامێرا حیزه‌یه‌وه ده‌كات.
به‌بێ ئه‌وه‌ی گوێ به‌وه بدات له‌گه‌ڵ جه‌نه‌ڕاڵێكی دیكتاتۆردا قسه ده‌كات، كه بیست و هه‌شت ساڵه جلوبه‌رگی سه‌ربازیی له‌به‌ردایه و هه‌میشه ده‌مانچه سمسه‌كه‌ی به‌قه‌دییه‌وه‌یه، ته‌نانه‌ت كاتێ عه‌شیقه‌كانیشی ماچ ده‌كات و لەگەڵیان دەخەوێت ده‌مانچه‌كه‌ی تاکە شایەتی رووداوەکەیە. كاتی خه‌وتنیش، هه‌رچه‌نده چوارده‌وری به پاسه‌وان ته‌نراوه، كه‌چی ده‌مانچه‌كه‌ی ده‌خاته ژێر سه‌رینه‌كه‌ی. خانمی فۆتۆگرافه‌ر كه ئه‌وه‌نده وردیله و لاوازه هێنده‌ی لاقێكی جه‌نه‌ڕاڵ نابێت، بۆ ئه‌وه‌ی بیسه‌لمێنێت وه‌كو رۆژنامه‌نووسێكی چاونه‌ترس پڕۆفشناڵانه ئیشی خۆی ده‌كات و گوێ به‌پله و پایه‌ی ئه‌و كه‌سه نادات كه وێنه‌ی ده‌گرێت، به کەمێک بێشه‌رمییه‌وه ده‌ڵێت: «دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه به‌نیازی به‌م مڕومۆچییه‌وه بۆ یه‌كه‌م جار وێنه‌ت بگرم؟ بۆچی به‌و شێوه‌یه ده‌موچاوت داوه به‌یه‌كدا بێقه‌زابی ده‌ڵێی ترش فرۆشیت؟ بزه‌یه‌ك نه‌خه‌یته سه‌ر لێوت چركه له كامێراكه‌م هه‌ڵناسێنم، باشه، سێ هه‌نگاو بچۆره دواوه، نا، نا، نابێت سێ هه‌نگاو وه‌ره‌وه پێشه‌وه. چاویلكه‌كه‌ت داكه‌نه كه فلاشه‌كه‌ی لێبده‌م بریسكه ده‌دات. هێشتا ده‌موچاوت به‌كه‌ڵكی وێنه‌گرتن نایه‌ت، من پیشه‌كه‌ی خۆم خۆش ده‌وێت، وێنه‌ی ئه‌و ده‌موچاوه گرژ و مۆنه ناگرم، له پشت مێزه‌كه‌ت وه‌ره ده‌ره‌وه، وه‌ره لای چه‌پ هه‌رچه‌نده دوژمنی چه‌پیت، ده‌ستت له‌سه‌ر ده‌مانچه‌كه‌ت لابه خۆ میلیان لێ رانەکێشاوی، جه‌نابی جه‌نه‌ڕاڵ بۆچی خۆت ره‌ق كردووه؟ تكایه ریلاكس به، ئێستاش بزه‌یه‌كم نه‌بینی ...»
به‌بێ ئه‌وه‌ی یه‌ك وێنه بگرێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌ڕوو له ده‌میدا ته‌قیبێته‌وه هه‌ر قسه ده‌كات و نایبڕێته‌وه. ئاخری روو له جه‌نه‌ڕاڵ ده‌كات: «جه‌نابی جه‌نه‌ڕاڵ ئه‌گه‌ر به دڵی من نه‌وه‌ستیت، ده‌ڕۆم و یه‌ك وێنه‌شت ناگرم!»
جه‌نه‌ڕاڵ بۆ یه‌كه‌مجار له ژیانیدا هه‌ست ده‌كات كه‌سێك فه‌رمانی پێده‌كات، ده‌مانچه‌كه‌ی هه‌ڵده‌كێشێت. پێنج گولله ده‌نێت به جه‌سته‌ی لاوازییه‌وه.