هەڵمەتی رەوا، دژ بە ناڕەوایی گەندەڵكاران

10:30 - 2022-09-14
شوان كەریم
479 خوێندراوەتەوە

دیاردەی گەندەڵی، بەرتیل وەرگرتن، قۆرخكاری، چەندین حاڵەتی ناپەسەندی داگیركاریی زەوی و زاری دەوڵەت و خەڵكی كەم دەسەڵات، مافیاگەری و ساختەكاری لە ساغكردنەوەی چەكی بانكی و دەیان دیاردەی لە شێوەی دەردی كۆمەڵایەتی كە وەك مۆتەكە بەرۆكی خەڵكی دڵسۆز و بە ئەمەك و خاوەن هەڵوێست و نیشتمانپەروەریان گرتووە و بوونەتە بەربەست لەبەردەم هەوڵەكانی ئاوەدانی و بۆ پێشخستنی رووی گەشی شارستانی سلێمانی و دەوروبەری وەك دێوەزمە قوتبوونەتەوە.
 پاش گەڵاڵە بوونی گلەیی و گازندەكانی خەڵك بەگشتی و وەبەرهێنەران بەتایبەتی و زیادبوونی داخوازییەكانی هاووڵاتیانی بێبەش لە خزمەتگوزاری، بۆ بە دەنگەوە چوونی داواكارییەكان لەلایەك و كۆكردنەوەی زانیاری ورد لەسەر زۆربوونی كەیسی گەندەڵی و دیاردەی قۆرخكاری و بەهەدەردانی سامان و موڵكی گشتی و تایبەت، پاش دەست واڵابوونی بۆ بنبڕكردنی هەموو ئەو دیاردە ناشارستانییانەی كە تێیدا بەرژەوەندی چەند كەسێك پارێزراو دەبێت و كۆمەڵانی خەڵك بەگشتی لێی تاقە زەرەرمەند دەبوون، سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی شەڕی لەبەرامبەر هەموو ئەو كەسانە راگەیاند، جا لەهەر پلە و پۆستێكی حزبی و حكومیدا بن، لەسەرەتای هەڵمەتەكەدا كە تائێستا بەردەوامە و وا چاوەڕوان دەكرێت لەسەر داوای خەڵكی شار و شارۆچكەكانی دیكەش بەوادەیەكی كەمی پێشبینیكراو هەڵمەتەكە رانەگیرێت تاسەركەوتن بەسەر گەندەڵكاراندا و دەگاتە تەواوی سنووری هەرێمی كوردستان .
ئاشكرایە لەچەند ساڵی رابردوودا هەموو ئەو دیاردە ناشارستانییانە، پرسەكانی پەیوەست بوون بە نیشتمان و قەوارەی سیاسی هەرێمیان بەجۆریك خستبووە  مەترسییەوە لە بەردەم سیاسەتی نێودەوڵەتی و حكومڕانی كوردیان بەشێوەیەك لاواز كردبوو كە نەدەكرا لە دەرەوە و ناوەوەی هەرێم نادیدە بگیرێت، بەڵكو پایەكانی حكومەتیان بەشێوەیەك لاواز كردبوو كە لە لێواری داڕمان نزیك ببۆوە. هاووڵاتیان لە نەبوونی فریادڕەسێك بۆ روبەڕوبوونەوەی گەندەڵكاران تا ئەسپی خۆی تاو بداو شەڕ لە دژیان راگەیەنن‌، بۆ فەراهەمكردنی خۆشگوزەرانی و گەڕانەوەی ئاسودەیی دوور لە كەشی تەماوی و لێڵی قۆرخكاران، بەكاركردن لەژێر رۆشنایی سیاسەتی حەكیمانەی مام جەلال گوزەر بكات، كە لە چەندین وتەیدا و لە روانگەی خەمخۆری و بەدەنگەوە هاتنی بەردەوامی بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاوی كێشە و گرفتەكانی هاووڵاتیان و گوێگرتن لە داخوازییەكانی خەڵكی كەمدەرامەتی خانووەقوڕەكان ئاماژەی پێداوە و لەیەكێك لە پەیامەكانیدا دەڵێت:‌ یەكێتی لەپێناوی كۆمەڵانی خەڵكدا تێدەكۆشێت، بۆ هێنانەدی ئاواتەكانیان قوربانی دەدات، بۆ هێنانەدی ئامانجەكانی كۆمەڵانی خەڵك خەبات دەكات.
ئەمە وتە و پەیامی سەرۆكێكی كۆچكردووی حزبێك بێت كە وەك وەسیەتێكی پڕاوپڕ لە ئامۆژگاری و رێنوێنی بۆ هەڤاڵانی دوای خۆی و رێنیشاندەری كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان جێ‌ هێشتبێت، ئیتر چۆن دەكرێت چ كادری یەكێتی یان هەر فەرمانبەرێكی حکومی لەژێر چەتری سیاسەتی یەكێتیدا پێچەوانەی ئەو پڕەنسیپانە مامەڵە بكات؟  

هەڵمەتی بنبەڕكردنی  دیاردەی ئاڵۆزی رۆتین و پەكخستنی كاروبار و مامەڵەی یاسایی هاووڵاتیان، دروستكردنی بەربەست لەبەردەم راییكردنی كاروبارەكانی وەبەرهێنان، بەتایبەتی هەموو ئەو سەرمایەدار و كۆمپانیایانەی جێدەستیان لە پێشخستنی نیشتماندا دیارە، رێگریكردن و سەرانە وەرگرتن، پشك پشكێنە وەك پاداشت و شیرینی لەسەروبەندی وەرگرتنی پڕۆژە و كاری وەبەرهێنانە خزمەتگوزارییەكاندا، بەتایبەتی چاوپۆشیكردن لە كەموكووڕی پرۆژەكاندا لە رووی ئەندازەیی و كوالێتییەوە، رێكەوتن و گرێبەستی ژێربەژێر و دیاردەی بەمەبەست دواخستنی رێكارە یاساییەكانی پرۆژەكان لەپێناوی پاراستنی بەرژەوەندی شەخسی و چاوچنۆكی بۆ بەدەستهێنانی ئیمتیازاتی مادی، هەموو ئەو حاڵەت و دیاردانە و زۆر شێوازی تریش كە لەبەرچاوی چاودێراندا بزرن و رووی گەشی شارستانی هەرێمەكەمان بەگشتی لەكەداردەكەن، لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتە بەردەوامانەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دێت، كە ماوەیەك بەر لەئێستا لە میانی هەوڵەكانی بۆ نەهێشتنی ئەو دیاردانە و لەپێناوی كەمكردنەوەی بارگرانی لەسەر هاووڵاتیان و وەبەرهێنەران و گەڕانەوەی متمانەی خەڵك بەدەزگا حكومییەكان، بوژانەوەی ئابووری سلێمانی و هەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان و بە گەڕخستنەوەی كاروانی ئاوەدانی و درێژکردنی دەستی ئاوەدانی و گەیاندنی بە نشینگە دوورە دەستەكان، تەكاندان بە رەوڕەوەی ئەركەكانی دەزگا حكومییەكان و بە پۆشینی بەرگی نوێ‌ بە بەری ئەو فەرمانگە خزمەتگوزارییانەی كە تایبەتمەندن بە راپەڕاندن و جێبەجێكردنی پڕۆژە و كارە خزمەتگوزارییەكانی هاووڵاتییانەوە خستویەتەگەڕ، لە سۆنگەی باوەڕبوون و گوزەركردن بەسەر رێچكە و پابەندبوون بە رێبازی مام جەلال، كە هەرلاپەڕەیەكی تۆماری دەفتەری وتە و پەیامە ئاڵتوونییەكانی هەڵدەدەیتەوە، بە دەیان ئامۆژگاری و رێنوێنی تیا رەچاو دەكرێت و بوونەتە وەسیەتنامە بۆ هەڤاڵانی كادری سیاسی فەرمانبەرانی نێو كایەی حكومڕانی دوای خۆی، وەك گەنجینەیەكی بەنرخ بەجێی هێشتووە، پیاداچوونەوە بە هەر وتە و ئاخاوتنێكیدا دەكەیت بە روونی ئەو راستییەمان لا بەرجەستە دەبێت و دەردەكەوێت كە هەردەم ئەو سەركردە مەزنە لە خەمی خەڵكدا بووە و هەموو هەوڵ و ماندوبوونی بێوچان بۆ فەراهەمكردنی ئاسوودەیی و رەخساندنی ژیانێكی لەبار و دەستەبەری خۆشگوزەرانی بووە بۆ سەرجەم چین و توێژەكانی كۆمەڵگە، بەومەرجەی كە لەگەڵ خەبات و تێكۆشانی نەوەكانی رابردوو بۆ هێنانەكایەی بەختەوەری بۆ نەوەكانی ئەمڕۆ و داهاتوو بگونجێت و رۆحی بەرزەفڕی شەهیدانی پێ ئاسودە بێت، هەروەك بۆ كەمدەرامەتان و هەژارانی نێو خانووە قوڕەكانیش پردی پەڕینەوە بووە تا بەرەو كەناری ئارام و گوزەرانی باشتر لەنگەر بگرن، گەڕانەوە و پیاداچوونەوە بەو تۆمارانەدا ئەركی رۆڵەكانی گەلەكەمانە بە گشتی  و یەكێتییەكانە بەتایبەتی، دەكرێت ببێتە ئەرك و ئاوڕی جدی لەو پەند و وتە ناوازانە بدەنەوە و بیكەنە سەرمەشق و بەرنامەی كاری رۆژانەیان، تاپێكەوە بۆ قەڵاچۆكردنی دیاردەی ناشارستانییە، بەكاری پێكەوەیی هاوكار و هەماهەنگ و یەك دەست و یەك بڕوا بین بۆ پاڵپشتی ئاڵا هەڵگری سەركردەی هەڵمەتی رەوا لە دژی ناڕەوایی گەندەڵكاران تێبكۆشین .

وتارەکانی نوسەر