لە یادی 38 ساڵەی شەهیدی سەركردە ملازم سەید كەریم دا

10:09 - 2022-09-15
وتار
573 خوێندراوەتەوە

بورهان هاودیانی

شەهیدی سەركردە سەید كەریم سەیدڕەسوڵ ناسراو بە ملازم سەید كەریم، ساڵی 1949 لە گوندی هاودیانی رواندز لە دایكبووە، كاتێك تەمەنی سێ مانگ بووە، باوكی شەهیدكراوە، بۆیە بەناوی باوكییەوە ناونراوەتەوە سەید كەریم.
خوێندنی سەرەتایی لە گوندەكەی خۆی و ناوەندی و دواناوەندیشی لە رواندز تەواوكردووە. ساڵی 1972 كۆلیژی سەربازیی بەغدای تەواوكردووە و بووە بە ملازمی دوو، دوای ساڵێك لە سوپای عیراقدا، بۆتە پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلول، كاتێك دەیەوێ یەكە سەربازییەكە جێبهێڵێت، نامەیەك لەسەر مێزی ژوورەكەی جێدەهێڵێت كە تیایدا نوسیوویەتی (ناتوانم لەناو سوپایەكدا بژیم و خزمەت بكەم، كە دژی گەلەكەم بێت).
پەیوەندیكردنی سەید كەریم بە شۆڕشەوە وەك هەواڵێكی گرنگ لە ئێزگەی ئەوسای دەنگی كوردستانی عیراق بڵاوكرایەوە، لەبەر لێهاتوویی خۆی، كراوە بە فەرماندەی بەتالیۆن.

لە نسكۆی شۆڕشی ئەیلولی ساڵی 1975دا ئاوارەی ئێران بووە، بەڵام هەر كە دەبیستێت ی.ن.ك دامەزراوە، ئۆتۆمبێل و كەلوپەلەكانی خۆی لە تاران بەجێدەهێڵێت و خۆی دەگەیەنێتە سوریا بۆ بەشداریكردن لە خەبات لەناو یەكێتی-دا. لە سوریاش بەشداریی چەندین خولی سەربازیی كردووە و دەبێتە یەكێكیش لە مامۆستاكانی مەشق و راهێنانی پێشمەرگەكانی مەفرەزە سەرەتاییەكان.
لەگەڵ هەڤاڵان نەوشیروان مستەفا و عادل موراد و سامان گەرمیانی و كۆمەڵێك هەڤاڵی تر، وەك دووەم كاروانی پێشمەرگەكانی شام بەپێ بە باكووری كوردستاندا بەڕێدەكەون و دەگەنە نزیك سنووری باشووری كوردستان، بەڵام بەهۆی رێگرییەكانی ئەوساوە ناتوانن بچنەناو خاكی باشووری كوردستانەوە و دەگەڕێنەوە سوریا، جارێكی تر خۆیان ئامادەدەكەن و هەر بە باكووری كوردستاندا دەگەڕێنەوە باشوور، سوپای توركیا گەمارۆیان دەدات و ئەوانیش كە مەفرەزەیەك پێشمەرگە و سەركردە بوون، دەكەونە ژێر هەڕەشەی لەناوچوون، ملازم سەید كەریم لەو مەترسییەدا رۆڵێكی گەورە بۆ بەسەلامەت دەرچوونیان دەگێڕێت. كاك عادل موراد لە نووسینێكی درێژدا باسی ئەو رووداوە و رۆڵی ئازایانەی سەید كەریم دەكات و لە بەهاری ساڵی 1977 دەگەنەوە خاكی باشووری كوردستان.
هەر لەو سەروبەندەدا چالاكییەكی گەورە ئەنجام دەدات كە تیایدا ئەفسەرێكی عیراقی بەدیل دەگرێت و دواتر بۆی دەردەكەوێت كە ئەو ئەفسەرە هاوڕێی خۆی بووە لە خولی ئەفسەریدا، بۆیە وەك وەفایەك ئازادی دەكات و دوو مەرجیشی بۆ دادەنێت، یەكەم: دژی كورد نەبێت و خۆی بگوازێتەوە بۆ ناوچەكانی خوارووی عیراق، دووەم: باسی ئەم هەڵوێستە بۆ سوپا و سەرانی عیراق بكات.
دوای راپەڕینیش كە فایلەكانی رژێم دەكەونە دەست هێزی پێشمەرگە، دەزگاكانی رژێم لەبارەی سەید كەریمەوە نووسیویانە: (پیاوێكی ئازایە، نەفسێكی پاكی هەیە، بەوەفایە، زۆر جدییە لەكارەكانیدا، پارە كاری تێناكات... و زۆر خەسڵەتی تریش).
شەهیدی سەركردە ملازم سەید كەریم، بەشداری و سەرپەرشتی دەیان نەبەردی و قارەمانێتی كردووە و هەر بە ئازایەتی خۆی، پلەكانی بڕیوە تا گەیشتۆتە ئەندامی سەركردایەتیی كۆمەڵە و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.
بەداخەوە، رۆژی 15/9/1984 لە كۆمەڵگەی تاسڵوجە لەگەڵ هەردوو فەرماندە (سەباح مەجید و نەهرۆ عەبدوڵڵا دزەیی) لە بۆسەی چەند جاشێكدا، شەهیدكران.

وتارەکانی نوسەر