یەکبێژ

رێکەوتنیش ئێکسپایەر دەبێت

11:24 - 2022-09-15
هیوا محەمەد
404 خوێندراوەتەوە

هەرێمی کوردستان یەکێتی و پارتی حکومڕانی دەکەن، هەڵبەتە بە بەشداریی سەرەکی هەندێک لە حزبەکانی دیکەش بە درێژایی تەمەنی کابینەکانی حکومەت.
ئاساییە ئەم دوو حزبە ململانێی بردنەوەی زیاتری کورسییەکانی پەرلەمان بکەن و دەسەڵاتیان فراوان بکەن، بەڵام ئەمە زیاتر بۆ دوو حزب دەگونجێت کە لە وڵاتێکدا بژین، سەربەخۆ بن و کێشەی گەورەی ئیقلیمی و ناوخۆیی بەرۆکی نەگرتبن.
هەرێم لەگەڵ بەغدا بە سیستمی فیدراڵی گرێدراوە، لەدوای چەسپاندنی ئەمەوە لە دەستووردا تا ئەمڕۆش، زۆرێک لە کێشەکانی نێوانمان چارەسەر نەکراون و بە هەڵواسراوی ماونەتەوە، مەترسی لەسەر تێکدانی فیدراڵی و گۆڕینی دەستوور هەمیشە لە ئارادایە.
دەستی دەرەکی لەسەر عیراق هەیە و ئێمەش بەشێکین لەو دەروازەیەی کە لێیەوە ئەوان خۆیانی تێبخزێنن.
عیراق وڵاتێکە ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانە و دان پیادانراوە، هەرێم بەشێکە لە عیراق، لەبەرئەوە جگە لە مامەڵە و پەیوەندی سەربازیی بۆ دابینکردنی سەقامگیری و لێدانی تیرۆریستان هیچ ئاسۆیەکی دیکەمان لەگەڵ وڵاتانی زلهێز و ناوچەکە نییە.
کەوابوو هەرێم لە دۆخێکی ناسکدایە، ئێمە دەبێت ئەم راستییە بە خەڵک بڵێین کە دەسەڵاتی پاراستنی هەرێممان نییە و رۆژانە خاکەکەی و سەروەرییەکەی پێشێل دەکرێت و ناتوانین بەری پێبگرین، ئەمە سەرەڕای ململانێمان لەگەڵ بەغدا بۆ قایمکردنی پێگەی خۆمان و رێگریکردن لە شۆڤێنیستانی عەرەب کە نێوانمان تێک نەدەن.
لێرەوە گرنگی هاوپەیمانێتیی ستراتیژی نێوانی ئەم دوو حزبە سەرەکییە دێتە گۆڕێ. 
بەغدا، لەم چەند ساڵی رابردووەدا خاوەنی هەڵوێستێکی یەکگرتوو نییە بەرامبەر دۆخی ناوخۆ و پەیوەندییە دەرەکییەکان، بە ئاشکرا نێو ماڵی شیعە درزی گەورەی تێکەوتووە، لایەنە سیاسییەکان دیدی جیاوازیان هەیە بەرامبەر هەرێم و پشکی هەرێم لە بودجە و زۆر شتی تر، لەگەڵ ئەمەشدا ئێمەش خۆمان ئەو یەک هەڵوێستییەمان نییە تا بە رووی ئەواندا بوەستین و بە پاکێجێکی هاوبەشەوە بچینە گفتوگۆکردنەوە لەگەڵیان سەبارەت بە هەر کێشەیەک یان پڕۆسەیەکی گشتگیر.
هاوپەیمانیی ستراتیژی نێوانی یەکێتی و پارتی کە ساڵانێک کاری پێدەکرا، بەهۆکاری پێشێلکردنی بەندەکانی لەلایەن پارتییەوە و خۆدروستکردن و فراوانکردن لەسەر حسابی یەکێتی لەرێگەی حکومڕانییەوە، بەرەو مردن و نەمان رۆیشت واتا ئێکسپایەر بوو.
ئەمە بەو مانایە نییە کە ئیدی ناتوانرێت جارێکی تر لە نێوانی ئەم دوو حزبە سەرەکییەدا رێکەوتنی ستراتیژی ببەسترێت سەبارەت بە دۆخی عیراق و چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا، بەڵام بە پلانی نوێ و مەرج و میکانیزمی نوێوە و تێیدا بە هاوبەشی و دادپەروەری ماف و ئەرکیان بپارێزرێت.
بۆ دروستکردنی ئەمەش دوو هەنگاوی گرنگمان پێویستە، یەکەمیان هەڵوێستمان لەگەڵ بەغدا یەک بێت سەبارەت بە دۆخی عیراق و پەیوەندییە دەرەکییەکانی و سەروەریی عیراق کە تێیدا بە سیستمی فیدراڵی ئێمەش بەشێکین لەوان، دووەمیان هەریەک لەم دوو حزبە بە ئاراستەی دژە یەک و جیاواز لەگەڵ هیچ وڵاتێک پەیوەندیی نەبەستن کە لەگەڵ بەغدا نەگونجێت، چونکە ئەمە تاکە دەروازەیە کە نەیاران و دوژمنانی ئێمە و عیراق، ئەجێنداکانی خۆیانی لێوە پیادە بکەن.

وتارەکانی نوسەر