کێشەکانی عیراق درێژخایەن دەبن

10:54 - 2022-09-18
رەمزی سەعید
464 خوێندراوەتەوە

لە نوێترین پەیامیدا وەزیرەکەی سەدر دەڵێت، بەهیچ جۆرێک رەوتی سەدر جارێکی دیکە ناگەڕێنەوە پەرلەمانی عیراق و ئەوە قەدەغەیە. تەنانەت گەڕانەوە بە حەرام دەزانێت.
لەلایەکی ترەوە روودەکاتە هاوپەیمانەکانی لە کورد و سوننە، دەڵێت: فەرموو دەتوانن بەبێ گەڕانەوەی سەدرییەکان، پەرلەمان هەڵبوەشێننەوە. ئێستا تۆپەکە لە یاریگای ئێوەدایە.
ئایا پارتی و رەوتەکەی محمد حەلببوسی و خەمیس خەنجەر، دەتوانن داواکەی رەوتی سەدر جێبەجێبکەن و هەنگاو بهاوێژن بەبێ چوارچێوەی هەماهەنگی پەرلەمان هەڵبوەشێننەوە؟
هەوڵەكانی دەرچوون لەم دۆخە چەقبەستووەی عیراق درێژەی هەیە، پێشنیازی جیاواز لەوبارەیەوە هەیە، بەڵام ئەوەی گرنگ بێت لەو نێوانەدا هەوڵدانە بۆ رازیكردنی هەموولایەنەكان بەتێپەڕاندنی ئەم قۆناغە و دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنە لەداهاتوویەكی نزیكدا.
چارەسەری گونجاو بۆ ئەم بارگرژییەی دوایی لە دانایی هەوڵی رازیکردنی سەدردایە، ئەویش بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هێشتنەوەی مستەفا کازمی یان دروستکردنی حکومەتێکی تەمەن 12_18 مانگ کە ئەرکی تێپەڕاندنی بودجە و ئامادەکاریی هەڵبژاردنی نوێ بێت، بەبێ ئەوەی پەرلەمان گۆڕانکاریی گەورە لە یاسای هەڵبژاردن و کۆمیسیۆنەکەیدا بکات، بەڵام گرفتی سەرەکی ئەوەیە چوارچێوەی هەماهەنگی، خۆیان بە براوە دەزانن، ئەمەش بە واتای کار و کاردانەوەی زیاتر دێت، ئەگەر پێشهاتێکی خێرا ئەم ئاراستەیە بەرەو لێکتێگەیشتن و سازانێک نەبات.
ئاگربەستی ئێستا بەهۆی هاتنە پێشەوەی زیارەتی چلەی ئیمام حوسێنە کە بۆنەیەکی گرنگ و  رۆحیی شیعەکانە لە سەرانسەری دنیادا. 
هەر کاتیش دوو لەمپەرەکەی دوایی گۆڕانی بەسەردا بێت لە چەند رۆژی داهاتوودا، ئەوە هەموو کات ئەگەری پێکدادانی سنووردار و بەریەککەوتنی سنووردار کراوەیە، وەک ئەوەی لەرووداوەکانی دوییدا شەڕی چەکداریی کەوتە نێوان لایەنە ناکۆکەکان لە ناوچەی سەوز.
هیچ کات وەک ئێستا سەدرییەکان هەستیان بە دڵشکان نەکردووە، چونکە جگە لەوەی بەتەنیا رووبەڕوون لەگەڵ هەموو هێزە کاریگەر و خاوەن دەسەڵاتەکانی شیعەدا و بە وازهێنانی ئایەتوڵڵا حائیری تووشی شۆک بوون، لە رووی زیان و لێکەوتەی پێکدادانەکانیشەوە ژمارەی قوربانی سەدرییەکان چەند قاتی ئەوانەی رکابەرەکانیانە، بەر لەوەش دەستیان لە پەرلەمان بڕا و بە خێرایی کورسییەکانیان پڕکرایەوە. 
لە بەرامبەریشدا هەرچەندە چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە سەدریان لە چوارچێوەیەکی بەرتەسکدا قەتیس کردووە، کەچی ئەوانیش هێشتا هەر کاریان لەبەر ناڕوات و نە حکومەت بەدەست ئەوانە، نە پەرلەمانیش کارایە تاوەکو زۆرینە نوێیەکەیان پاش کشانەوەی سەدر، بە سوود بگەڕێتەوە بۆیان و پەلەیانە بۆ ئەوەی هەندێک لە ئامانجەکانیان بەدیبێنن.  
هیچ لایەنێکی سەرەکی لە کێشەکان ئامادە نین سازش بکەن بەرامبەر ئەوی تر.

وتارەکانی نوسەر