گرنگیی کۆنگرە بۆ یەکێتی

10:09 - 2023-09-26
رەمزی سەعید
341 خوێندراوەتەوە

حزب بریتییە لە كۆمەڵە كەسێک کە ئامانجیان باشکردن و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەیە لە رێگەی ئایدیا و بەرنامەیەکی دیاریکراوەوە.
حزب پێویستی بە ھەموو جۆرە کەسێک و پشتگیری تاکەکانی ناو جەماوەرە.
ئەگەر حزب بناغەیەکی باشی لەناو خەڵکدا نەبێت، ئەوا سەرکەوتوو نابێت و لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگی پێویست ناهێنێت.
ئەگەر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ھەندێک گۆڕانکاری و پێداچوونەوە لە ناوخۆ و دەرەوەی حزب بکات، ئەوا زامنی سەرکەوتنی دەبێت و خزمەتی باشتریشی بۆ خەڵک پێدەکرێت، ھەروەک چۆن شانی داوەتە بەر بەرپرسیارێتی و خۆڕێکخستنەوە و چاکسازی حزب، دەبێت سنوورێکیش بۆ هەندێک کەس دابنرێت کە لەناو حکومەت و پەرلەمان، لەوانەی متمانەی حزبیان بەدەستهێناوە و ئێستا دوورکەوتوونەوە لە بەرنامەی حزب. حزبی سەرکەوتوو و دیموكراسیی ئەوەیە، كە كۆنگرەكانیان پڕ مانا و ناوەرۆكە و زۆرترین گۆڕانكاری دەكەن لە هەیکەل و بەرنامەی حزبەکە. 
کۆنگرە تەنها سەرچاوەیە بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشە و گرفتانە و رێگەنەدان بە گەورەبوون و كەڵەكەبوونی زیاتریان.
بۆ ئەوەی نەبنە هۆكاری ھەرەسھێنانی پەیكەر و ئۆرگانەكانی حزب و دووركەوتنەوەی جەماوەر و تووڕەبوونیان، بە هیوای ئەوەی كە بتوانرێت چارەسەر بكرێن و رێبازی حزب بپارێزرێت و كاربكرێت بۆ بە زیندوو هێشتنەوەی و یەكگرتوویی ریزەكانیش. 
پێویستە بە نییەتی گرێدانەوە و جۆشدانەوەی كار و خەبات و وەلانانی هەموو ناكۆكی و جیاوازیەكان و گەڕانەوە بۆ بنەما و بوژاندنەوەی گیانی هەڤاڵانە، هەموان لە چوارچێوەی كۆنگرەیەكی گشتیدا كۆببنەوە و بە گیانێكی برایانە و لەخۆبووردوانەوە بە نەفەسی درێژ و  پێكەوە كاركردن و وازهێنان و دووركەوتنەوە لە گیانی خۆسەپاندن و پاوەنکاری و تاكڕەوی و پیرۆزكردنی تەنھا کەسێک و وەستانەوە دژی دیاردە دزێوەكان و بەرژەوەندخوازی بە مەبەستی دانانی بەرنامە و پلانی نوێ.
پێویستە هەموان ئاڵوگۆڕی بیروڕا  و تێڕوانینە جیاوازەکان بكەن و گیانی رەخنە لە خۆگرتنیش ببوژێننەوە.
تەنها بەم هەنگاوە دەتوانرێت حزب و ژیانی حزبایەتی راستەقینە ببوژێنرێتەوە و نوێبوونەوە بێتە کایەوە و بتوانن خۆ دەرباز بكەن لە قۆناغی كۆن و كێشەکانی رابردوو. دڵنیام یەکیتی ئەم قۆناغەی ئێستای کۆنگرە و نوێبوونەوە بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێدەهێنیت.

وتارەکانی نوسەر