عیراق و هەرێم لە گۆڕانکارییەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا

10:48 - 2024-11-27
رەمزی سەعید
169 خوێندراوەتەوە

 

هەموو چاوەکان لەسەر ترەمپە کە ئایا لەسەر هەمان سیاسەتی رابردووی بەردەوام دەبێت یا گۆڕانکاری دەکات و لەگەڵ واقیعی ئێستای خۆرهەڵاتی ناوەڕاست خۆی دەگونجێنێت و گرژییەکان کەمدەکاتەوه؟

جیهان بە ئاڵۆزیی گەورەدا گوزەر دەکات و رۆژ لە دوای رۆژ، ناوچە بە ناوچە، گۆڕەپانی ململانێکان فراوانتر دەبێت و هەندێک وڵاتی گەورەش لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی شەڕدان و زۆرینەشیان کەوتوونەتە ناو ئاڵۆزییەکانەوە.
هەریەک لە ئێران، تورکیا، روسیا، چین بۆ زیادکردنی هەژموونیان لە هەوڵدان لەدوای پاشەکشەی هەژموونی ئەمریکا و ئەوروپا. 
هاوكات وەستانی ئاساییکردنەوەکانی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و عەرەب لەدوای رووداوەکانی حەوتی ئۆکتۆبەر و دەرکەوتنی رێککەوتنی ئێران ـ چین و روسیا، هەروەها پێشتر روسیا و سوریا تا لیبیا. 
ناڕوونیی هەڵویستی ئیداری جۆ بایدن، ناوچەکەی بە ئاراستەی جیاواز بردووە و کۆمەڵێک کێشەی گەورە سەریهەڵداوە، ئێستا هەموو چاوەکان لەسەر ترەمپە کە ئایا لەسەر هەمان سیاسەتی رابردووی بەردەوام دەبێت یا گۆڕانکاری دەکات و لەگەڵ واقیعی ئێستای خۆرهەڵاتی ناوەڕاست خۆی دەگونجێنێت و گرژییەکان کەمدەکاتەوه؟ وەک چۆن لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردن باسی لێوەکردبوو؟
لەلایەکی ترەوە، هەوڵەکانی ئیسرائیل لەگەڵ واشنتۆن بۆ ئەوەی رێگری بکات لە ئێران کە نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، چونکە ئیسرائیل بەردەوام پێیوایە بەدەستهێنانی ئەتۆم لەلایەن ئێرانەوە مەترسی بۆ ئاسایشی ئیسرائیل و ناوچەکە دروستدەکات .
واقیعی رووداوەکان، ئاراستەی سیاسەت لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دیار دەکات و چەندین سیناریۆ خۆیان مەڵاس داوە، ئەگەر بەئاراستەی رێکەوتن نەڕوات، لەوانەیە بەرەی جیاواز دروستبکرێت بۆ روبەڕوبوونەوەکان و ئەو تەنگژانەی هاتوونەتە ئاراوە. 
سەبارەت بە عیراق، بەردەوامی هێرشی گروپە شیعەکان بۆ سەر ئەمەریکا و ئیسرائیل بەدرۆن و مووشەک، ئەوان هاندەدات خۆیان بۆ هێرشکردنە سەر عیراق ئامادە بکەن و ئەمەش چاوەڕوانکراوە، بەڵام ئەوەی رایگرتووە هەوڵەکانی حکومەتی عیراقە بە سەرۆکایەتی محەمەد شياع سودانی لەڕێگەی ئەمریکییەکانەوە کە بەردەوام لە گفتوگۆدایە بۆ ئەوەی مەترسییەکان لەم وڵاتە دووربخاتەوە، بەڵام پێدەچێت ئەم هەوڵانە شکست بهێنیت، ئەگەر هێرشەکان بەردەوام بن.
هەرێمی کوردستانیش کەوتۆتە ناو سەنتەری ئەم هەموو گۆڕانکارییانەوە و رێککەوتن و رێکنەکەوتنی لایەنە ئیقلیمییەکان، کاریگەریی ئەرێنی و نەرێنی  لەسەر ئابووری و ئاسایش دەبێت.
ئەوەی هەرێمی کوردستانی لاواز کردووە، ململانێی ناوخۆیی و نەبوونی یەکڕیزی لایەنە سیاسییەکانە، بەتایبەتی ئێستا پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێ لەبەردەمماندایە. هەروەها بابەتی بە بانکیکردنی مووچە کە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی دابەشکردووە بەسەر دوو ئاراستەی جیاوازدا، لە ئەنجامی پێداگریی بۆ سەپاندنی هەژماری من، لەبەرامبەر تەوتینکردنی مووچە کە پشتئەستوورە بە بڕیاری دادگای فیدراڵیی عیراق. 
لەکاتێکیشدا کە سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە بەردەوام هەوڵدەدات ئەم کێشەیە لەچوارچێوەی یاسای بودجە و بڕیاری دادگای فیدراڵی چارەسەر بکرێت و تەوتینی موچە بکرێت بۆ ئەوەی کێشەی مووچە نەچێتە ناو ململانێ سیاسییەکانەوە. 
بەم حاڵەی ناو هەرێم و بەم  بێ پلانییەوە لەهەر گۆڕاکارییەک ئایندەی هەرێم رووبەڕووی مەترسی گەورە دەبێتەوە. هیوادارین ریزەکان یەک بخرێن و پلانی پێشوەخت بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو دابنرێت لە هەرێمی کوردستان.

هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر عیراق مەترسیدارن

وتارەکانی نوسەر