لە سەردەمێکدا کە لەسەر بنەمای گۆڕانکاری و گەشەسەندن دامەزرابێت، رێگای گۆڕانکاری لەبەردەمماندا سەخت و سەختر و دژوارتر بووە بۆ تێپەڕین، کاتێک دەبیستین کەسێک هەژارە، یان کاتێک لەسەر وڵاتێکی دیاریکراو دەخوێنینەوە، وڵاتێکی هەژارە، بێگومان لە هەنگاوی یەکەمدا ئێمە پێمان وایە کە بەدەست هەژاریی ئابووریی و ماددییەوە دەناڵێنن.
ئەم جۆرە هەژارییە بە دەستی بەتاڵی خەڵک و سفرە بەتاڵەکانیان دەپێوین، ئەم جۆرە هەژارییە بێگومان چەقێنەر و وێرانکەرە، بەهۆی چەقبەستن و کەمیی ژینگەی بازرگانییەوە دروست دەبێت.
بە واتایەکی تر کاتێک ژینگەی بازرگانی ئاوەدان نەبێت و نەتوانێت خۆی بەرهەم بهێنێتەوە، هەژاری دەبێتە ئەنجامی پێویست و دڵنیای ئەو.
بەڵام ئایا هەژاری تەنها لە هەژاریی مادی و داراییدا سنووردارە؟ هەژارییش رەهەند و لایەنی هەیە، هەریەکەیان گرنگ و بنەڕەتین و پێویستە لەبەرچاو بگیرێن، چونکە هەموو هەژارییەک ئازار و کەم ئەندامییە، جا لە بواری هەژاریی ئابووریدا بێت یان جۆرەکانی تری هەژاری.
کاتێک ئایین شکستی هێنا لەبەرهەمهێنانەوەی خۆی، وردە وردە تەنکتر و تەنکتر دەبێتەوە. کاتێک کەلتور ناتوانێت خۆی بۆ نەوەکان پاساو بداتەوە و توانای پێشکەشکردنی رووخسارێکی دڵگیر و کارامەی نییە، وردە وردە لە ناوەوە بەتاڵ دەبێتەوە.
کاتێک سیاسەت ناتوانێت بە بیرۆکەی نوێ و کارا خۆی بەهێز بکات، ئیتر ماندوو دەبێت و هەژارتر دەبێت و شکست دەهێنێت. کاتێک ئەخلاق هێزی کوڵاوی خۆی لەدەست دەدات، کاتێک پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان کۆن دەبن و ناتوانن وەڵامی پێداویستی و داواکارییەکانی مرۆڤ بدەنەوە، هێواش هێواش هێزی وەچەخستنەوەیان لەدەست دەدەن و دەبنە بێزارکەر و بارگرانییەکی گرانبەها.
کۆمەڵگەیەک کە نەتوانێت بەختەوەری، هیوا، متمانە، بەزەیی، پەیوەندییە مرۆیی و ئەخلاقیەکان، پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای دادپەروەری بەرهەم بهێنێتەوە، کۆمەڵگەیەکی کۆنە و قەیراناوییە و توانای ئەوەی نییە دینامیکی و بەهێز بێت، لە ئەنجامدا جەستەی تەنک و تەنکتر دەبێتەوە و یەکگرتوویی و مانەوەی لەدەست دەچێت.
سەرلێشێواوی و نائارامی لە کۆمەڵگەیەکی وادا گەشە دەکات و هەموان دەخزێنێتە ناو کۆڵی دابەزین.
پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان، ئەگەر بەنیازی مانەوە بن، دەبێت توانای بەرهەمهێنان و بەرهەمهێنانەوەی سەرمایەی بنەڕەتی خۆیان هەبێت.
متمانەی کۆمەڵایەتی، هیوا بۆ داهاتوو، رەزامەندی و گونجان، یەکگرتوویی و هاوسەنگی ناوخۆیی. هەروەها پێویستە سەرمایەی ئەخلاقی و عەقڵانی دروست بکات و دابین بکات.
ئێمە هەژارتر دەبین، چونکە ئابووری ناتوانێت سامان بەرهەمبهێنێت، پەرستگا ناتوانێت ئیمان بەرهەم بهێنێت، زانکۆ ناتوانێت زانست بەرهەم بهێنێت، کۆمەڵگە ناتوانێت بەختەوەری و متمانە بەرهەمبهێنێت، دەسەڵاتی سیاسی ناتوانێت دادپەروەری و خۆشگوزەرانی بەرهەمبهێنێت، کەلتور ناتوانێت مانا بەرهەمبهێنێت، ئەمەش رێک ئەوەیە کە فەرمانڕەواکان ناتوانن لێی تێبگەن، واتا وڵات قەیراناوی و قەیراناویتر دەبێت.