گرژییەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و سیاسەتی نوێی جیهانی

10:42 - 2025-06-23
رەمزی سەعید
212 خوێندراوەتەوە

شارەزایانی ستراتیژی دڵنیامان دەکەنەوە کە داهاتووی سیاسەتی نێودەوڵەتی و جۆرەکانی ئەو ململانێیانەی کە لەوانەیە رووبدەن پێشبینی نەکراون، بەڵام رووداوە نێودەوڵەتییەکانی ئێستا یەک ئاسۆمان بۆ رووندەکەنەوە، ئەویش یاسای دەسەڵاتی زاڵە لەوەی کە روودەدات. ئەمەش بەو مانایەیە کە زۆرێک لە یاسا نێودەوڵەتییەکان بە تەنها لەسەر کاغەز دەمێننەوە. 
بێگومان ئەمەش بۆ دەیان ساڵ بەردەوام دەبێت و دووڕوویی و لووتبەرزیی داگیرکاری نێودەوڵەتی روو لە هەڵکشان دەکات کە خزمەت بە بەرژەوەندیی زلهێزەکان دەکات. 
هێڵی دابەشکاریی نێوان وڵاتانی خۆرئاوای جیهانی و ئەکتەرە سەرەکییە سیاسییەکانی جیهانی، رۆژانە فراوانتر دەبێت، تەنانەت بەشدار دەبێت لە زیادبوونی گرژییەکانی نێوان خودی زلهێزەکان.
روسیا هێرش و دەستوەردانی لە ئۆکرانیا کرد، جەنگەکە بەردەوامە و پشتیوانی خۆرئاوا بۆ ئۆکرانیا نەیتوانی پێشی هێزەکانی روسیا بگرێت. سەرۆکی روسیا دەستی کردووە بە وەرگرتنەوەی پێگەی خۆی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا، تا ئەو رادەیەی کە دۆناڵد ترەمپ بۆ چەند سەعاتێک قسەی لەگەڵ دەکات، بانگهێشتی دەکات بۆ ناوبژیوانی و کە دەتوانن نێوەندگیری لە نێوان ئیسرائیل و ئێران بکەن. ئیسرائیل حەماسی ئیفلیج کرد لە غەززە، ئەمریکا ئەسەدی لە سوریا لابرد، جەنگی لە نێوان خۆی و ئێراندا هەڵگیرساندووە و بە ئیسرائیلی سپاردووە. 
هەڵکوتانە سەر حوسییەکانی یەمەن دەستیپێکرد، چونکە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە کەنارە ئاوییەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەکەونە مەترسییەوە.
ئەم زلهێزانە، بە تایبەتی ئەمریکا، ناتوانرێت بخرێنە ژێر گەمارۆی نێودەوڵەتییەوە، یان بخرێنە ژێر هەڕەشەی مووشەکەوە و بە بیانووی پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان ئەنجومەنی ئاسایش لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکات یان دادگایی بکرێن. 
ئەوە هەر ئەوانن بڕیار دەدەن و سزای وڵاتانی تر دەدەن. تەنانەت دەتوانن بڕیارەکانی دادگا نێودەوڵەتییەکان رابگرن و هەرکەسێک بوێرێت بەدوای هاوپەیمانەکاندا بگەڕێت، گەمارۆی بدەن. ئەوانی تر یان دەبێت پابەندی ئەم دۆخە بن یان چاوەڕێی ئەو بەڵایانە بن کە رەنگە بەسەریاندا بێت. 
رووداوە بەردەوامەکان و دانوستاندنە بێکۆتاکان سەبارەت بە رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران، هیچ نییە، جگە لە شانۆگەرییەک کە نووسەرەکەی ئەمریکایە. 
ئیسرائیلییەکان ساڵانێک بوو کاریان لەسەر چۆنێتی نەهێشتنی پێگەکانی ئێران کردبوو، شارەزا بوون لە خۆدزینەوە و کاری نهێنی و دروستکردنی گروپی شاراوە. 
ئەمریکا و ئیسرائیل یەک قەوارەن و سەرەڕای لێدوانی هەندێکجار دژ بەیەک لە نێوان واشنتۆن و تەلئەبیب، مەزهەب و بیروباوەڕ و بەرژەوەندییەکانیان وەک یەکە و هاوکاریی ستراتیژی و سەربازییان بەردەوامە و وڵاتانی خۆرئاوا ناتوانن خواستی دەوڵەتی ئیسرائیل لەبەرچاو نەگرن.
ئێران وایانزانی کە حکومەتی ئیسرائیل بە دوای هەڵبژاردنی دیموکراسیدا دێت و دەنگدەران هەر حکومەتێک کە گەلەکەی ناچار بکات بچێتە ناو شەڕەوە دەیڕوخێنن، بەڵام لەبیریان چوو کە لە شەڕە چارەنووسسازەکاندا ئەم حکومەتانە ناڕوخێن، بەڵکو بەهێزتر دەبن و ئامادەن تێچووی خۆیان لەسەر حسابی خەڵک لە ئەستۆ بگرن، بەتایبەتی کە چەکی حسابیان لەلای ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیانە زۆر بە ئاسانی بۆیان دەچێتە سەر.
رووداوەکان سەخت و ئاڵۆزن، داهاتووش بە یاسای هێز بەڕێوەدەچێت، نەک هێزی یاسا، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەوانەش نەتەوە یەکگرتووەکان رووکەش و بێکاریگەرن و گەلانی جیهان ناچار دەبن لەگەڵ زلهێزەکاندا هاوپەیمان بن.

 

لە جەنگەکاندا هیچکام لە لایەنە بەشداربووەکان بێ زیان و ماڵوێرانی نابن

وتارەکانی نوسەر