بەرزکردنەوەی دروشمی چاکسازی بەتەنیا بەس نابێت بۆ چاکسازییەکی بنەڕەتی لە کۆمەڵگەیەکدا کە گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات، زۆربەی دامودەزگا فەرمییەکان و سیستمی رێکخراوەیی نێو پارتە سیاسییەکانیشی گرتبێتەوە، گەندەڵی بۆتە دیاردەیەکی مێژوویی لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە جیهاندا.
ساڵانە ئامار و ئاستی گۆڕانکاری لە گەندەڵی وڵاتان و دەستپاکی تیایاندا لە لایەن رێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتییەوە ئاشکرادهكرێت، ئاستهكانی گهندهڵی 2019 كه له 2020 بڵاویان كردهوه، خشتەیەکی دیاریکردووە لە سفرەوە بۆ 100و بەم پێیە دانیمارک و نیوزلەندە و فنلەندا لە سنووری 88 دان, هەریەک لە سۆماڵ و سوریا و یەمەن و سودان و لیبیا و عیراق لە وڵاتە پڕ گەندەڵکارییەکانن.
هۆکاری سەرەکی گەندەڵی بریتییە لە( نەبوونی بەرچاوڕوونی – شەفافیەت) و نەچەسپاندنی یاسا ناوخۆییەکان لە تەواوی بوارەکاندا.
لەم حاڵەشدا چاکسازی دەبێتە دروشمی قۆناغەکان و مامەڵەکردنیش لەگەڵیدا قورس دەبـێت و بە سڵەمینەوە دەست بۆ چاوگی گەندەڵییەکان دەبرێت و دەرئەنجام دەبێتە پڕۆسەیەکی شکڵی.
چاکسازی دوو چەمکی هەبووە لە مێژوودا، یەکیان چەمکی شارستانیییە کە ئەمە رەنگدانەوەی زۆری لەسەر خیتابی رێنسانسدا هەبووە، دووەمیشیان چەمکە شۆڕشگێڕییەکەی بە تایبەت دوای جەنگی جیهانی دووەم و چووە نێو ئایدۆلۆژیاوە لە وڵاتانی عەرەبی و ناوچەکەدا بە تایبەت لای رەوته نەتەوەییەکان و چەپەکانیش، ئەمەش بەو مانایە دەهات کە بۆ چاکسازی و گۆڕانکاریی هەڵتەکاندن لە رەگەوە و بیناکردنەوەی سەرلەنوێ، سەرەتا بەرکەماڵ کردن و چەسپاندنی یاسا و دیاریکردنی جومگەکانی گەندەڵییه، ئەمەش بە پشتبەستن بە زانیاری دروست لەسەر سنووری پانتاییەکانی گەندەڵی، چونکە کاتێک یاساکان دروست کاریان پێنەکرێت و دەسەڵاتە سیاسییەکان لێرە و لەوێ دەستوەردانیان لە ئابووری وڵاتدا کرد و کەوتنە گێژاوی بەرژەوەندی پەرستییەوە، ئەو دهم جۆرەها گرێبەستی ئاشکرا و ژێربەژێر دەکرێت لە نێوان بەرپرس و کۆمپانیای بازرگانی و بەرهەمهێنەرەکاندا، هەموو ئەمانەش وا دەکەن بارو دۆخەکە وەک خۆی بمێنێتەوە و پشتگیری لە هێزە سیاسییەکە دەکرێت، چونکە مانەوە و نەمانەوەی گەندەڵکاران پەیوەستە بە مانەوە و نەمانەوەی ئەو سیاسییانەی کە بەرژەوەندییەکانی گەندەڵکاران دەپارێزن.
له درێژبوونهوهی ئەمەشدا، بڕێکی زۆر لە داهاتی نەتەوەیی پەرتوبڵاو دەبێ و بە فیڕۆ دەڕوات. کەواتە بە گشتی گەندەڵی جگە لە هەژارکردنی کۆمەڵانی خەڵك و ههڵتهكاندنی بنهما ئابووری سیاسی و كۆمهڵایەتییهكه، رۆڵی کاریگەریش دەبینێت لە کەمکردنەوەی توانای بە گەڕخستنه گشتییهكان و لاوازکردنی ئاستی چۆنایەتی لە ژێرخانی ئابووریدا و کاریگەری راستەوخۆشی دەبێت لە قەبارە و کوالێتی هەموو ئەو کەرەستانەی دەرهاویشتەی بە گەڕخستنی سەرمایەی بیانین.
لەم دەرئەنجامانەشەوە دابەشکردنی داهات و سامانی نەتەوەیی بە شێوەیەکی خراپ بەڕێوەدهچێت.
هەر هەنگاوێک بنرێت بۆ چاکسازی، شیاوی و دروستیی لەوە دایە پشتگیری بکرێت و هان بدرێت وەک لەوەی رەخنە بارانێكی بێبنهما بکرێت.
قسەم لەسەر ئەوە نییە، كاتێك دهسهڵات چاكسازی وەک دروشم بەرزدەکاتەوە و لە سنووری چەند دیاردەیەکی بچووک ئامێزدا خول دەخوات، نەخێر ئەو هەنگاوانەی کە سەرمایەدارە هەڵتۆقیوە زلهێزەکان دەگرێتەوە، بنچینەی هەڵسانەوەی هەموو دارمێنراوەکانی نێو کۆمەڵگەیه، خۆشبەختانەش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەستیکردووە بەو هەنگاوانە و پێناچێت پاشگەز بوونەوەیهک لە بەردەم ئەم تەوژمی چاکسازییەدا هەبێت، بۆیە وێڕای ئەوەی هاندان و پشتگیری پێویستن بۆ ئەم هەنگاوە بوێرانەیە، باشترە خەڵکانی نیشتمانپەروەر و دڵسۆز بۆ ئایندە، دهستپێشخهرییهكانی یهكێتی بهههند وهربگرن و ئەو تەوژمه گۆڕانكارییه سەرقاڵ نهكهن بە شتی لاوەکییەوە و کاروانی چاکسازی پەک بخرێت.
لەم هەنگاوانەشدا ئەو ئایدۆلۆژیا شۆڕشگێڕییە دەبینم کە بەرەو هەڵتەکاندنی بنەما نادروستەکانی گەندەڵی دەڕوات و دەبێتە هێزێکی جەماوەری کە سەرتاپای هەرێمی کوردستان بگرێتەوە، پێویستە پشتگیری سەرەکی هێزی جەماوەر بێت و یەکێتیش پێشڕەوی بێت.