پەشمەک

شیعر وزمان

12:37 - 2022-09-18
ڤینۆس فایەق
512 خوێندراوەتەوە

68

پرسیاری دووەم: یەحیا حەقی دەڵێ: «ئەدەبێک بەبێ ئەشقی زمان نییە»، تۆ بە دوو زمان دەنووسیت، زمان چۆن خۆی بەسەر دەقە ئەدەبیەکانتدا دەسەپێنێ، بۆ ئەوەی رۆڵی جوانی خۆی بگێڕێت لە دروستکردنی بەرهەمێکی ئەدەبیدا؟ رۆژنامەی «گۆڤاری رۆشنبیری»ی جەزائیری.
بەبێ زمان ئەدەب نییە، چونکە زمان تاکە چەکی نووسەرە. تۆ بۆ ئەوەی قەسیدەیەک بنووسیت، ئەوەی لە سینگ ومێشکتا پەنگی خواردووە دەریکەیتە دەرەوە و لەگەڵ خوێنەردا بەشیکەیت پەنا بۆ زمان دەبەیت. شیعر باڵابەرزترین گوزارشتە، پێویستی بە زمانێکی تۆکمە ودەوڵەمەند هەیە، بۆیە پەنا بۆ ئەو زمانە دەبەیت کە بۆی هەیە جوانترین دەقی پێ بەرهەم بهێنیت، پەنا بۆ زمانێک دەبەیت کە دەرەقەتی وێنە شیعرییەکانی ناو مێشک بێت، زمانێک کە پێی دەنووسیت ئارامت بکاتەوە و نەخشە وردەکانی ناو تابلۆ شیعرییەکانت بۆ رەنگاو رەنگ بکات. زمانێک لە توانایدا بێت بیرۆکەکەت بگەیەنێت وخوێنەر راچڵەکێنێت و شتێکی لا جێبهێڵێت، لانیەکەم پرسیارێک!
بۆ کەسێک کە توانای نووسینی بە زیاتر لە یەک زمان هەبێت، دەق خۆی زمان دەستنیشان دەکات، ئەوەشی حوکم دەکات وێنەی شیعرییە. وێنەی شیعری هەیە لە زمانێکدا دەگوترێت و لە زمانێکی تردا ناگوترێت، وەرگێڕەکان باش لەمە تێدەگەن. ئەوانەی توانای نووسینیان بە دوو زمان هەیە بەختەوەرن، چونکە دوو رووبەر لەبەردەستیاندایە بۆ ئەوەی هەستەکانی پێ تۆمار بکەن. هەرچەندە هەموو ئەوانەی لە زمانێک زیاتر دەزانن مەرج نییە بتوانن دەقێکی ئەدەبیی پێ بەرهەم بهێنن. چونکە زمانی ئەدەبی شتێکی ترە. کەسانێک هەن کەمێک لە زمانێکی تر دەزانن وەکو مەکینە دەقی ئەدەبی دەنووسن، رێک وەکو بەرهەمهێنانی سەدان پۆشاک لەسەر یەک پاترۆن، بەمەش چێژی راستەقینەی خوێنەر دەمرێت. ئێمە لێرەدا باسی زمانێک دەکەین کە «ئەدەب»ە، بەو زمانەی کە توانای جوانترین دەربڕینمان هەیە پێی وەکو «عەرەبی» یان «کوردی». 
دواجار وەزیفەی زمان لە بواری ئەدەبدا ئەوە تێدەپەڕێنێت کە تەنها بۆ گوزارشت ونووسینەوە بێت، ئەگەر زمان بە بەرپرسیارێتییەکی گەورەوە بەکارنەهێنین، بێگومان ئەمەش هەر لە سەرەتاوە و لەخۆڕا نایەت، بەڵکو بە ئەزموون فێری دەبین، فێردەبین بزانین چۆن مامەڵە لەگەڵ زماندا بکەین کە دەست بۆ نووسینی شیعر دەبەین. چونکە ئیشی زمان تەنها وەسفکردنی شارێک یان دیمەنێکی سەرنجڕاکێش یان تەنها بۆ وەسفکردنی جەستەی ژنێک... تاد.. نییە، بەڵکو وەزیفەی زمان لەوە دوورتر و قووڵتر دەڕوات، دەگاتە ئەو جێگەیەی ناشیرینییەکان لە چەندین دیوی نادیارەوە ببینیت و جوانیان تیادا بدۆزیتەوە، ئەمە هەمووی بە زمان دەکرت، بەمەرجێک بەخوێندنەوەی بەردەوام شارەزای کون وکەلەبەرەکانی زمانەکە بیت، چونکە زمانی ئەدەبی زمانێکە سەروو ئاساییە، جیاواز لە زمانی ئاخاوتن و کۆمەڵێک وشە کە لێمان وابێت بەسە بۆ بەرهەمهێنانی دەقێکی ئەدەبی شایستەی ئەوە بێت بیخەیتە بەردەستی خوێنەر.  
زانینی دوو زمان بە واتای دوو ئاسۆی بیرکردنەوە، هەبوونی دوو رۆشنبیری، بەسوودوەرگرتن لەم دوو فاکتەرە شاعیر دەتوانێت دەقێکی جیاواز بەرهەم بهێنێت. رۆشنبیرییەکەی زمانی دایکی تێکەڵ بەو دەقە دەکات کە بە زمانەکەی تر دەینووسێت یان بە پێچەوانەوە. ئەمەیە جیاوازیی نووسین بە یەک زمان لەگەڵ نووسین بە دوو زمانی جیاواز. 

وتارەکانی نوسەر