ئەو پڕۆژانەی هەلی کار دەڕەخسێنن

10:33 - 2022-09-19
وتار
503 خوێندراوەتەوە

ماکوان رەشید

ئاگادارین کە باس لە وەگەڕخستنەوەی 50 پڕۆژەی راگیراو دەکرێت، پڕۆژەکان جۆراوجۆرن و لە هەموو حاڵەتێکدا بەگەڕخستنەوەیان جێگەی دەستخۆشییە و خەڵکی چاوەڕوانی زیاتر و بەردەوامی پێدانییەتی.
دەبێت حکومەت لە بیری بەگەڕخستنی پڕۆژە گەشتیارییەکاندا بێت کە دەکرێت لە دوو رووەوە سوودی هەمیشەیی بە شارەکە و خەڵکەکەی بگەیەنێت.
لە پاڵ ئەو 50 پڕۆژەیە باس لەوە دەکرێت کە چەمی قلیاسان و بەرزایی گۆیژە، وەک دوو جێگەی گەشتیاریی کاری تێدا دەکرێت، ئەمەش لە پڕۆژە گرنگەکان دەبێت، چونکە تا تەواوبوونی ئەو پڕۆژەیە هەزاران کەس وەک دەستی کار لێی سوودمەند دەبن، دوای تەواو بوونیشی دەکرێت زۆرێک لەو دەستی کارانە لە پڕۆژە تەواو بووەکەدا بخرێنە سەر کار و لەم لاشەوە ئەو پڕۆژە گەشتیارییە دەبێتە  سەرچاوەیەکی داهات و ئاوەدانی بۆ شارەکە.
هەرکەس لە دەرەوەی سلێمانییەوە بێت بۆ گەشتیاریی، یەکێک لەو شوێنانەی کە دەبێت بۆی بچێت سەر شاخی گۆیژەیە بەتایبەتی لە شەودا، بەڵام تائێستا پڕۆژەی ئاوەدانکردنەوەی گەشتیاریی تێدا نییە، جگە لە چەند فرۆشیارێک کە خۆیان دایان ناوە.
ئۆتۆبانی بابان کە بە دەوری سلێمانیدا دێت، زۆر رووی باشی هەیە، لە کەمکردنەوەی زۆریی ئۆتۆمبیلەکان لە شەقامی بازنەیی و ناو شار تا خاوێنیی هەوای شار و خێرایی لەگەیشتندا، ئەمە جگە لەوەی بە کەناری ئەم ئۆتۆبانەدا دەیان وێستگەی بەنزین و رێستۆرانت و شوێنی حەوانەوە دروست دەکرێت و تێیدا سەدان کەس کار دەکەن.
زۆرێک لە پانتایی زەوی لە ناو شار و دەوروبەریدا هەن، ئەگەر هی شارەوانین با بکرێنە شوێنی گەشتیاری، شوێنێک کە هەلیکار برەخسێنێت، نەک تەنها شوێنی نیشتەجێ بوون، بۆ ئەمەیان دەکرێت لە بەشی خوارووی سلێمانیدا شوێنی نیشەجێبوون بنیاتبنرێت، واتا لە چوارچرا و بەکرەجۆوە بەرەو خوارتر. دەبێت دابەشبوونی گەڕەک و ژمارەی دانیشتوان لە ئاوەدانکردنەوە و دروستکردنی شوێنی نیشتەجێ بووندا بەهەند وەربگیرێت تا قەرەباڵغی نەکەوێتە سەر لایەک.
هەرچەند شوقە لەسەر تاوەری بڵند دروست بکرێت و لە بیست قات و سی قات پێک بێت، بەڵام حساب بۆ کەمی جادە و شەقام و کۆڵان نەکرێت هەڵەیە.
 دەبینین لە گەڕەکێکدا بەردەوام تاوەر دروست دەکرێت، ئیتر بیر لەوە ناکەنەوە کە چەند ماڵ بێنە ئەو تاوەورانەوە هێندە ئۆتۆمبیل و زیاتریش روو لەوێ دەکەن کە هەمان شەقامی ئێستای هەیە.
دەکرێت لە چەند جێگەیەک، شاری یاریی و پارکی پشوودان هەبێت و هەمووشیان دەبنە جێگەی باش بۆ گەشتیاران و حکومەتیش کارئاسانی بکات لە رووی هەرزانی نرخ و خزمەتگوزارییەکانەوە.

وتارەکانی نوسەر