جیهان لەبەردەم چارەنووسێكی نادیاردا

10:01 - 2022-09-20
بەكر فەتاح
316 خوێندراوەتەوە

پێدەچێت ماراسۆنی پاشەكشە دەستیپێكردبێت، ئەگەرچی چارەسەری دیموكراسی دەرمانی هەموو دەردەكان نییە، بەڵام تائێستاش لە هەموو چارەسەرەكان باشترە.
كلاوزڤیتز، گەورە بیرمەند و ستراتیجیستی سەربازیی ئەڵمانی لە سەدەی رابردوودا، دەڵێت: جەنگ درێژەپێدانی سیاسەتە بە ئامرازی تر. بە مانا ئەگەر كێشەكان لە رێی سیاسی و دیپلۆماسییەوە چارەسەر نەكرا، پەنا دەبرێتە بەر هێزی سەربازی بۆ چارەسەركردنی، ئەگەر ئەم گریمانەیە دروست بووبێ بۆ سەردەمی پێش دروستكردنی چەكی ئەتۆمی، بە دڵنیاییەوە بۆ سەردەمی دوای چەكی ئەتۆمی پەنابردن بۆ ئامرازی جەنگ چارەسەر نابێت، چونكە دەبێتە هۆی وێرانكردنی ژیان لەم سەرزەمینە.
بڵاوبوونەوەی چەكی ئەتۆمی سەرچاوەی گرفتەكانە، سەرچاوەی پاشەكشێی جووڵانەوەی دیموكراسییە لە جیهاندا. سەرهەڵدانی جووڵانەوەی پۆپۆلیستی لە وڵاتانی جیهان دەبەستنەوە بە شەپۆلی ئاوارەبوون، بەڵام لە بنچینەدا بەهۆی پاشەكشەی چارەسەری دیموكراسییە بە پشتیوانیی وڵاتانی ئۆتۆكراتی خاوەن چەكی ئەتۆمی.
لە كۆتاییەكانی نەوەدەكاندا، 72 وڵات خەریكی پەرەپێدانی سیستمی دیموكراسی بوون و تەنیا سێ وڵات بەرەو دەسەڵاتخوازیی زیاتر، سیستمی ئۆتۆكراتی بوون، بەپێی داتاكانی ڤی دیم كە پەیمانگەیەكی سویدییە و چاودێریی دیموكراسی دەكات.  ساڵی رابردوو تەنیا 15 وڵات زیاتر لە هەوڵی پەرەپێدانی سیستمی دیموكراسیدا بوون، لە كاتێكدا 33 وڵات بەرەو پاوانخوازی خلیسكان.
ئەم داتایانە ئاماژەی مەترسیدارن کە جیهان بەرەو چارەنووسێكی نادیار هەنگاو دەنێت.

وتارەکانی نوسەر