نا، دەمانەوێ کۆتایی بەجەنگ بهێنین

05:23 - 2023-03-24
بەكر فەتاح
217 خوێندراوەتەوە

عیراق فۆسا ئاردتینایەکی گەورەیە.

سەرەتای ساڵی 2003 بوو، مانگی سێ، ھەموو دونیا چاوەڕوانی جەنگیان دەکرد، رۆژانە لە رۆما دەیان ھەزار دەڕژانە سەرجادە دژی جەنگ، ئەو وەختە لە ئیتالیا نوێنەری یەکێتی بووم، بانگھێشتیان کردم بۆ بەرنامەی puerta puerta بە مانای دەرگا دەرگا، بە مانای ئاڕاستەی پێچەوانە لە تەلەفزیۆنی ئیتالی Raiuno، کە تەماشاکەرانی زیاتر لە چوار ملیۆن کەس بوو، کاتێ چوومە سەر ستەیج برونۆ ڤێسپا، پێشکەشکاری بەرنامە رێنمایی کردم بۆ سەر کورسییەکەم، سەیرم کرد بەرامبەرم سەرکردە چەپەکانی ئیتالیا و نوێنەری ڤاتیکانن کە دژی جەنگن و لە ریزەکەی منیش سەرکردە ئیتالییە راستەکان کە لەگەڵ جەنگن، ئەو شەوە دیار بوو من لە ریزی ئینتەرناشنەڵ سۆسیالیست نەبووم. برونۆ ھاتە پێشەوە لێم و پرسیاری لێکردم و وتی، ئێوەی کورد بۆ لەگەڵ جەنگدان؟ وتم، نا تۆ بەھەڵە تێگەشتووی کورد لەگەڵ جەنگدا نییە، کورد ھەمیشە قوربانی جەنگە، ئێوە وا دازانن بەیانی جەنگ دەسپێدەکات، ببوورە ئێوە سەھون جەنگ چل ساڵە لە عیراق بەردەوامە، ئێمە دەمانەوێ بیوەستێنین، دەزانی لە کوردستان و لە عیراق بە ھەزاران شار و دێ خاپوور کراون؟ دەزانیت لە ئۆپەراسیۆنی ئەنفالدا سەدان شار و گوند بە چەکی کیمیایی هێرشکراوەتە سەریان؟ دەزانیت تەنھا لەو ئۆپەراسیۆنە 182 هەزار کەس بێسەر و شوێن کراون؟ دەزانیت بە سەدان مزگەوت و کەنیسە خاپوور کروان؟ دەزانیت ھەموو ھۆڕەکانی باشووری عیراق وشک کروان؟ تۆ دەزانیت ئێستا عیراق گۆڕستانێکی گەورەیە وەک گۆڕستانی فۆسا ئاردتینا؟
گۆڕستانی فۆسا ئاردتینا، گۆرستانێکە کە لە ساڵی 1942 پارتیزانێکی ئیتالی دژ بە نازییەکان و فاشییەکان، نارنجۆکێک فرێ دەداتە زیلێکی لەشکری نازی ئەڵمانییەوە و 36 سەرباز دەکوژێت، فەرماندەی نازییەکان دەچێتە زیندان و 369 زیندانی لە ئەندامانی رێکخراوە چەپەکان و پارتە مەسیحییەکان لە ھەڤاڵەکانی ئەوانەی بەرامبەرم بوون، گوللە باران دەکات.
ئێستا لە رۆما لە ھۆڵێکی گەورە گۆڕستانیان بۆ دروست کردوون بە ناوی فۆسا ئاردتینا.
کە ئەمەم وت برۆنۆ شۆک بوو، چوار جار دووپاتی کردەوە، عیراق گۆڕستانێکی گەورەیە ناوی فۆسا ئاردتینایە.

وتارەکانی نوسەر