ھەڵەبجە زامێکی قووڵ، ناسنامەی گەلێکی قوربانی جوگرافیاو مێژوو

09:51 - 2022-03-17
بەكر فەتاح
332 خوێندراوەتەوە

کە ھەڵەبجە بە گاز خنکێنرا، لە نەخۆشخانەی تەبرێز خەریکی چارەسەری برینی دەستم بووم کە پێشتر بریندار ببووم. ئای کە ھەواڵێکی ناخ ھەژێنەر بوو نەک بۆ ئێمەی کورد بەڵکو بۆ سەرانسەری جیھان، ئەگەر راپەرین سەرەتای مێژوویەکی نوێ بووبێت بۆ ئەم میلەتە خێر نەدیوە(ئەزانم بەشێکی زۆر لە میلەتەکەمان بە ھۆی بێدەرەتانی و بێ موچەییەوە پەشیمانن لە راپەرین، بەڵام ئەوە بە ھۆی سەختی ژیان و گوزەرانیان نییە، ئەوە ئەنجامی ناعەدالەتی و گەندەڵییە ئەگەنا دوای راپەرین چەندین ساڵ بەرگەی بێ مووچەیی و ئابڵوقەی ئابوورییان گرت، خەڵک بەرگەی برسێتی دەگرێ بەڵام بەرگەی نا عەدالەتی ناگرێ.) بە دڵنیاییەوە کارەساتی ھەڵەبجە فاکتەری سەرەکی گۆڕانە یەک لەدوای یەکەکانە کە لە عیراقدا روویاندا. تەنھا ھەڵەبجە قوربانی گازی کیمیایی نەبوو، پێش ھەڵەبجە، گۆپتەپە و شێخ وەسانان و ..ھتد، بە بێ دەنگی خنکێدران، ئەگەر میدیای کۆماری ئیسلامی ئێران نەبوایە، ھەڵەبجەش دەبوو بە بەشێکی تر لە جینۆسایدی لە بیرکراوی کورد.
ئاخر دوای ھەڵەبجە شاندێکی کۆنگرێسی ئەمریکا سەردانی عیراقی کرد، لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ تاریق عەزیز، سەنەتۆر ماکین لە تاریق عەزیز دەپرسێ ئێوە چۆن سەرچڵی ئەوەتان کرد گاز لە دژی ھاووڵاتی خۆتان بە کار بھێنن، لە وەڵامدا تاریق عەزیز وتویەتی ئەگەر بۆمبی ئەتۆمیشمان ھەبوایە بەکارمان دەھێنا!!! ئەمە مەترسی و دڕندەیی ئەو رژێمەی ئاشکرا کرد، ئەمە بووە هۆی ئەوەی دەبێ سنوورێک بۆ مەترسی ئەو رژێمە لە سەر ئاستی نێونەتەوەیی دابنرێت.
ئەگەر ئەمڕۆ شەڕی ئۆکرانیا و کۆرۆنا ڤایروسی تیرۆر خەریک بێت سیستەمی حکومرانی جیھان بگۆڕێت، ئەگەر دوێنی تیرۆریستانی داعش ویستبێتیان نەخشەی جیھان بگۆڕن، بە دڵنیاییەوە پێری ھەڵەبجە فاکتەری گەورەی گۆڕانکارییەکانی سەدەی رابردوو بوو. خۆشەویستان بەیاد ھێنانەوەی ئەو کارەساتە مانای وەفاداریمان بۆ شەھیدانمان مانای بەڵێندانە بۆ تێکۆشان لەپێناوی دووبارەنەبوونەوەی نەک لە کوردستان بەڵکو لە سەرانسەری جیھان.

وتارەکانی نوسەر