لە یادی ئەنفالی فەیلییەکاندا

12:22 - 2024-04-06
بەكر فەتاح
113 خوێندراوەتەوە

باڵیۆز بەکر فەتاح
تایبەت بە دیجیتاڵ میدیای کوردستانی نوێ



ئەنفالی فەیلییەکان هەشت ساڵ پێش ئەنفالی میللەتەکەمان بە گشتی ئەوەی ساڵی 1988 بە هەشت قۆناغ ئەنجام دراو بووە هۆی خاپورکردنی 4500 شارۆچکە و گوند لە قەزاو ناحییە و بێ سەروشوێنکردنی زیاتر لە 182 هەزار هاووڵاتی. کاربەدەستانی ئەوسای عیراق دانیان بە بێسەروشوێنکردنی لانی کەم سەد هەزار دا نا، وەک چۆن لە سۆراخی قوربانیانی ئەنفالدا وەفدی کوردی لە ساڵی 1991 لە گفتوگۆی ئەو کاتەی کورد و رژێم، داوای چارەنووسی ئەو سەد و هەشتا هەزار بێسەروشوێن کراوانەی کردبوو ، عەلی حەسەن مەجید ناسراو بە عەلی کیمیاوی وتی ئێوە زیادەڕۆیی تێدا دەکەن، لە سەد هەزار زیاتر نەبوو!
هەڵبەت پێش هەشت ساڵ، یانی مانگی چواری 1980 قەڵاچۆکردنی ئەنفالەکان ئەنجام درا بوو، مانگی 4ی ساڵی 1990، ئەو وەختە نوێنەری یەکێتی بووم لە تاران، لەگەڵ جەنابی مام سەردانی وەزارەتی دەرەوەمان کرد، وەک هەمیشە کاتێک مام سەردانی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانی دەکرد جگە لە وەزیری دەرەوە کارشناسانی وەزارەتی دەرەوە بانگهێشت دەکران، لەو کۆبوونەوەیەدا جگە لە دکتۆر ویلایەتی چەند کارشناسێک ئامادە بوون، مام بە درێژی باسی بارودۆخی عیراق و کوردستانی بۆ کردن، پاشان هاتە سەر کێشەی فەیلییەکان، مام ئاماژەی بەوە کرد کە فەیلییەکان لە عیراق چوار جۆر زوڵمیان لە سەرە، یەکەم
لە بەرئەوەی کوردن دووەم چونکە شیعە مەزهەبن، سێهەم رژێمی عیراق  بە رەچەڵەک ئێرانییان لە قەڵەم دەدا. چوارەم قشری دەوڵەمەندی فراوانی بازاڕی شۆریجەی بەغدا فەیلین تا دەست بەسەر سەرمایەکانیاندا بگرێت، دیار بوو یەکێک لە کارشناسە بەشداربووەکان فەیلی بوو، وتیان جەنابی مام جلال ئاغای ساعی فەیلییە، لە تەنیشت مامەوە پێموت مامە، ساعی دەست نەکات بەگریان؟ مام دەستی کرد بە پێکەنین وتی بەکر وا دەڵێت، هەڵبەت ماجرای کابرای زوڵملێکراوی بۆ گێڕانەوە، کە شەرحی حاڵی خۆی بۆ عەریزەنووس کردبوو، دوایی عەریزەنووس پێی دەڵێت بۆت بخوێنمەوە چیم بۆ نووسیویت؟ کابرا دەڵی بەڵێ، کاتێ عەریزەنووس عەریزەی بۆ  دەخوێنێتەوە، کابرا دەست دەکات بەگریان و دەڵێت وەڵام نەمزانیبوو ئەوەندە زوڵمیان لێکردووم.. پێ ئەچوو ئاغای ساعیش نەیزانیبێت ئەوەندە زوڵمیان لێکراوە.

وتارەکانی نوسەر