لە پەنجەرەی پەروەردەوە

پەروەردەی جێگری نەک رێگری!

10:03 - 2022-09-20
مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان
477 خوێندراوەتەوە

رەفتاری مرۆڤ بە کۆمەڵێک کردار و رەفتار و چالاکی پێناسە دەکرێت کە تاک لە قۆناغەکانی ژیانیدا دەیکات، بە ئامانجی گونجاندن لەگەڵ پێداویستییەکانی ژیان و دەوروبەری و کارکردن بۆ تێرکردنی پێداویستی و ئارەزووە جۆراوجۆرەکانی، رەفتاری مرۆڤ جێگیر نییە، رەنگە بەپێی گۆڕانکارییەکانی ئەو ژینگەیەی تێیدا دەژی بگۆڕێت، بزوێنەری سەرەکی رەفتاری مرۆڤ کۆمەڵێک پاڵنەرە هۆکارن بۆ مانەوەی تاک، پێویستە پێداویستییە سەرەتاییەکانی تاک دابین بکرێت، کاتێک تاک ئەم پێداویستیانە تێر نەکات، لەوانەیە نەتوانێت هیچ چالاکیەکی تر بکات، ئەگەر ئەم پێداویستیانە هەبێت تاک دەتوانێت هاوسەنگی و فۆکۆسی خۆی بگەڕێنێتەوە.
پەروەردە بەپێی یەک لەدوای یەک هاتنەکانی گۆڕانکارییەکان و رووداوە کاتیی و جیاوازی ناوەندەتیاژیاوەکان دەگۆڕێت، ئەوەی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا لەڕووی پەروەردەییەوە قبوڵکراوە، رەنگە لە کۆمەڵگەکانی دیکەدا رەتبکرێتەوە، ئەوەی دوێنێ لەسەری رێککەوتن بووە ئەمڕۆ رەخنەی لێدەگیرێت و بێگومان پێچەوانەکەشی راستە، پەروەردە بۆئەوەی کاریگەر بێت دەبێت هاوسەنگ بێت لەگەڵ واقیعی کۆمەڵگە و داهێنان و هاتنەکایەوەکانی سەردەم، لەگەڵ ئەو ئاڵۆزییانەی لە هەموو لایەنەکانی ژیاندا روویانداوە و ئەو تێکەڵبوونەی زاڵە بەسەر بەشە گشتییەکانی ژیانماندا، واقیع و پێویستی جگە لەوانەی کاڵ بوونەتەوە و بوون بە رابردوو، پەروەردەیەکی نوێی سەپاندووە لەگەڵ ئەو سەردەمی ئێمەدا دەگونجێت کە ئێستا تێیدا دەژین، ئێمە دەتوانین چی بکەین لەگەڵ ئەم دونیا نوێیەدا؟ چیبکەین لەگەڵ ئەم لێشاوی زانستییەدا کە خەریکە بۆ چرکەیەکیش نەتوانین دەستبەرداری بین و بگرە زۆربەی هەلومەرج و ئیشوکار و راییکردنی گوزەرانمانی لەسەربەندە؟ ئایا بەڕێگریکردنیان دەتوانین کۆنتڕۆڵی رەفتاری تاک بکەینەوە و بەسەلامەتی دانیشین؟ هیچ لۆژیکێک لەگەڵ ئەوە کۆک نییە رەفتاری مرۆڤ بەهۆی رێگری لێکردنەوە بگۆڕدرێت، یاخود بەهۆی رێگری لێکردنەوە بتوانرێت ئەو واقیعە تیاژیاوەی هەیە بە جۆرێکی تر ژیانی تێدا بکرێت، رێگری لێکردن یاخود قەدەغەکردن بەشێوەیەکی رووکەشانە ئەگەر بشتوانێت رووخسارەکانی رەفتار لەبەرچاو بوەستێنێت، بەڵام هەرگیز ئەوە ناگەیەنێت لە ناخەوە قەناعەتی تاکەکان بگۆڕێت، ئەگەر لەبری هەر پێداویستییەک جێگرەوە بۆ ئەو پێداویستییە رێلێگیراوە دانەنرابێت، جێگرەوەی تەکنەلۆژیاش هەر بەتەکنەلۆژیای تردەبێت، نەک بە ڕێگریکردن لە داهێنراوێک کە دەکرێت سەرچاوەیەکی گرنگی پڕ مەعریفە بێت قەدەغەبکرێت، بۆیە ئەو راو سەرنجانەی لێرەو لەوێ دەخرێنەڕوو بۆ داخستن و نەهێشتنی تۆڕەکانی ئینتەرنێت، یاخود قەدەغەکردنی ماڵپەڕ و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، راوسەرنجێکی پەروەردەیی نین بە هێندەی ئەوەی سەرنجێکی کەسیی و تێنەگەیشتنە لە مەودای گرنگی ئەو دەستکەوتانەی زانست بۆ مرۆڤی دەستەبەرکردووە، چونکە بەتایبەتی ئێستا مرۆڤ بە شێوەی بیستوچوار سەعاتی لە کاردایە و جیهان بە هەموو گۆی زەویەوە پێکەوە بەستووەتەوە و ئەوەی لای هەندێک رەنگە شەوبێت و کاتی پشووبێت، لای کەسێکی تر گەرمەی کارو جووڵەی سەر تۆڕی ئینتەرنێتی بێت و لەوێوە سەرچاوەی ژیان و پێشکەوتنەکانی دابین بکات، کەواتە لە دونیا بینی نوێدا ریکخستنی رەفتار و رەوشتی مرۆڤ بابەتێکی تایبەتە و لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت، دەبێت پەروەردەی تاک کار لەسەر جێگرەوەکان بکات نەک ڕێگرییەکان. 

*سەرپەرشتیاری پەروەردەیی 

وتارەکانی نوسەر