سەلماندنی هەڵوێستە!

11:45 - 2022-09-22
کەنار قاسم
450 خوێندراوەتەوە

چەند دیمەنێک ئێمە بەبینینیان راهاتووین لە سۆشیاڵ میدیاکان، بۆنە و رووداوەکان: لە کۆبوونەوەی خزم و هاوڕێیانەوە تا سیمینار و کۆنفرانس، ئاهەنگ و رۆژی لەدایکبوون تا کۆبوونەوە و چالاکییەکانی کارکردن، هەروەها لە کردنەوەی پڕۆژەکانەوە (راستەقینە یان ساختە)،  کاتی هەڵبژاردن، تەنانەت لە کاتە پشووەکانیشدا و هتد.....
ئەمەی دەیبینین سناپ شۆتەsnap shot  واتە (وێنەیەک  بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی و خێرا دەگیرێت)، هەر کە چالاکییەکە (یان ناچالاکییەکە!) دەستی پێکرد، سناپ شۆتەکە «وێنەکە» گرنگترین و بەهاکەی زیاتر دەبێت لە خودی چالاکیەکە و هەدەفەکەی!
یەکێکیان کاری رۆژانەی خۆی  دەکات و  راهاتووە  ئەو ساتەوەختە تۆمار بکات  وەک دەستکەوتێکی بێ وێنە و بۆ خەڵک پەخشی دەکات، یەکێکی تر بەخەبەر دێت هەست بە بۆشایی و تەنیایی دەکات، بۆیە مۆبایلەکەی دەگرێت و  بە وێنە سڵاو لە هاوڕێکانی دەکات، یەکێکیان بە مۆبایلەکەیەوە دەچێت بۆ دەنگدان کاتی هەڵبژاردنەکان  بە چەکەکەیەوە کە مۆبایلەکەیەتی، هەر کە دەنگ دەدات، پێش ئەوەی رەنگی مەرەکەبەکە وشک بێتەوە، وێنەیەکی خۆی دەگرێت لە ناوەوە یان لەبەردەم لیژنەکەدا، دواتر وێنەکە لە تۆڕێکی کۆمەڵایەتیدا دادەنێت بە لۆگۆ و دروشمێکی رازاوە کە لەسەر زمانە بە پێی سروشتی قۆناغەکە!
 زۆر هەوڵمدا بۆ دۆزینەوەی  روونکردنەوەیەکی لۆژیکی و قبووڵکراو بۆ ئەم سناپ شۆتە دووبارانە، بەڵام سەرکەوتوو نەبووم، هەرچەند خۆشم بە دەر نیم و بەکارهێنەری سۆشیال  میدیاکانم، بەڵام بەو شێوەیە نا ژیانی تایبەتیم و وردەکاری کار و شوێن و رۆژەکانی ژیانم بخەمە ناو شاشەی  مۆبایل و کۆمپیوتەرەکانەوە. 
یەکێک بە شانازییەوە و بە غرورێکی بێ سوود  وتی «سەلماندنی هەڵوێستە!»، وتم: بۆ کێ؟ ئەگەر سەلماندنی هەڵوێستە بۆ خۆت، ئەوا بیرکردنەوەت و کارەکەت بەسە، پێش ئەوەش متمانە بەخۆبوونت، و ئەگەر هەڵوێستێک بۆ کەسانی تر بسەلمێنیت، ئەمە پەیوەستە بە دیاریکردنی ئەوەی کە ئەوان کێن.! ئەگەر هاوڕێ بوون باش دەتناسن و پێویست بەوە نییە هەڵوێستی خۆتیان بۆ بسەلمێنێت و یان جووڵەیەک بکەیت و دووبارەی بکەنەوە.
ئەگەر هاوڕێش نەبن یان لەگەڵ تۆدا ناکۆک بن ئەوا وێنەکەت یارمەتیدەر نابێت، بەڵکو دەبێت دیالۆگێکی لۆژیکی و جدیت لەگەڵیاندا هەبێت.

وتارەکانی نوسەر