هه‌وڵه‌كان به‌رده‌وامن بۆ چاره‌سه‌ری بنبه‌ستی سیاسیی عیراق، له لایه‌ن سه‌رجه‌م هێزه سیاسییه‌كانی وڵات، به تایبه‌ت كه ئه‌و دۆخه سیاسییه كاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر شه‌قام و بژێوی خه‌ڵكیش جێهێشتووه، به‌هۆی دواكه‌وتنی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ و هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ری دروستبوونی شه‌ڕی شیعه شیعه، دوا موباده‌ره‌ش پێكهێنانی وه‌فدێكی كورد و سوننه و شیعه‌یه، بۆ سه‌ردانی سه‌در له‌شاری نه‌جه‌ف، كه سه‌ركه‌وتن و شكستی جاری دیار نییه.
كۆبوونه‌وه‌ی ماڵی كورد
ماڵی كورد وه‌ك یه‌كێك له ماڵه سه‌ره‌كییه‌كانی نێو عیراق كاریگه‌ری گه‌وره‌ی هه‌بووه، له‌سه‌ر پرۆسه‌ی سیاسیی، له پێكهێنانی سه‌رجه‌م حكومه‌ت و ئیداره‌كانی عیراق له دوای 2003، ئه‌وه‌ی له ئێستاشدا و له دوای هه‌ڵبژاردنه په‌رله‌مانییه‌كه‌ی مانگی 10ی ساڵی پاره‌وه، رووده‌دات، گرنگی رۆڵی میحوه‌ری كورد نیشان ده‌دات. به‌تایبه‌ت كه هه‌ردوو هێزی سه‌ره‌كی ناو ماڵه‌كه كه یه‌كێتی نیشتمانی و پارتی دیموكراتی كوردستانن، نزیكن له هه‌ردوو به‌ره‌ی شیعه چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی و ره‌وتی سه‌در، كه ئه‌وه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر ماڵی شیعه هه‌بووه، به‌ڵانسی هێزیشی له‌ناو ئه‌و ماڵه و كۆی پرۆسه‌ی سیاسیی راگرتووه، به‌وه‌ی هیچ لایه‌نێك نه‌توانێـت به ته‌نها ده‌ست به‌سه‌ر كۆی ده‌سه‌ڵاته‌كانی وڵات‌دا بگرێت.
له ناوخۆشدا، هه‌رچه‌ند ماڵی كورد ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێت له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار رێ نه‌كه‌وتووه، ئه‌مه چ جای چه‌ند مه‌سه‌له‌یه‌كی ناوخۆیی تر، به‌ڵام دانیشتن و دانوستانی به‌رده‌وامی نێوان ئه‌م دوو هێزه، هێوری له‌ناو هه‌رێمی كوردستان و ماڵی كورد دروست كردووه، چاوه‌ڕوانیش ده‌كرێت دواجار رێكه‌وتنێك له‌نێوان هه‌ردوولا بێته ئارا له‌سه‌ر پۆستی سه‌رۆك كۆمار و هه‌روه‌ها مه‌سه‌له ناكۆكه‌كانی تری ناو ئه‌م ماڵه، به مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانیشه‌وه.
دوا دانیشتنی سه‌رۆك پاڤڵ تاڵه‌بانی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، زۆرێك مه‌سه‌له‌ی تێدا باس كرا، له‌هه‌مووشی گرنگتر پێداگیری هه‌ردوولا، له‌سه‌ر گرنگی چوون بۆ به‌غدا به‌وه‌فدێكی یه‌كگرتووی كوردی، ئه‌مه چ جای راگه‌یاندنیان به‌وه‌ی به‌رده‌وام ده‌بن له‌سه‌ر دانوستان و گفتوگۆ بۆ دیاری كردنی یه‌ك كاندید له‌ناو ماڵی كورد بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار، بۆ ئه‌وه‌ی له دانیشتنی داهاتووی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق كه چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی داوای دانیشتنی ده‌كات، ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت، بۆ ئه‌وه‌ی دواجار كار بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عیراق بكرێت به ره‌زامه‌ندی لایه‌نه كاریگه ر و به‌هێزه‌كانی وڵات.
دانیشتنه‌كانی دیالۆگی نیشتمانی
دانیشتنه‌كانی دیالۆگی نیشتمانی كه سه‌رجه‌م هێزه سیاسییه‌كانی وڵات به سوننه و شیعه‌وكورده‌وه به‌شداری تێیدا ده‌كه‌ن و تا ئێستاش دوو كۆبوونه‌وه‌ی كردووه، بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر ناكۆكی و كێشه سیاسییه‌كانی وڵات و هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌و كێشانه‌و بنبه‌ستی سیاسیی وڵات كه مانگی ده‌هه‌می دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی پاری تێپه‌ڕاندووه، رۆڵی باشی بووه له نزیكردنه‌وه‌ی بۆچوونی لایه‌نه سیاسییه‌كان.
پێكهێنانی وه‌فدێكی هاوبه‌شی كوردی شیعی سوننی، ئه‌و ده‌رفه‌ته‌یه له كۆبوونه‌وه‌كانی دیالۆگی نیشتمانی هاتۆته ئارا به‌مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێك بۆ قه‌یرانی سیاسیی ئێستای وڵات، ئه‌ویش به گه‌یاندنی پێشنیار و موباده‌ره‌یه‌كی نوێ به موقته‌دا سه‌در له حه‌نانه‌ی شاری نه‌جه‌ف، ئه‌گه‌ر پێشوازی سه‌در به‌رامبه‌ر به‌و موباده‌ره‌یه ئه‌رێنی بێت، ئه‌وا ره‌نگه پرۆسه‌ی سیاسیی ده‌رچه‌یه‌كی باش به‌خۆوه ببینێت، به‌تایبه‌ت كه به‌ده‌ر له لایه‌نه سیاسییه‌كانی تر، هه‌ردوو هاوپه‌یمانه‌كه‌ی سه‌دریش كه پارتی و سیاده‌ن به‌شدارن له‌و وه‌فده هاوبه‌شه‌و هه‌روه‌ها له‌و موباده‌ره‌یه.
هه‌ردوو به‌ره‌كه‌ی شیعه
كێشه‌ی سه‌ره‌كی ناو پرۆسه‌ی سیاسیی عیراق، ئه‌و ناكۆكیانه‌یه كه له‌نێوان سه‌درییه‌كان و هێزه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیدا هه‌یه، كه ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت، له زۆر رووه‌وه دوورن له‌یه‌ك، چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی سووره له‌سه‌ر كاندیده‌كه‌ی خۆی و هه‌روه‌ها به‌ستنی دانیشتنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بۆ ده‌نگدان هه‌م به سوودانی و هه‌میش به كاندیدی سه‌رۆك كۆمار، له‌و لاشه‌وه، ره‌وتی سه‌در ڤیتۆی له‌سه‌ر چه‌ند هێز و كه‌سایه‌تیه‌كی ناو چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی هه‌یه‌و ئاماده‌یه نییه به هیچ جۆرێك له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ له‌گه‌ڵیاندا دابنیشێت، به تایبه‌ت نوری مالیكی و قه‌یس خه‌زعه‌لی..
له‌به‌ر ئه‌م هۆكارانه‌ش كه باسمان كرد، گه‌یشتن به رێكه‌وتن له‌نێوان سه‌درییه‌كان و چوارچێوه‌ی هه‌مانگی قورسه، ئه‌گه‌ر بارودۆخه‌كه‌ش به‌و جۆره بڕوات، واتا هه‌ردوولا سووربن له‌سه‌ر روئیا وبۆچوون و هه‌ڵوێسته‌كانیان، ئه‌وا ره‌نگه به‌ره‌و قه‌یرانێكی تر بڕۆین.
سه‌دریی و تشرینییه‌كانیش كار بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن، روو بكه‌نه‌وه سه‌ر شه‌قام و ناره‌زایی و خۆپیشاندان بكه‌ن، بێگومان ئه‌وه‌ش توندوتیژی لێده‌كه‌وێته‌وه، به‌تایبه‌ت كه هێزه ئه‌منییه‌كانیش له‌هه‌موو به‌غدا رێ و شوێنیان گرتۆته به‌ر و ناوچه‌ی سه‌وز و ده‌روبه‌ری بینای ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانیشیان گرتووه.
له چاوه‌ڕوانی وڵامه‌كه‌ی سه‌در بۆ وه‌فدی سێینه‌ی دیالۆگی نیشتمانی و هه‌روه‌ها ده‌ره‌نجامه‌كانی دانیشتن و دانوستانه‌كانی ناو ماڵی كورد سه‌باره‌ت به پۆستی سه‌رۆك كۆماری عیراق، هه‌مووان چاوه‌ڕوانی چاره‌سه‌رێكن بۆ ئه‌و بنبه‌سته سیاسییه‌ی عیراق به‌خۆوه‌ی ده‌بینێت، كه وایكردووه پرۆسه‌ی سیاسیی به‌ره‌و ئیفلیجی بچێت و وڵات به‌ره‌و ئاینده‌یه‌كی نادیار بچێت.
ئەرشیف-دانیشتنێکی دیالۆگی نیشتمانی