تەكنۆلۆژیای سەربازی بەو ئاراستەیەدا هەنگاو دەنێت، رۆڵی سەرەكی و یەكلاكەرەوەی هەبێت لە جەنگ و ململانێكانی ئایندەدا، سەرەتای رۆڵی تەكنۆلۆژیاش لە چەند دەیەی رابردوودا دەركەوت و كاریگەریشی هەبوو لەدیاریكردنی لایەنی براوەی ئەو ململانێ و جەنگانەدا، بۆ نموونە لە جەنگی قەرەباخی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان و هەروەها شەڕی ئیسرائیل لەگەڵ حەماس و حزبوڵلای لوبنان، بەوەش پێشكەوتنی تەكنۆلۆژیا شەڕی تەقلیدی دەگۆڕێت و توانای مرۆیی لەناو سوپای وڵاتان كەمتر دەكاتەوە لە یەكلاكردنەوەی جەنگ و ململانێكاندا، (ئامۆرفۆس) كە لێرەدا باسی دەكەین، سیستمێكی پێشكەوتووی تەكنۆلۆژیای نوێی جەنگە، كە ئاراستە و كۆنترۆڵكەری سەدان و بگرە هەزاران درۆن و ئامێری جەنگیی دەكات، كە ئەوەش رۆڵی گەورەی دەبێت لە جەنگەكانی ئایندەدا.
گەشەی تەكنۆلۆژیای سەربازی
یەكێك لەو تەكنۆلۆژیا سەربازییانەی ئەم ساڵانەی دوایی رۆڵی هەبوو، لە جەنگ و شەڕەكاندا، فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان درۆن بوو، كە سەرەتا بۆ چاودێریی سەربازی و ئیستتلاع و كۆكردنەوەی زانیاری هەواڵگری لەسەرەتای سەدەی بیست داهێنرا، دواتر ئەم تەكنۆلۆژیایە گەشەی زیاتری كرد و لە جەنگی دووەمی جیهانیش بۆمب و مووشەكی لێبەسترا.
رۆڵی درۆن لە كۆكردنەوەی زانیاری هەواڵگری دوای جەنگی ڤێتنام و سەرەتای هەشتاكان دەركەوت كاتێك هێزی ئاسمانیی ئەمریكا و ئیسرائیل لە پرۆسە سەربازییەكانی خۆیاندا بەكاریان هێنا، بەڵام فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان پشت بە ژێرخانێكی مرۆیی و ماددی و سیستمێكی ئاراستەكردن و كۆنترۆڵكردن دەبەستێت، كە ئەوەش لە رێی گەشەی تەكنۆلۆژیاوە بەرەو گۆڕانكاریی گەورە دەچێت.
ئامۆرفۆس چییە؟
ئامۆرفۆس بۆ ئاراستەكردنی پۆلێك سیستمی بێ كەشتیوانە، لە نموونەی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان (درۆن) و كەشتی و بەلەمی بێ كەشتیوان، ئەم سیستمە كۆمپانیای L3Harrisی ئەمریكی دایهێناوە، سیستمەكە وا دەكات ئامێرە سەربازییە جیاجیاكان بە ئاسانی پێكەوە ببەسترێن و ئاراستە بكرێن.
ئامۆرفۆس، رێگە بە كۆنترۆڵكردنی ژمارەیەكی زۆر پۆلە سیستمی بێ كەشتیوان لە نموونەی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان دەدات، هەروەها دەتوانرێت بۆ سیستمی جۆراوجۆری تریش بەكاربهێنرێت، داهێنانی ئەم پرۆگرامە بۆ ئاسانكارییە لە ئیدارەدانی كاری هاوبەشی نێوان ئامێرە سەربازییە جیاجیاكان لەوانەی كەشتیوانیان نییە.
سیستمە نوێكە، كۆمپانیای ئێڵ تری هاریسی ئەمریكی سەرەتای ئەمساڵ بەرهەمی هێنا، بەرپرسانی كۆمپانیاكەش دەڵێن، سیستمی ئامۆرفۆس لەسەر بنەمای ئەوە بەرهەمهێنراوە، درۆنەكان پێكەوە كۆنترۆڵ بكرێن و پێكەوە بە هاوبەشی كار بكەن بەكەمترین دەستوەردانی مرۆڤ.
بەرپرسانی كۆمپانیاكە دەڵێن، دەبێت درۆنەكان هەموو لایەنەكانی ئەركی پێسپێردراو بزانن، بە كەمترین رێنمایی و فەرمانی كەسی كارپێكەر، واتا ئەو كەسەی ئاراستەیان دەكات كەمترین رێنمایی و فەرمانیان پێبكات، ئەمە چ جای ئەوەی كەسی كارپێكەر توانای چاودێریی پۆلە درۆنەكانی هەبێت و ئەركەكانی هەر یەكێك لە یەكەكانی ئەو پۆلە درۆنەش بەجیا و بە خێرایی بگۆڕێت.
جەنگەكانی ئایندە
سەبارەت بە رۆڵی تەكنۆلۆژیای سەربازی لە جەنگەكانی ئایندەدا، نووسەر داڤیدی بارتۆچینی لە راپۆرتێكیدا كە لە سایتی «ئینساید ئۆڤەر»ی ئیتالی بڵاویكردۆتەوە دەڵێت: جەنگەكانی ئایندە لە پێنج بواردا خۆی دەبینێتەوە، ئاسمانی و زەمینی و دەریایی و بۆشایی ئاسمان و سیبرانی، جەنگیش لەهەموو ئەو لایانەدا لە رێگەی فەرمانی ئەلكترۆنی و لە رێگەی تەكنۆلۆژیای نوێوە دەبێت.
هەوڵەكانیش ئێستا لەو رووەوە بۆ ئەوەیە، كۆنترۆڵی تەواوی سوپای پێكهاتوو لە درۆن یان كەشتی و بەلەمی بێ كەشتیوان بكرێت، ئەمە چ جای ئەوەی بتوانرێت فەرمانیان پێ بكرێت پێكەوەو بەشێوەیەكی هاوبەش هێرش ئەنجام بدەن.
بەوتەی ئەم نووسەرە، ئەمریكا هەرچەندە دواكەوتووە لە كێبڕكێی خۆپڕچەككردن لە هەندێك بواردا، بەڵام پێشكەوتنێكی گەورەی بەدەستهێناوە لە سیستمەكانی كۆنترۆڵكردنی پۆلە درۆن.
ئەم تەكنۆلۆژیایە دواجار دەتوانێت پرۆسەی سەربازی ئەنجام بدات، لە رێگەی تیمی بچوكەوە كە ئیدارەو كۆنترۆڵی سەدان و بەڵكو هەزاران درۆن بكەن پێكەوە و بە باشترین شێوە، تەكنۆلۆژیا نوێكەش بۆ درۆنی نەوەی یەكەم (كە شێوازی پرۆسە سەربازییەكانی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕی) و بەلەمی بێ كەشتیوان (وەكو ئەوەی یەكەكانی كۆماندۆزی ئۆكرانیا بەشێوەیەكی بەرفراوان لە دەریای رەش كاریان پێكرد) یان (تانكی بچوكی رۆبۆتی كە كریملین لە جەنگی ئۆكرانیا سوودی لێ بینی) بەكاربهێنرێت.
بەرپرسانی كۆمپانیای «ئێڵ تری هاوس»ی داهێنەری پرۆگرامی ئامۆرفۆس، روونیان كردۆتەوە كە لەئایندەیەكی نزیكدا، رەنگە تیمی تایبەت یان تەنها یەك كەس، كۆنترۆڵی دەیان ئامێری ئاراستەكراو بكات لە جۆری جیاجیای لە (وشكانی، دەریا، ئاسمان)، بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی سەربازیی ئاڵۆز، كۆمپانیاكە جەختی لەسەر ئەوەش كردۆتەوە، بە پراکتیکی چەند تاقیكردنەوەیەكی لەسەر ئەو پرۆگرامە كردووە.
داڤیدی بارتۆچینی دووپاتیشی كردۆتەوە، كە لە جەنگەكانی ئایندەدا رەنگە سوپای تەواو لە درۆن و ئامێری ئاراستەكراو لە گۆڕەپانێكی جەنگ رووبەڕووی یەكتر ببنەوە، لە سنوورەكانی ئەوروپاوە تا جەمسەری باكوور و لە بیابانەوە تا قووڵایی زەریاكان.
لە فەرمانی مرۆڤ دەرناچن
لەگەڵ ئەوەی پەنابردن بۆ تەكنۆلۆژیا و هەروەها رۆبۆت و زیرەكیی دەستكرد، مەترسیی لای مرۆڤەكان دروستكردووە، لەئەگەری یاخیبوون یان دەرچوونی ئەو تەكنۆلۆژیایە لە فەرمانی مرۆڤ، بەڵام داهێنەرانی سیستمی «ئامۆرفۆس» دەڵێن، ئەو بەرنامەیەی لە سیستمەكەدا كاری پێدەكرێت، گۆڕانكارییەكی بنەڕەتی لە ئاستی كۆنترۆڵكردندا كردووە، بەراورد بە پێشوو و بەكارهێنانی درۆن لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، پێشتر كارپێكەران بە چەندین سەعات دادەنیشتن بۆ چاودێریكردنی پەخشی راستەخۆی درۆنەكان، سیستمەكانی ئایندە «توانای راگرتنی پرۆسە سەربازییەكانیان هەیە بە خێرایی ئەگەر لەگەڵ پلانی سەركردە سەربازییەكاندا نەگونجێت»، لەگەڵ ئەوەشدا بڕیاری كۆتایی لای مرۆڤەكانە نەك رۆبۆتەكان لەم سیستمە نوێیەدا، ئەمەش دڵنەوایی دەدات بەو كەسانەی ترسییان لە یاخیبوونی رۆبۆت و ئامێرە تەكنۆلۆژیاییەكانە.
یەكلاییكردنەوەی جەنگەكانی ئایندە
گەشە و پێشكەوتن لە بواری تەكنۆلۆژیای سەربازی و داهێنان و دروستكردنی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان و داهێنانی سیستم و بەرنامەی نوێی ئاراستەكردن و زیرەكیی دەستكرد، كاریگەریی لەسەر جەنگەكانی ئایندە دەبێت، ئەم تەكنۆلۆژیایە كارپێكەرانی بەدووردەگرێت لە گۆڕەپانی جەنگ، بەڵام واشدەكات بڕیاری كوشتن یان رزگاركردن بەدەستی ئەوان بێت، لەگەڵ ئەوەشدا پێشكەوتنی تەكنۆلۆژیای سەربازی وادەكات، كۆنترۆڵی گۆڕەپانی جەنگ بكرێت لە رێگەی سیستمی زیرەك و تەكنۆلۆژیاوە، بەوەش بنەماكانی پێشتری جەنگ و ململانێكان دەگۆڕێت.
کاریگەریی پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیای سەربازی لەسەر جەنگەکانی ئاییندە