یەکبێژ

پیلانی دوژمن و رێکەوتنی ئێمە

12:00 - 2022-09-22
هیوا محەمەد
371 خوێندراوەتەوە

نەیار، دوژمن، نادۆستەکانمان ئێمەیان وەک کورد تا ئەوکاتە قبووڵە کە یەکهەڵوێست و یەک وتار نەبین، ئەمە هەمووی خەتای خۆمان نییە کە بە سەدان قۆناغی رێکەوتندا تێپەڕیوین و لە تەمەنێکی کورتدا نەک هەر تێکیان داوەتەوە بەڵکو خوێنرشتنی لێکەوتۆتەوە.
وڵاتانی داگیرکەر و ئیستیعمار، بۆ هێنانەدی ئامانجەکانی خۆیان بە درێژایی مێژوو دەستیان لە سەرکوتکردنی ئێمەدا هەبووە لە رێگەی دەستێکی خۆیانەوە کە لە پشتی وەستاون.
هۆکاری ئەمەش بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ فرەلایەنی پەیوەندییە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و سەربازییەکانی ئێمە لەگەڵ ئەو هێزە دەرەکییانە و هەژموونیان لەسەرمان، هەرکات لایەکمان لەگەڵ لایەکی ترمان ناکۆک بوو دەبینە دۆستی لایەنێکی دوژمن و نەیار، ئەوەشمان کە زەرەرمەند دەبین پەنادەبەین بۆ لایەنێک لەوەی ئەوان بەهێزتر، پەیوەندییە دەرەکییەکانمان هێندە فراوانە بەپێی قورسایی و سەنگی هەر لایەن و حزبێک دەگۆڕدرێت، تەنانەت لەسەر ئاستی کەسایەتییش پەیوەندی دەرەکیمان هەیە، لایەنی سیاسیمان هەیە لەدەرەوەی هەموو یاساو رێساکان لەگەڵ وڵاتێک پەیوەندییان هەیە و هاوکاریی مادی و مەعنەوی دەکرێن.
ئەوانەی پەیوەندی دەرەکییان لەگەڵمان هەیە، ئەوانەن کە خۆیان لە دژی بەرژەوەندییەکانی یەکتر دەجووڵێنەوە و ناشیانەوێت ئێمە دامەزراو و لەسەر پێی خۆ وەستاو بین، ئێمەش دەکەنە کارتی بەدیهاتنی خواستەکانیان و یەکلاکردنەوەی ململانێکانیان.
ئەگەر ئەمە راستی بێت و هەموان دانی پێدابنێین و درکی پێبکەین، ئەی چی بکەین باشە تا لەوە زیاتر لەیەکترمان دوور نەخەنەوە و پەرتمان نەکەن؟
سیاسەتی ئەگەر گوڵ نیت دڕکیش مەبە، باشترین چارەسەرە بۆ پەیوەندییەکانی حزبە کوردستانییەکان لەگەڵ یەکتر لەم هەرێمەدا، ئەمە وادەکات بە دژایەتی نەکردنی یەکتر، بڕێک لە پلانەکانی دوژمن و نەیاران جێبەجێنەکرێت. ئەوەندەی بتوانین لەبەرژەوەندی یەکتر هەنگاو بنێین ئەگەر بە ئاشکراش نەبێت.
هەموو ئەو لێدوانە ژێر بەژێر و لۆمەکردنانەی یەکتر لەناو بۆنە و کۆبوونەوە کۆمەڵایەتییەکاندا، لە هەیبەتی هەموان کەمدەکاتەوە، چونکە خەڵکی ناسیاسیی نایەوێت گوێی لە کەمکردنەوەی هەیبەتی یەکتر بێت، بەڵکو ئەو هەڵوێستی جوامێرانەی سیاسییەکانی دەوێت تا کۆمەڵگە بەرەو سەقامگیری و ئارامی و بەرزکردنەوەی ئاستی ژیانی ببات. 
دانوستان، بەو گفتوگۆیانە دەوترێت کە لە نێوانی دوو یان زیاتر لەلایەنەکان و کەسەکان دەکرێت سەبارەت بە کێشەیەک کە چارەسەری بکەن و تێیدا بگەنە ئەنجام، دەبێت لەوێدا لایەنەکان هەندێک شت لەدەست بدەن و هەندێکیش بەدەست بێنن، کەوابوو سوود و بەرژەوەندییەکان دابەش دەکەن و دەیگۆڕنەوە، پێویستە هەموان چاویان لەوە بێت تا بەدەست نەهێنن هیچ نابەخشن.
با لەدڵەوە، ژێربەژێر، لە روانگەی دڵسۆزی بۆ نیشتمان و خەڵکەوە، بە پلانی نهێنی پەیوەندییەکانمان رێکبخەین، مەرج نییە هەرچیمان کرد بیدەینە بڵندگۆی دەرەوە، ئەمە سوودی بۆ هەنگاوەکانی ئێستا و داهاتووش دەبێت.
دوژمن و نەیارانمان چاوێک دەکەن بە چوار، کاتێک کۆبوونەوەی دوو لایەن و زیاتر لەسەر کێشەیەک دەبەسترێت، خێرا پیلانگێڕی خۆیان دەخەنەگەڕ دوابەدوای راگەیاندنی کۆتایی کۆبوونەوە و رێکەوتنەکە.
پێویستمان بە گۆڕینی شێوازی کارکردنەکانمانە وەک حزبە کوردستانییەکان، با پلانەکانمان هەموویان ئاشکرا نەبن.

وتارەکانی نوسەر