پڕۆسەی سیاسی لە عیراقدا

10:19 - 2022-09-25
ئازاد جۆڵا
346 خوێندراوەتەوە

مەبەستی نەهێشتنی ئەو ناکۆکیانەی لە نێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و رەوتی سەدردا هەیە، وا بڕیارە بەم نزیکانە وەفدێکی باڵا سەردانی حەنانە بکات کە هەڵگری چەند پێشنیازێکی تازەن بە ئومێدی ئەوەی سەدر هەڵوێستی ئەرێنی بێ و نەرمی بنوێنێ لەپێناوی تێپەڕاندنی ئەم دۆخە چەقبەستووە.
 ماوەی رابردوو شەقامی عیراقی کەمێک ئارامی سیاسی بەخۆوە بینی بەهۆی سەرقاڵبوونی تەواوی شیعەکان بە چلەی ئیمام حسێنەوە، بەڵام هەر لەم ماوەیەدا چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاند، دوای چلەی ماتەمینی کۆبوونەوەی پەرلەمان دەبەستن و ئامەدەکاریی رێکاری دانیشتی پەرلەمان لە 26 تا 28  مانگ کراوە.
 بۆ ئەمەش واژۆی زیاتر لە 183 ئەندام پەرلەمانیان ئامادەیە کە داوای دانیشتی پەرلەمان دەکەن، لەلایەکی ترەوە کۆبوونەوە و گفتوگۆکانیان بۆ پێکهێنانی حکومەت لەگەڵ لایەنەکانی تری سوننە و کورد بەردەوامە و لەم بارەیەشەوە پێشکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە.
 چاودێران ئەم راگەیاندنەی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەت وەکو تاقیکردنەوەیەک دەبینن بۆ سەدرییەکان و بزانن کاردانەوەیان چی دەبێت، ئەم وەفدەی کە بڕیارە بچێتە حەنانە هەڵگری چەند پێشنیازێکی تازەیە بۆ داواکاری و مەرجەکانی ئێستا و رابردووی سەدر، کە هەڵوەشانەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختەیە، پێشبینی دەکرێت سەدر وەڵامی ئەرێنی هەبێت و نەرمی بنوێنێ، بەتایبەتی ئەگەر پەرلەمان خۆی هەڵوەشێنێتەوە و لەماوەیەکی دیاریکراودا هەڵبژاردنێکی پاک بکرێت، بۆ ئەم ماوەیەش چواچێوەی هەماهەنگی کاندیدەکەیان کە شەیاع سودانییە بگۆڕن بە کەسێک کە سەدر رازی بێت پێی، یان دووبارە بۆ ئەم ماوەیە هەر کازمی کاندید بکەنەوە و دەسەڵاتی تەواوی هەبێت، لەم بارەیەوە سوننەکان و کورد  هیچ تێبینیان لەسەر کاندید بۆ سەرۆک وەزیران دەرنەبڕیوە و گرفتیان نییە بەڵکو ئەم بابەتەیان بەتەواوی جێهێشتووە بۆ لایەنە شیعەکان خۆیان،  هەرچەندە تائێستاش کورد لە نێوان خۆیان لەسەر کاندیدێکی هاوبەش بۆ سەرۆک کۆمار رێنەکەوتوون.
سەدر و هاوپەیمانەکانی لە سەروەری و پارتی، لەم خولەدا بۆ پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە سەرکەوتوو نەبوون، بۆیە بۆ گەیشتن بەم ئامانجە سەدر پێویستی بە هەڵبژاردنێکی تازە دەبێت و پێداگری لەسەر دەکات، رەنگە لەداهاتووشدا جۆری هاوپەیمانێتییەکان گۆڕانکارییان بەسەردا بێت .

وتارەکانی نوسەر