پەشمەک

شیعر ونیشتمان

10:55 - 2022-09-25
ڤینۆس فایەق
765 خوێندراوەتەوە

69

لە دوایین کۆمەڵە شیعرت «رەهەندەکانی نامەودا» بە زمانی عەرەبی، بە پەرۆشەوە لەبارەی نیشتمانەوە دەنووسیت، مەبەستت کام نیشتمانە؟

 شاعیریش ویژدانی میللەتەکەیەتی، ئەم ویژدانەش کاریگەری لەسەر سۆز دادەنێت زیاتر لە فیکر. بەو فرەئینتیمایەی تۆوە چۆن لەمە دەڕوانیت؟ رۆژنامەی «آفاق معرفیة‌».
شاعیر خەون دەبینێت، خەون بەو شتانەوە کە بەدەست ناگیرێن، مەبەستم چەمکە مەعنەوییەکانە، دەلالەتەکانی ئەو ژیانەی ئەزموونی دەکات دەبنە هەوێنی دەقێک. نیشتمان لە شیعرەکانمدا نیشتمانێکە بەهەموو وردەکارییەکانییەوە کە لە یادگەی منداڵیما ماوەتەوە، کە بریتییە لە زەوی و خەڵکەکەی، رابردوو بە هەموو جوانی وناشیرینییەکانییەوە، ئەو پارچە جوگرافیایەی کە لێی لەدایک بووم و پێمگوتراوە ئەمە نیشتمانتە، ئەو زمانەی سەردەمانێک قەدەغە بوو پێی بنووسین، ئەو ئینتیما نەتەوەییەی سەدان خەباتگێڕ لەسەری لەسێدارەدران و هەزارانی لەزینداندا رزان. دواجار وێنەی ناوازەی ئەو نیشتمانەی ئێستا لە قووڵاییمدایە و هیواخواز بووم نیشتمانم بوایە. ئەو نیشتمانەی کە بریتییە لە سیستەمێکی دەسەڵاتداریی بەرپرس لەو ئادەمیزادانەی لەسەر خاکەکەی دەژین، و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆیان. شیعر خۆی لەهەموو ئەمانە دەدات، لە رێی کۆمەڵێ دەلالەتی لەمجۆرەوە لە توانایدایە وێنەی نیشتمانێک پیشان بدات بە جوانی و ناشیرینییەکانییەوە. جا کاتێک کە دەسەڵاتێک شکستدەهێنێ لەوەی بەها بە ئادەمیزادەکان بدات، شکستدەهێنێت چەمکی نیشتمانپەروەری بهێنێتەوە مایە، شکستدەهێنێ لەوەی هاووڵاتی لەگەڵ نیشتمانەکەیدا ئاشتبکاتەوە و بگرە بەهای دابەزێنێتە ناو قووڕەوە، وردە وردە وەکو توێکڵێکی بۆگەن ئەو نیشتمانە لە پشتی دادەماڵرێ، ئیتر چەمکی نیشتمان لای خەڵکی ئاسایی یەکسان دەبێت بە پارچەیەک نان کە ناتوانێت دابینی بکات، یەکسان دەبێت بە ژیانێکی شایستە بە ئادەمیزاد کە نییەتی، ئەم نیشتمانە لە ویژدانیدا دەکەوێتە قەیرانەوە و دەبێت لەبەریا بوەستین و بپرسین: ئێمە لەکوێی بیردانی نیشتمانێکداین کە ئامادەین خوێنی بۆ بڕێژین، ئەویش وەکو شەمەندەفەرێکی تیژڕەو بەلاماندا تێدەپەڕێت، بێ ئەوەی ئاوڕ لە ژیانمان بداتەوە لە وێستگەیەکدا جێماندەهێڵێت بچەقین. لێرەوە شاعیر یان هەموو بیرەوەرییەکانی لە توونێکی رەشدا دەسووتێنێ وپشتی تێدەکات و سەری خۆی هەڵدەگرێ، یان وێنەیەکی تر بۆ نیشتمان لە  مێشکیدا دروست دەکات. شاعیر دەکەوێتە ژێر کاریگەریی ورد و درشتی ئەوەی لە چواردەوری روودەدات، لە هەموو ئەمانەش بەشیعر گوزارشت دەکات، چونکە هیچ ئامرازێکی تر شک نابات. ئیتر چەمکی نیشتمان بۆ من لەم ساڵانەی دواییدا یەکسانبۆتەوە بە چەمکی خودا لە زۆر لە دەلالەتەکانیدا، لەو رووەوە کە بووەتە بیرۆکەیەک لە ناخماندا سەرهەڵدەدات بەو شێوەیەی باوەڕم پێیەتی نەک بەو شێوەیەی بەسەرمدا دەسەپێنرێ. 
شاعیر پێش هەموو شتێک ئاوێنەی خودی خۆی و هەڵچوون و هەستەکانیەتی، پاشان ویژدانی میللەکەیەتی، من شیعری میللی نانووسم، بەڵام لە ویژدانی خۆمەوە لە دەوروبەری خۆم ورد دەبمەوە و بە شیعر گوزارشتی لێدەکەم. شاعیر لە دەوروبەر دانابڕێت، بەشێکی زۆری شیعر بەرهەمی هەست و سۆزە. کاڵبوونەوەی چەمکی نیشتمان شاعیر لەنێوان ئینتیماکانی تردا پەرت دەکات، بەڵام ئاسۆیەکی فروانتری پێدەبەخشێت بۆ بینین و بیرکردنەوە و تێگەیشتن و تەعبیرکردن. من لەرێی فرەئینتیماییمەوە هەوڵ دەدەم زمانێکی باڵا داهێنم کە لایەق بە چەمکی ئینسانییەت بێت، ئەو ئادەمیزادەی لەهەر جێگەیەک بێت ئەو جێگەیە نیشتمانییەتی.


وتارەکانی نوسەر