لەناو رووداوەکاندا

هەڵزنان بە كێوی یەكێتیدا

10:34 - 2022-09-26
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
390 خوێندراوەتەوە

هەر مرۆڤێك بۆ جارێكیش لە نزیك كێوەكان هاواری كردبێت، چەندە قورسایی خستبێتەسەر قوڕگی، رەنگە تەنها بۆ چەندجارێك گوێی لە شەپۆلەكانی دەنگی خۆی بووبێت و بەس، ئیدی ئەو دەنگە لە قووڵایی كێوەكاندا بزر دەبێت و كێوەكان ئەو دەنگانە لە هەناوی خۆیاندا هەڵدەلوشن.
ئەم تەعبیرە بۆ خودی مرۆڤیش راستە، زۆرجار مرۆڤ بۆئەوەی بیەوێت دەنگ و قورسایی و مێژووی خۆی بزانێت، بە كێوی گەورە و دڕناڵی كەسێكی دیكەدا دەئاڵێت، ئەمەش بەو هیوایەی وێنەیەك بۆ خۆی دروست بكات هێندەی ئەو وێنەیە ببێت كە موڵكی ئەو نییە و هەر هاواركردنێكیش تێیدا هەر زوو ون دەبێت.
ماوەیەكە لێرە و لەوێ، هەندێك كەس و لایەن، لە پەتەكی و خۆشخوانی شارەوە بە مێژووی پڕ سەركەوتن و نەبەردییەكانی رابردووی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا دەئاڵێن و دەیانەوێت قەبارەی هاوار و وجودی خۆیان لەپاڵ كێوی گەورەی یەكێتیدا بزانن، هەوڵی ئەو كەس و لایەنانە کە لاپەڕەكانی مێژوویان بچووكە، نەك رەنگی دەریای پڕ خوێنی یەكێتی ناگۆڕێت و لێی كەم ناكاتەوە، بەڵكو دەیانەوێت بە خوێنی شەهیدانی یەكێتی و بە دزینی چەندان لاپەڕەی پڕ سەروەریی یەكێتی، سووكە مێژوویەك بۆ خۆیان پێكەوە بنێن و لانیكەم چەند تاتەیەك بە كێوی یەكێتیدا هەڵبزنێن، بەڵام چونكە ئەوان كوانوویان بە هەتاوی گەرمەسێر تاوی نەگرتووە و پەنجەكانیان بە بەفری كوێستانەكانی كوردایەتی نەتەزیوە، ئەوا ئەستەمیشە بتوانن بگەنە لووتكەی پڕ سپێتی و پاكێتی یەكێتی و ناشیرینی بكەن و لێی كەم بكەنەوە.
هەڵزنان بە كێوی مێژووی یەكێتیدا، تەنها پێنووسێك و دەفتەرێك و بیرێكی كولی ناوێت، بەڵكو دەشت و دۆڵ و شار و شاخی كوردستان و خوێنی شەهید و ئازاری نیشتمان و شاهیدی نەیارەكانی كوردیشی دەوێت، تاكو شاهیدیت بۆ بدەن و رێگەی نووسینەوەی مێژووت پێ نیشان بدەن، ئەمەش وەك چۆن هەموویان پێكەوە شاهیدی بۆ مێژووی گەورە و پڕ سەروەریی یەكێتی و شەهیدانی یەكێتی دەدەن و هەموان پێكەوە ئەو مێژووە دەنووسنەوە.
تۆ، كە وشكە كەڵەك و كڵۆسمت لەژێر پێیەكانت داناوە و دەتەوێت باڵای مێژووت هێندەی باڵای مێژووی یەكێتی كەڵەگەت بێت، ئەوا زەمانەتی هەرەس نەهێنان و مانەوەت نییە. 
تۆ، كە فەقیانەی گەنجی و پیریت لە قوڕاوی هەموو كارەساتە دڵتەزێنەكانی كورد ناوە، ئەستەمە دامێنی كراسی كوردایەتی و خەباتی دیموكراسیانەت بەسەدان ئاوی تۆمەتهەڵبەستن و هەڵشاخان بە باڵای یەكێتیدا پاك بێتەوە و بە دوعاكانت دژی یەكێتی بگوترێت ئامین.
ئەی پێنووسی دادراو بە دەستی ئەوێكی نا كورد لەودیو دیوارەكانی كوردایەتییەوە، ئەم تیانووسی كوردایەتییە لە رابردوو، لە ئێستا و لە داهاتووشدا جێگەی دێڕێكی نەماوە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە بۆشایی جێیهێشتبێت، ئێوە نە دەتوانن ئەم سەروەرییانەی یەكێتی بسڕنەوە و نە دەشتوانن لە پەنا ئەم مێژووە گەورەیەی یەكێتییەوە مێژوویەكی دیكە دابتاشن و ئەم سوارچاكی كوردایەتییە بگلێنن.

وتارەکانی نوسەر