گەندەڵی و تەمبەڵی

06:00 - 2022-09-26
وتار
409 خوێندراوەتەوە

سەروتاری PUKMEDIA

گەندەڵی و تەمبەڵی دوو خۆرەی گەشەکردنی حزب و ئیدارەن
ئەم دوو چەمکە هەردوو چەمکی لێک نزیکی ئاواز و ریتمی وشەیی نین، هەردووکیان تەواوکاری یەکترین و هاوپەیمانی خراپەکارین لە هەر پرۆسەیەکی چاکسازیدا.
رۆژی(7/9/2022) سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لە میانی دیدارەکانی لەسەر رەوشی سیاسی و ئیداری کوردستان و عیراق ئاماژەی بەوە کرد کە "بەهەموو شێوەیەک دژی گەندەڵی و تەمبەڵی دەوەستینەوە".
هەڤاڵ بافڵ وردەکاری ئەم کەیسەشی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی لە رۆژی (28/8/2022) باسکرد وەک بەشێک لە روونکردنەوەکانی لەسەر سیاسەتی یەکێتی و فراکسیۆنی یەکێتی لە حکومەتی هەرێم کە کار بۆ سەرخستنی چاکسازی لە هەرسێ سێکتەری حزب، ئیدارە و حکومڕانی و پێشمەرگایەتیدا دەکەن.
هەڵمەتی  لێپێچینەوە لە گەندەڵکاران، سزادانی ئەوانەی پلە و پێگە و ناونیشانی حزب و حکومیی خۆیان بەکاردێنن بۆ دەسکەوتی شەخسی و دەستبەسەراگرتنی موڵکی گشتی، هەڵمەتێکی حزبی و حکومیشە. لەو شوێنەی ئەرکی یەکێتییە وەک لە بڕیاری رۆژی (15/8/2022) سەرۆک بافڵ دا هاتووە (کە هیوادارین هێز و لایەنەکانی تریش چاو لە یەکێتی بکەن) یەکێتی ئیتر روپۆشی حزبی لەسەر هیچ کەسێکی خۆی ناهێڵێتەوە ئەگەر بەشێک بن لە گەندەڵی.

لەو شوێنەش ئەرکی حکومەتە هەم یەکێتی و هەم شەریکەکانی، بە تایبەتی لە ئیدارەی دەڤەری جارانی سەوز،  پێداگری لەسەر گورجوگۆڵکردنی هەنگاوەکانی چاکسازی دەکاتەوە.
گورجوگۆڵکردنەوەی دامەزراوەکانی حکومەتیش بەشێکە لە چارەسەر و چاکسازی، ئەم دۆسێیە بە تایبەتی لە دەستی ئەمینی حکومیدایە.
دەستی هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە کۆشش و ماوەیەکی زۆری بۆ تەرخانکردووە، کۆبوونەوەکانی لەگەڵ دامەزراوەکانی حکومەت لە سلێمانی بۆ خستنەگەڕی پرۆژەکانی وەبەرهێنان (زیاتر لە ٥٠ پرۆژە و ٢ پرۆژەی گەشتیاری) و لێپرسینەوە لە تەمبەڵی و خاوەخاوی رەوتی کارەکانی ئەو پرۆژانە بەشێکێتی و بەدواداچوون و چاودێریکردنی جێبەجێکردنی بەشی هەرە گەورەیان پێکدەهێنێ.
جێگری سەرۆکی حکومەتیش بەهەمان روانگەی ستراتیژییەوە رەخنەکاری توندی گەندەڵی و تەمبەڵی بوو، کە دوانەن لە زیان گەیاندن بە چاکسازی ئیداری و حکومڕانی و خزمەتگوزاری. راستە گەندەڵی مەترسیدارە لەرووی بەفیڕۆدان و بردن و بەهەدەردانی ئاشکرای سامانی گشتی، بەڵام تەمبەڵیش هەڕەشەکەی لە یەکەم کەمتر نییە، بگرە زۆرجار تەمبەڵی ئیداری و خاوەخاوی رۆتین و بیروکراتی مەترسیدارترە، چونکە رەنگە لە بەرگی یاسایی بوون و پەرۆشی بۆ پاراستنی سامانی گشتی و پاپەندبوون بە رێنمایی و بڕیارەکانەوە خۆی بپێچیت، بۆیە دەشێ گەندەڵی و گەندەڵکاران لە وێستگەیەکدا تێبکەون و دەرفەتی لێپرسینەوە و سزادانیان بێتە کایەوە، بەڵام تەمبەڵی هێزی پەنهانی دواکەوتوویی ئیداری و خاووخلیچکی هەڵسوڕانی دامودەزگاکانە و ئەوانیش بەشێکن لە بە فیڕۆدانی سامانی گشتی و پەکخستنی کارو کۆشش و توانا مرۆییەکان بێ ئەوەی تێبکەون و بکەونە بەر رەخنە و لۆمەوە .
دەستنیشانکردنی بڕگەکانی گەندەڵی و تەمبەڵی وێستگەیەکی گرنگە لە چاکسازی و یەکێتی لە روانگەیەکی دروست و بەرچاوڕوونییەوە  چاکسازی حزب و ئیدارەی خۆی جێبەجێدەکات، هی چاکسازی و گەشەپێدان و پوختکردنەوە و گەنجکردنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستانیش بابەتێکە لالێکردنەوەیەکی تایبەتی دەوێت.

وتارەکانی نوسەر