هه‌ردوو حكومه‌تی روسیا و ئۆكرانیا ژماره‌یه‌ك دیلی جه‌نگی نێوانیان ئاڵوگۆڕكرد، له‌میانه‌ی ئه‌و هه‌وڵه نێوده‌وڵه‌تییه‌ی ده‌درێت له‌لایه‌ن چه‌ند وڵاتێكه‌وه، له نموونه‌ی سعودیه و توركیا، بۆ نێوه‌ندگیری له نێوان مۆسكۆ و كیێف، بۆ ئازادكردنی دیله‌كانی جه‌نگ كه ژماره‌یه‌ك چه‌كداری بیانیشیان تێدایه.
دوا بارودۆخی شه‌ڕی روسیا ئۆكرانیا
شه‌ڕی روسیا ئۆكرانیا، كه له 24ی شوباتی ئه‌مساڵ به‌هێرشی سوپای روسیا بۆ سه‌ر خاكی ئۆكرانیا ده‌ستیپێكرد، به پاساوی یارمه‌تیدانی هه‌ردوو كۆماری دۆنیتسك و لۆگانیسك-ی ئۆكرانیا كه روسی زمانن، به‌ڵام روسیا دواتر هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ی فراوان كرد بۆ ده‌ستگرتن به‌سه‌ر بەشێکی زۆر لە خاكی ئۆکرانیادا.
دواتر به‌هۆی به‌رگری ئۆكرانییه‌كان و یارمه‌تیدانی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌تایبه‌تی ئه‌مریكا و ئه‌وروپا، ئۆكرانییه‌كان توانیان نەک هەر پێشڕه‌ویی هێزه‌كانی روسیا رابگرن، به‌ڵكو له به‌شێكی زۆری ئه‌و ناوچانه‌ی داگیریان كردبوو، پاشه‌كشه‌یان پێ كردن. به‌جۆرێك سوپای ئۆكرانیا توانیوێتی له چەند هه‌فته‌ی رابردوودا زۆرێك لە ناوچه‌کان کۆنترۆڵ بكاته‌وه به گوندی بیلۆهۆریفكای نزیك له شاری لیسشینسكی خۆرهەڵاتی وڵاتەکەشەوە، كه ئه‌وه‌ش وایكردووه سه‌ركرده‌ی هه‌رێمی دۆنباس و نزیك له روسیا داوای راپرسی بكات بۆ لكاندنی هه‌رێمه‌كەی به روسیاوه.
كۆنترۆڵكردنی ئه‌و گونده‌ش واتای ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه روسیا ئێستا هه‌موو هه‌رێمی لۆهانسكی به‌ده‌سته‌وه نه‌ماوه، كه داگیركردنی یه‌كێك له ئامانجه سه‌ره‌كییه‌كانی سه‌رۆكی روسیا ڤلادیمیر پوتین بوو.
به‌پێی راپۆرته شرۆڤەییەکانیش روسیا توانای جێبه‌جێكردنی پلانه‌كه‌ی نه‌ماوه بۆ كۆنترۆڵكردنی ته‌واوی هه‌رێمی دۆنباس له ئۆكرانیا، كه هه‌ردوو ناوچه‌ی دۆنیتسك و لۆهانسك له‌خۆده‌گرێت، كه پوتین له سه‌ره‌تای هه‌ڵمه‌ته‌كه‌یدا رایگه‌یاندبوو مه‌به‌ستێتی كۆنترۆڵی ئه‌و دوو ناوچه‌یه‌ی ئۆكرانیا بكات.
دوای پاشه‌كشه‌ی سوپای روسیا له زۆر ناوچه‌ی ئۆكرانیا، ئێستا له پاڵ سه‌ركرده روسه‌كانی هه‌ردوو ناوچه‌ی لۆهانیسك و دۆنیتسك بانگشه بۆ راپرسی ده‌كه‌ن له هه‌رێمی دۆنباس و پێیانوایە ئه‌و راپرسییه هه‌رێمه‌كه ده‌پارێزێت له گەڕانەوەی ئۆكرانییه‌كان.
رۆژی سێشه‌ممه‌ی رابردووش، نوێنه‌رانی هه‌رێمه‌كانی لۆهانیسك و دۆنیتسك و خێرسۆن و زاباروجیا كه مۆسكۆ پاڵپشتیان لێده‌كات، رایانگه‌یاند كه كار بۆ راپرسییه‌ك ده‌كه‌ن له ناوچه‌كانیان بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ر چوونه پاڵ روسیا و جیابوونه‌وه له ئۆكرانیا.
چه‌كداره بیانییه‌كان
له سه‌ره‌تای شه‌ڕی روسیا ئۆكرانیا، ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی وڵاتانی جیهان له ئه‌روپی و ئه‌فریقی و ئه‌مریكی و عه‌ره‌بیش روویان له ئۆكرانیا كرد بۆ به‌شداریکردن له‌شه‌ڕ له پاڵ ئۆكرانیا و دژ به روسیا، وەک دەوترێت هه‌زاران چه‌كداری عه‌ره‌بیش به‌تایبه‌تی سورییه‌كان چوون بۆ پاڵپشتی روسه‌كان.
ئاماره‌كان سه‌باره‌ت به‌و چه‌كداره بیانییانه له‌ناو سوپای ئۆكرانیا جیاوازه و هه‌ر سه‌رچاوه‌یه‌ك ژماره‌یه‌ك ده‌ڵێت، كه هه‌ندێكیان به هه‌زاران ناویان ده‌بات و هه‌ندیكیشیان ده‌ڵێن ده‌یان هه‌زار كه‌س ده‌بن.
له‌گه‌ڵ جیاوازیی بۆچوون و ئاماره‌كان سه‌باره‌ت به ژماره‌ی چه‌كدارانی بیانی له‌ناو سوپای ئۆكرانیا، به‌ڵام بوونی ئه‌و چه‌كدارانه كه‌ره‌سته‌یه‌كی ریكلامی گرنگ و باشه بۆ ئۆكرانییه‌كان.
بەوتەی جیمس راندز لە لە پەیمانگەی هەواڵگریی بەریتانیا: بوونی چه‌كدارانی بیانی له‌لای ئۆكرانییه‌كان واتای ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه پاڵپشتی نێوده‌وڵه‌تییان هه‌یه، به‌ڵام به‌لای روسه‌كانه‌وه ئه‌وا چیچانییه‌كان و چه‌كدارانی گروپی فاگنه‌ر ئه‌وا یه‌كه‌ی چه‌كداری خاوه‌ن ئه‌زموونن كه به‌شدارییان له شه‌ڕی تردا كردووه.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئۆكرانیا له سه‌ره‌تای مانگی ئاداری رابردوودا رایگه‌یاند نزیكه‌ی 20 هه‌زار چه‌كداری بیانی له‌ناو سوپای ئۆكرانیادا شه‌ڕ ده‌كه‌ن كه زۆربه‌یان ئه‌وروپین، له‌به‌رامبه‌ردا مۆسكۆ شه‌ڕ به چیچانییه‌كان و گروپی تایبه‌تی فاگنه‌ر ده‌كات له پاڵ چه‌كدارانی عه‌ره‌ب به‌تایبه‌تی سوریاییه‌كان.
روانگەی سوریا بۆ مافی مرۆڤ پێشتر ئاشكرای كردبوو، نزیكه‌ی 40 هه‌زار سه‌ربازی سوریا و چه‌كداری سه‌ر به حكومه‌تی دیمه‌شق ئاماده‌ی به‌شدارین له جەنگەکەدا له‌پاڵ سوپای روسیا دژ به ئۆكرانیا، به‌ڵام ژماره‌یه‌كی زۆر كه‌م چوون بۆ شه‌ڕه‌كه و ده‌یان ئه‌فسه‌ری سوریاش ته‌نها چه‌ند رۆژێك له ئۆكرانیا مانه‌وه و گه‌ڕانه‌وه بۆ وڵاتەکەیان.
له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی جەنگەکەشدا ئه‌وا ژماره‌یه‌كی زۆر دیل له هه‌ردوولا گیراون، كه به‌شێك له دیله‌كان له‌و بیانیانه‌ن كه به‌شداریی شه‌ڕیان كردووه بۆ هه‌ردوو وڵات.
دیله‌كانی جه‌نگ و نێوه‌ندگیری سعودیه و توركیا
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سعودیه ده‌ڵێت: به هۆی نێوه‌ندگیریی حكومه‌تی ریازه‌وه روسیا رۆژی چوارشه‌ممه‌ی رابردوو 10 دیلی جه‌نگی بیانی ئازادكرد، كه له ناو سوپای ئۆكرانیادا شه‌ڕی روسیایان كردبوو.
گەڕانەوەی دیلە بیانییەکانی ئۆکرانیا بۆ سعودییە
وه‌زاره‌ته‌كه له به‌یاننامه‌یه‌كدا روونیكردبۆوه، كه ئازادكردنی ئه‌و دیلانه به نێوه‌ندگیریی محه‌مه‌د بن سه‌لمانی جێنشینی شای سعودیه بووه، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه، كه لیستی ناوی دیله‌كان هاووڵاتی ئه‌مریكی و به‌ریتانی و سویدی و كرواتی و مه‌غریبی له خۆگرتووه.
هه‌روه‌ها رایگه‌یاندووه دیله‌كان به فڕۆكه‌یه‌ك له روسیاوه براون بۆ فڕۆكه‌خانه‌ی ریاز له سعودیه و دووپاتیشیكردۆته‌وه كه لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی سعودیه دیله‌كانیان وه‌رگرتووه و كارئاسانی ده‌كەن بۆ گێڕانه‌وه‌یان بۆ وڵاته‌كانی خۆیان.
به پێی ئاژانسی فرانس پرێس-یش، پێنج ئه‌مریكایی و به‌ریتانیان تێدابووه، له پاڵ یه‌ك مه‌غریبی و یه‌ك كرواتی و سویدییه‌ك، ئاژانسی رۆیته‌رزیش رایگه‌یاندووه، ئه‌و دیلانه‌ی ئازادكراون له‌لایه‌ن روسیاوه، ئادن ئه‌سلین و شۆن بینه‌ری به‌ریتانی و ئیبراهیم سه‌عدونی مه‌غریبی تێدابووه، كه پێشتر له‌لایه‌ن چه‌كدارانی روسیزمانی كۆماری دۆنیتسكەوە بەدیل گیرابوون و حوكمی له‌سێداره‌یان به‌سه‌ردا سه‌پێنرابوو.
به‌پێێ ئاژانسی BBC-ش، ئایدن ئه‌سلین و جۆن هاردینگ و دیلان هیلی و ئاندرۆ هیڵ و شۆن بینه‌ر كه له‌نێو ئه‌و 10 دیله‌دا بوون كه روسیا ئازادی كردوون، له پاڵ چه‌ند ئه‌مریكایی و مه‌غریبی و كرواتی و سویدی گه‌یەنراونه‌ته‌وه بۆ به‌ریتانیا.
به پێی راپۆرتێكی بلۆمبێرگ، وادیاره سعودیه ده‌یه‌وێت ئه‌و بۆچوونه سلبییه‌ی له‌سه‌ری دروستبووە له‌ناو كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تیدا دوای كوشتنی جه‌مال خاشقچی له‌سه‌ر خۆی نه‌هێڵێت، له رێگه‌ی هه‌وڵدان بۆ نێوه‌ندگیری له نێوان روسیا و ئۆكرانیا و به‌تایبه‌تیش له مه‌سه‌له‌ی ئاڵوگۆڕی دیلەکانی نێوان ئەو دوو لایەنە بەشەڕهاتووە، كه كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی پێشوازیی لەو هەنگاوە کردووە.
بلومبێرگ ئاماژه‌ی به سه‌ركه‌وتنه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی سعودیه‌ش داوە، هه‌ر له ئاڵوگۆڕی دیله‌كانی نێوان روسیا و ئۆكرانیا و به‌ستنی لوتكه‌یه‌كی باڵا له په‌راوێزی دانیشتنه‌كانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و هه‌روه‌ها پێشوازیكردن له راوێژكاری ئه‌ڵمانیا و گفتوگۆكردن سه‌باره‌ت به هه‌نارده‌كردنی وزه له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئه‌مریكادا.
له‌پاڵ سعودیه‌دا، توركیاش ده‌ڵێت كه رۆڵی هه‌بووه له پرۆسه‌ی ئاڵوگۆڕی دیله‌كانی جه‌نگ له نێوان ئەو دوو وڵاتەدا و ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان له‌و رووه‌وه ئاشكرایكرد، كه ئه‌نقه‌ره نێوه‌ندگیریی كردووه بۆ ئازادكردن و ئاڵوگۆڕکردنی 200 دیلی جه‌نگ له نێوان هه‌ردوو وڵات‌دا، دوای دانوستانی دیپلۆماسی له‌گه‌ڵ هەردوو سه‌رۆكی روسیا و ئۆكرانیا.
ئه‌ردۆغان لە نیویۆركەوە رایگه‌یاند: پڕۆسه‌ی ئاڵوگۆڕی دیله‌كانی نێوان روسیا و ئۆكرانیا، هه‌نگاوێكی گرنگه له پێناوی راگرتنی جەنگی نێوان ئەو دوو وڵاتە.
جێی ئاماژه‌یه تا ئێستا 215 چه‌كداری ئۆكرانی له‌لایه‌ن روسیاوە ئازادكراون له به‌رامبه‌ردا 55 سه‌ربازی روسیا و هه‌روه‌ها فیكتۆر میدفیدچۆكی سیاسی ئۆكرانی سه‌ربه روسیاش له‌لایه‌ن ئۆكرانیاوه ئازادكراون.