ریفراندۆم دەبوایە بکرێت؟

10:06 - 2022-09-27
رەمزی سەعید
583 خوێندراوەتەوە

ریفڕاندۆم رێگەیه‌كه‌ بۆئەوەی نەتەوەیەک له‌سه‌ر بابه‌تێكی دیاریكراو رای خۆی بڵێت بە بەڵێ و نەخێر و ئه‌زموونكردنی دیموكراسیی راسته‌وخۆیە و ده‌كرێت بۆ زۆرێك له‌ پرسه‌كان په‌نا بۆ راپرسی گشتی( ریفراندۆم) ببرێت. پڕۆسەی ریفڕاندۆم راست بوو بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵام کاتەکە پەلەی تێداکرا و هەڵە بوو. راگەیاندنی ریفڕاندۆم واتا دەنگدان بۆ جیابوونەوە، دەبوایە هەرێمی کوردستان ئابووریەکی باش و هێزێکی سەربازیی پتەوی هەبوایە و پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی نیشتمانیی بوایە.
بەڵام ئەو کاتەی ریفڕاندۆم کرا هیچ ئامادەکارییەکی لەوانەی سەرەوەی بۆ نەکرابوو، بەڵکو لەئەنجامی ئابووری سەربەخۆ و دەستکەوتی کەسییەکان، وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە بەغدا کرا، ئەمەش بەداخەوە بووە هۆی زیانی گەورەی ئابووری و سیاسی بۆ هەرێمی کوردستان. 
بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی پرسی ناوچه‌یه‌كی دیاریكراو له‌ناوخۆی یه‌ك ده‌وڵه‌تدا، مادده‌ی140 له‌ده‌ستووری عیراقی نموونه‌یه‌كه‌ بۆ ئه‌م جۆره‌، پارێزگای كه‌ركوك و به‌شێك له‌ناوچه‌كانی پارێزگاكانی موسڵ و دیاله‌ و سه‌ڵاحه‌دین و شەنگال، کە ناوچه‌ی جێناكۆكن له‌ نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدراڵی عیراقدا كه‌ له ‌رێگه‌ی راپرسییه‌وه‌ چاره‌نووسی ئه‌م ناوچانه‌ یه‌كلایی ده‌كرێته‌وه،‌ ئه‌ویش به‌مانه‌وه‌یان له ‌چوارچێوه‌ی سنووری ئیداری عیراقدا یان گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆسه‌ر هه‌رێمی كوردستان كه‌ ده‌بوو له‌كۆتایی ساڵی2007 دا ئه‌م بابه‌ته‌ یه‌كلایی بكرایه‌ته‌وه‌.
بەهۆی لێكەوتەكانی ریفراندۆمەوە و دوای کەمتر لە مانگێک و لە شەوی 24ی تشرینی یەکەمی 2017، سەرۆکی حكومەتی ئەوكاتەی هەرێم نێچیرڤان بارزانی، راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و ئەنجامەكانی ریفراندۆمەكەی 25ی ئەیلولی سڕكرد و داوای گفتوگۆی لە حكومەتی عیراق كرد.
دوای سەرنەگرتنی ریفڕاندۆم، لە جیاتی ئەوەی داوای لێبوردن بکرێت و هەڵەکان راستبکرێتەوە، بەداخەوە مەکینەی راگەیاندنی گەورە لەناوخۆدا کەوتە کار و بووینە گاڵتەجاڕیی ووڵاتانی دراوسێ و جیهان.
ئەوەی جێگەی نیگەرانییە، تاکو ئێستاش یەکتری تۆمەتبار دەکەین، لە جیاتی ئەوەی ژێرخانی ئابووری و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بنیاتبنرێت، دەبوایە هەنگاوی چاکسازی و گۆڕانکاری خێرا لە هەرێمی کوردستان بەرەو پێشچوونی بەخۆیەوە بینبایە، نەک پەراوێزخستنی شارێکی هەرێمی کوردستان و گرنگیدان بە شارێکی تری هەرێم وەک کاردانەوەی سیاسی ریفڕاندۆمەکە بەردەوام بێت.
کورد دەتوانێت ئەوەی ئەمڕۆ بەئاسانی لەو ململانێ جیهانییەی لەئارادایە، لەوە تێبگات کە جیهان بریتییە لە شانۆی ململانێی هێزەکان، گەر لەو ململانییەدا هێزت نەبوو، وەکو تەماشاکەرێکی بێهێز یاریت پێدەکەن، بۆیە کۆششی خۆیی کورد وپێکهێنانی جڤاتێکی سیاسی تا ببێتە یاریکەرێک لەسەر ئەو شانۆیە، بەرجەستەی هۆشیارییەکی پێگەیشتووی مێژوویانەیە، دەبێت لە هەموو روویەکەوە کورد خۆی کامڵ بکات، ئەوکاتە دەتوانرێت بەرەو ئاراستەی سەربەخۆیی بڕوات.

وتارەکانی نوسەر