وردتر

ئەگەری بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمی

10:10 - 2022-09-27
لەشکر حەمە ساڵح
415 خوێندراوەتەوە

سەدان كەس لە هاووڵاتیانی شاری (لۆبمین)ی ئەڵمانیا كۆبوونەوە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی دژی راگرتنی هەناردەكردنی گازی سروشتی لە رێگەی هێڵی بۆریی نۆرد ستریم 2، لە روسیاوە بۆ ئەڵمانیا، بەو پێیەی ئەڵمانیا و بەشێكی تری وڵاتان پشت بە گازی سروشتی روسیا دەبەستن بۆ گەرمكردنەوە لە وەرزی سەختی زستاندا.
ئەو هاووڵاتیانە داوایان دەكرد پڕۆژەی نۆرد ستریم 2 بخرێتەكار، چونكە هەر چەندە پڕۆژەیەكی نوێیە، بەڵام پڕۆژەیەكی تەواوكراوە و ئامادەیە بۆ بەكارهێنان و هاوردەكردنی گازی سروشتی لە روسیاوە بۆ ئەڵمانیا. دروشم و داخوازیی هاووڵاتییە ئەڵمانییەكان لە پلەی یەكەمدا سیاسی نەبوو و دژی شەڕیش نەبوو، بەڵكو بە زمانێكی سادە و لە روانگەی بەرژەوەندیی خەڵك و ژیانی رۆژانەیانەوە و بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ دژی شەڕ بوو، بۆیە بایەخێكی زۆری هەیە كە ئیتر خەڵك دەنگ هەڵدەبڕێت و دژی شەڕ و ماڵوێرانی و لێكەوتە جۆراوجۆرەكانی دەدوێن.
ئەو خۆپیشاندانە ئەگەرچی لە رووی قەبارەوە بچووك بوو، هەم ژمارەی بەشداران كەم بوو هەمیش تەنها ناوچەیەكی دیاریكراوی گرتەوە، بەڵام مانادار بوو بەتایبەتی لە كاتێكدا كە هێشتا ئاماژەیەكی روون دەرنەكەوتووە لە بارەی كۆتاییهاتنی جەنگی روسیا و ئۆكرانیا، بگرە بە پێچەوانەوە رۆژ لە دوای رۆژ نیشانەكانی درێژەكێشانی دەردەكەوێت، لەو كاتەشدا زستانێكی سەخت چاوەڕوانی ئەوروپا دەكات.
بەشێكی زۆر لە چاودێران پێیانوایە ئاراستەی ئێستای جەنگی نێوان روسیا و ئۆكرانیا رووی لە قووڵبوونەوەی زیاتر و درێژەكێشانە، بەتایبەتی دوای هەڵمەتێكی خێرا و فراوانی ئۆكرانیا (بە پشتیوانی وڵاتانی خۆرئاوا) بۆ رزگاركردنەوەی هەزاران كیلۆمەتر چوارگۆشە لە چەند ناوچەیەكی خۆرئاوا و باشووری وڵاتەكە لە ژێر دەسەڵات و هەژموونی روسیا كە لە دوای دەستپێكردنی جەنگ لە مانگی شوباتی رابردووەوە كۆنترۆڵیان كردبوو.
ئەوانەی پێیانوایە هەڵمەتەكەی ئۆكرانیا نابێتە مایەی كۆتاییهێنان بە شەڕ، بۆچوونەكەیان دەگەڕێننەوە بۆ ئەو خاڵەی كە پێیانوایە روسیای سەردەمی ڤلادیمیر پوتن، هەروا بە ئاسانی شكست قبووڵ ناكات، بەڵكو بە پێچەوانەوە؛ لەوەتەی ئەو هێرشانەی ئۆكرانیا دەستیپێكردووە بۆ یەكەمجارە روسیا بەڕوونی و ئاشكرایی باسی ئەگەری بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمی دەكات دژی ئۆكرانیا، هەروەك دەستیشیكردووە بە هەندێك رێوشوێن بۆ زیادكردنی ژمارەی هێزە چەكدارەكانی لە رێگەی بانگكردنی سەرباز و ئەفسەرە یەدەك و تازە خانەنشینبووەكان و بڕیاری سەربازیی زۆەملێیی نیمچەیی بۆ ئەو گەنج و كەسانەی توانای بەشداریكردن لە شەڕ و بەكارهێنانی چەكیان هەیە.
بۆیە زۆربەی ئاماژە و نیشانەكان بەرەو ئەوەن كە ئەم زستانەی وا وردە وردە لێی نزیك دەبینەوە، زستانێكی سەخت دەبێت، بەتایبەتی بۆ زۆرینەی وڵاتانی ئەوروپا كە بۆ گەرمكردنەوە پشت بە گازی سروشتی روسیا دەبەستن، هەروەك سەختیش دەبێت لە رووی زیادبوونی كاریگەرییە ئابوورییەكانی ئەو شەڕە بەهۆی درێژەكێشانی شەڕ و نەبوونی هیچ وڵات و سەرچاوەیەكی جێگرەوە بۆ دابینكردنی هەندێك پێداویستی و بەرهەمی ئۆكرانی بەتایبەتی لەو كاتەی كە خەریكە بەرهەم و پێداویستییە كۆگاكراوەكان بەرەو تەواوبوون دەچێت.

وتارەکانی نوسەر