ئه‌وه‌نده هار و هاج و چه‌توونین، سوار له‌سه‌ر زین ده‌هێنینه‌خواره‌وه. من به دارلاستیك باڵنده له ئاسمانه‌وه ده‌خه‌مه خواره‌وه. ئه‌ویش به دووره به‌رد گڵۆپ به دارتێله‌وه ناهێڵێت. هه‌میشه پێكه‌وه‌ین و به‌زم و فه‌رته‌نه‌كانمان پێكه‌وه‌یه. به‌ڵام سه‌ر وسیما و له‌ش و لارمان ئاسمان و رێسمانه. من باریكه‌له و ره‌شتاڵه و چاو ره‌ش و ده‌نگ زل. ئه‌ویش سوور و سپی و كوڵ و پان و چاوشین و زیقن. ده دوانزه ساڵانین. هه‌ر له خۆمانه‌وه له گه‌ڕه‌ك دوور ده‌كه‌وینه‌وه و ده‌چینه ده‌شته‌كه. ئه‌و مه‌سینه‌كه‌یه‌كی ئاسنی به‌ده‌سته‌وه‌یه و منیش دارلاستیكه‌كه‌م كردۆته ملم.
له‌پڕ له‌بن یه‌كێك له عه‌موده‌كانی كاره‌باكه‌دا خۆمان ده‌بینینه‌وه. به‌هاره، ده‌وری عه‌موده‌كه گیا هه‌تا سه‌روو ئه‌ژنۆ هاتووه. هه‌ر ئه‌وه‌نده نازانم مه‌سینه‌كه‌ی به ده‌سته‌وه‌یه و به عه‌موده‌كه‌دا هه‌ڵده‌گه‌ڕێت. سه‌یری ده‌كه‌م و هیچی لێ ناپرسم. زیاتر سه‌رم ده‌خه‌م به پشتا تا جوان بیبینم. عه‌موده‌كه پانزه مه‌تر زیاتر به‌رزه، نازانم كاره‌بای كوێی پێدا ده‌ڕوات. سه‌رده‌كه‌وێت و منیش زیاتر سه‌ر ده‌خه‌م به پشتا. خه‌ریكه دڵم شه‌ق ده‌بات، نازانم به‌و مه‌سینه‌یه‌وه ده‌یه‌وێت له‌سه‌ر عه‌موده‌كه چی بكات؟ ئاخری لێی ده‌پرسم:
«ئه‌رێ تۆ به‌و مه‌سینه‌یه‌وه، ده‌ته‌وێت له‌و ئاسمانه چی بكه‌یت؟»، «ده‌مه‌وێت ده‌ست به ئاو بگه‌یه‌نم! «نانی هاریت به ده‌مه‌وه گرتووه؟ شوێن بڕواوه ئه‌و ئاسمانه نه‌بێت؟»، «حه‌ز ده‌كه‌م لێره‌وه بۆردومان بكه‌م»، «ده‌زانی ئه‌وه كاره‌بایه و به‌رت بكه‌وێت وشكت ده‌كات؟»، «مه‌گه‌ر گونم وشك بكات، ئه‌ی ئه‌و هه‌موو كۆتره‌شینكه‌یه بۆ وشك ناكات؟»، «باشه، ئه‌گه‌ر عاسی بووی به دارلاستیكه‌كه وه‌كو ریشۆڵه به‌رت ده‌ده‌مه‌وه.»
بۆ ئه‌وه‌ی تیشكی خۆره‌كه له چاوم نه‌دات، له‌پی ده‌ستم ده‌كه‌م به سایه بۆی و چاوی لێ نابڕم. ده‌گاته ترۆپك، له‌پڕ بریسكه‌یه‌ك ده‌كات، مه‌سینه‌كه بۆ لایه‌ك و ئه‌و بۆ لایه‌ك، زرم ده‌كه‌وێته خواره‌وه.
راده‌كه‌مه سه‌ری، گرمۆڵه بووه و گژ و گیاكه‌ی خستووه به‌ملاو به‌ولادا. رۆحم دێته كونه لووتم، بیر له‌وه ده‌كه‌مه‌وه چۆن هه‌واڵی مه‌رگی به دایكی بڵێم؟ له‌پڕ وه‌كو پشیله خێرا هه‌ڵده‌سێته‌وه و پێده‌كه‌نێت. منیش له ناخی دڵمه‌وه پێده‌كه‌نم. هه‌تا ئێستا كه نیو سه‌ده زیاتره به‌و شێوه‌یه پێنه‌كه‌نیوم. ئێستا و ئه‌وساش نازانم چۆن له‌و ئاسمانه‌وه كه‌وته‌خواره‌وه و نه‌مرد؟