لە کاری حزبیدا

کادر بۆ رێکخستن و کۆمپانیا بۆ دەنگدەر

10:30 - 2022-09-28
هیوا محەمەد
569 خوێندراوەتەوە

پلەی حزبی، واتا پێدانی بەرپرسیارێتی بە کەسێک بە ئامانجی ئەوەی کە لەو بوارەدا حزبەکە پێشبخات، چۆن مامۆستای پسپۆڕ بۆ خوێندکارێک دەگیرێت تا بە چڕی لەو وانەیەدا کە لاوازە هاوکاریی بکات، ئەگەر خوێندکارەکە دەرنەچێت ئەوە بەشێکی دەکەوێتە سەر خراپی شێوازی وانە وتنەوەکەی مامۆستاکە.
ئەو کەسەی دەکرێتە ئەندامی دەستەیەکی باڵای حزبی، دەبێت چاوەڕوانی ئەوە بکات کە بەدرێژایی تەمەنی لەو پۆستەدا نامێنێتەوە، تەنها شتێک کە ماوەکەی درێژدەکاتەوە توانا سیاسییەکانییەتی و ئەو رۆڵانەیە کە لە بەرپرسیارێتییەکەیدا دەیگێڕێت و جێدەستی کارەکانییەتی.
ئەگەر هەڵبژاردنی ناو حزب چوار یان پێنج ساڵ جارێک لە رێگەی کۆنگرەوە بێت، ئەوا ئەو کەسانەی لە لووتکەی سەرکردایەتی حزبەکەدا بوون و لەم ماوەیەدا حزبەکە تووشی نوشستی بووبێت، دەبێت لاببرێن و کەسانی دیکە جێگەیان بگرێتەوە، بە پێجەوانەشەوە ئەگەر لەو ماوەیەدا حزبەکە دەنگی چۆتە سەر و پێگەی جەماوەریی فراوان بووە و کاری باشیان بۆ خزمەتی کۆمەڵگە کردووە، ئەوا دەکرێت بڵێین هاوڕێکانیان لە کۆنگرەدا جارێکی تر متمانەیان پێدەدەنەوە، بەڵام لە هەموو حاڵەتێکدا دەبێت چاوەڕوانی ئەوە نەبن کە لەخۆیان باشتر و بەتواناتر هەڵناکەوێت.
ئەگەر هەر کادرێک ئەمەی لە بەردەمی خۆی دانا و کردییە پێوەر، ئیتر تووشی شۆک نابێت کاتێک پلەکەی لێدەستێننەوە و ناکەوێتە گازندە و بۆڵە بۆڵ و پشت ناکاتە حزبەکەی.

هەموو ئەوانەی کە بەرامبەر مووچە بۆ دەزگایەک، لایەنێک کاردەکەن، لە دەرەوەی بیرباوەڕ بە حزب، بە وەستانی مووچەکە، بۆ لایەنێکی تر کاردەکەن 

حزب و توانای ئابووری
دەکرێت لە ماوەیەکی کاتیی دیاریکراودا حزب بە قۆناغێکی باشی ئابووریدا تێپەڕێت، لەو کاتەدا زۆرێک لە ئەندامانی خۆی دەکاتە کادری تەرخانکراو ( متفرغ) و مووچەیان بۆ دەبڕێنێتەوە، ئەمانە لەپاڵ ئەوەدا پیشە و سەرچاوەی داهاتی خۆشیان هەیە، بەڵام ئەوان دەبێت ئەوە بزانن کە حزب بە چەندین دۆخی ئابووریی بەرز و نزمدا تێدەپەڕێت و رۆژێک دێت هەموو ئەو کادرە تەرخانکراوانە لە بێژەنگ دەدات و کامیان  بەتواناتر و چالاکتر بووە دەیهێڵێتەوە و مووچەی ئەوانی تر دەبڕێت، بەڵام هێشتا دەتوانن وەک کادرێک لە حزبەکەدا کاربکەن. 
راهاتنی ئەندام و کادری حزب لەسەر ئیشکردن بەرامبەر بە مووچە، هەڵەی گەورەیە ئەگەر هەر حزبێک بیکات، هەموو ئەوانەی کە بەرامبەر مووچە بۆ دەزگایەک، لایەنێک کاردەکەن، لەدەرەوەی بیرباوەڕ بە حزبەکەیان، بە وەستانی مووچەکە، بۆ لایەنێکی تر کاردەکەن بۆ بەرژەوەندی.
بەڵام بۆ زۆرێک لەو کادرانەی چەندین ساڵە ژیانی خۆیان پشتبەست بەو مووچەیە  راهێناوە و لەگەڵیشیدا چالاکانە لە حزبدا کار دەکەن و لە زۆر قۆناغیشدا بێ مووچە بۆ چەند مانگ کاریان کردووە و کۆڵیان نەداوە، نابێت وەک ئەوانە سەیر بکرێن کە داهاتی زۆر و موڵک و کۆمپانیایان هەیە و مووچەی کادریشیان بۆ بڕاوەتەوە. 
لەگەڵ ئەمەشدا پێویستە هیچ کادرێک خۆی لەسەر ئەو مووچەیە هەڵنەچنێت کە حزبەکەی دەیداتێ، حزب حکومەت نییە تا بە گۆڕینی سەرانی حکومەتەکەش هەر کەسەکە بە پێی گرێبەستی دامەزراندنەکەی مووچەی خۆی وەربگرێت یان خانەنشین بکرێت. 

جگە لە ئەندام، حزب  پێویستی بە لایەنگرە
لە حزبدا کادرەکان ئەرکی فراوانکردنی پێگەی حزبیان لەسەرە، ئەوان دەبێت خشتەیەکی مانگانە بۆ کارەکانی خۆیان دابنێن و لەخۆیان بپرسنەوە، ئەگەر هەر کادرێک لە مانگێکدا دوو کەس بۆ حزبەکەی بکاتە دەنگدەر و هەزار کادر بەم ئەرکە هەستن، ئەوا لە مانگێکدا دوو هەزار دەنگ ئامادە دەکەن، بەمەش لە چوار ساڵی خولی هەڵبژاردندا دەبێتە نزیکەی 100 هەزار کەس.
ئەمە وەک ئەرکی بەشی رێکخستن، بەڵام دەبێت هۆکارێک هەبێت کە کارئاسانی بکات بۆ کادرەکە تا بتوانێت لەرێگەی دامەزراندنی سەرۆک خێزانێکەوە لە دوو دەنگ زیاتر کۆبکاتەوە، ئەویش بەوەی کە شوێنی وەبەرهێنان و کارکردن هەبێت و حزبەکە فەراهەمی بکات.

دەنگدەر لە رێی کۆمپانیاوە
کەرتی تایبەت جێگەی کەرتی گشتیی گرتۆتەوە، جاران دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان لەرێگەی کەرتی گشتی واتا حکومەتەوە بوو، بەڵام ئێستا زۆربەی سێکتەرەکان دەدرێنە کۆمپانیاکان، بەو هەلومەرجەی بۆیان دیاریدەکرێت و دەگونجێندرێت لەگەڵ ئاستی ئابووری وڵات و کۆمەڵگە و تاک( هەرچەندە لە وڵاتی ئێمەدا ئەمەش بە باشی رێکنەخراوە).
حزبیش دەتوانێت چەند کۆمپانیای ئاوەدانکردنەوە و جێبەجێکردنی پڕۆژەکان، کێڵگە، کارخانە، شوێنی گەشتیاریی، بازرگانیی سووتەمەنی، بیمەی کەسێتی و موڵک، کۆمپانیای میدیایی، چاپ و بڵاوکردنەوە، لەدەرەوەی بەکارهێنانی ئەوانەی سەر بە حکومەتن هەبێت، چونکە نابێت ئەوەی حکومەت بە مەرامی حزبی بەکاربهێنێت، ئەوکات دەتوانێت هەزاران کەس لەم شوێنی کارانە دابنێت.
مەرجە ئەو کەسە لەگەڵ حزبەکەیدا بێت، ئەمە گونجاوە و پێچەوانەی کاری حزبی نییە.
لە کاتی شۆڕشدا، پێشمەرگەکان کە حزبی بوون هەموان پێکەوە خەباتیان بۆ هێنانەدی ئامانجی حزبەکە بوو، ئێستا لە قۆناغی بەڕێوەبردن و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکداین دوور لە شەڕ، دەکرێت ئەندامەکانی حزب هەم سەرچاوەی کار و بژێوی ژیان پەیدا بکەن لەڕێگەی حزبەوە، هەمیش درێژە بە خەباتی سیاسییان بدەن لە حزبدا تا بتوانن بگەن بەو ئامانجانەی حزبەکە بەپێی دۆخەکان دیاریدەکات.

ئەو کەسەی دەکرێتە ئەندامی دەستەیەکی باڵای حزبی، دەبێت چاوەڕوانی ئەوە بکات کە بەدرێژایی تەمەنی لەو پۆستەدا نامێنێتەوە، تەنها شتێک کە ماوەکەی درێژدەکاتەوە توانا سیاسییەکانێتی

حزب بە ئابوونە ناڕوات بەڕێوە
حزب بە ئابوونەی مانگانەی ئەندامەکانی ناڕوات بەڕێوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە دەبێت ببێتە سەرچاوەی فەراهەمکردنی داهاتی کەسە بێکارەکانی حزبەکە، بەڵام نەک لەسەر داهاتی دیاریکراوی حزب و بڕینەوەی مووچە بۆیان، بەڵکو لە رێگەی بازرگانی خۆیەوە وەک هەر سەرمایەدارێکی دیکە لەو هەموو سەرمایەدارەی پێیان دەوترێت(عیملاق) تیایاندا حزبی هەیە و نا حزبیش هەیە.
حکومەت و ئەو حزبەش کە لەدەسەڵاتدایە بەگشتی کار دەکەن بۆ هەموو خەڵک، هەموو ئەوانەش دەگرێتەوە کە دژی حزبەکەن، وەک هاووڵاتیان بە بێ جیاوازی، بەڵام پڕۆژەکانی حزب دەبێت تایبەت بێت بۆ ئەندامەکانی و نابێت کاریگەریی هەبێت لەسەر بە حزبی کردنی پڕۆژە حکومییەکان و کەمکردنەوەیان.
بۆ هەر حزبێک، ئەوانەی لەناو ئۆرگانەکاندا وەک پێویست کاردەکەن، نابێت هێندە زۆر بن کە ببنە ئەرکی دارایی لەسەر حزب، بەڵکو حزب دەتوانێت لەبری ئەو مانگانە زۆرەی دەیداتە کەس و کادرەکانی لەوبوارانەدا، کەمیان بکاتەوە و لەلایەکی ترەوە لەو پڕۆژانەی کە باسمان کرد دایان بمەزرێنێت، لەمەشیاندا ئەوانە لە پێشینە بن کە داهاتی دیکەیان نییە. 
ئەمە روویداوە کە سەرۆکی لایەنێک لەڕێگەی بەڕێوەبەری کارگەیەکەوە پێی وتوون دەنگ بە ئێمە بدەن، ئەگەر دەربچین و دەسەڵاتمان فراوان بێت ئێوەش دەمێننەوە و ماوەی ئیشکردنتان مسۆگەرتر دەبێت، چونکە بە پێچەوانەوە ئەگەر حزب لاواز بێت ئەوە لە هەموو روویەکەوە لاواز دەبێت، وەک ئەو کۆمپانیایانەی کە تووشی رۆچوونی ئابووری دەبن و بە زەحمەت هەڵدەستنەوە.
دەکرێت ئەو شوێنی وەبەرهێنانە قازانجی هێندە زۆر نەبێت تا پێشبڕکێی پێبکات لەگەڵ ئەوانی تر، تەنها مووچەی ئەو چەند سەد کەسە کە کاری تێدا دەکەن لەگەڵ سوودێکی کەمی ئەو پارەیەی کە تێچووی پڕۆژەکەیە دەربهێنن بەسە.
بەمە حزب هیچ لە خەزێنەی خۆی نادات و ئەوکەسانەش دەبنە دەنگدەری حزب.
دیارە ئۆرگانەکانی حزب لە چەند ساڵی رابردوودا سەدان کادریان لا دروستبووە و دەیبەن بەڕێوە، ئەمانە دەبێت جیابکرێنەوە لە کەسێکی دیکە کە دەکرێت وەک کارمەند لەو ئۆرگانەدا کاری کردبێت، بەو مانایەی کە هەموو کادرەکان وەک یەک نین و رەنگە بە لابردنی هەندێکیان شوێنەکە تووشی لاوازیی ببێت.

کادر بە ئاسانی دروست نابێت
کادر بەئاسانی بەرهەم نایەت، هەندێک جار چەند کەسێک کە ماوەی 10 ساڵ پێکەوە کاریان کردووە، وا روودەدات نیوەیان دەربکرێن، دەکرێت ئەوەی کە ماوەتەوە ئەو کادرانە بووبن کە زیاتر لەمان کاریان کردبێت و ئەرکی حزبییان بەجێهێنابێت.
حزب دەبێت بە ئاسانی دەستبەرداری ئەو کەسانە نەبێت کە ساڵانێک لە ئۆرگانێکدا چالاکانە کاریان کردووە، ئەمان جیاوازن لەگەڵ کارمەندانی بەشی خزمەتگوزاریی و هونەریی و ئیداریی ئۆرگانەکان، رەنگە بە کەمکردنەوەیان ئەرکی زیاتر بکەوێتە سەرشانی ئەوانی تر، بەڵام هەر دەتوانن بەڕێوەی بەرن و کەموکورتی پێوە دیار نەبێت.

وتارەکانی نوسەر