سێکوچکەی راگەیاندن

10:34 - 2022-09-28
عەتا تەها
933 خوێندراوەتەوە

رەهەندەکانی راگەیاندن بریتین لە رەوشت، بەرپرسیارێتی، زانیاری دروست، هەریەک لەوانە گرنگی و تایبەتمەندی خۆی هەیە، خۆ ئەگەر بەبێ ئەو سێ چەمکە هەرکارێکی راگەیاندن بکرێت کارەکە نەنگی تێد دەبێت و پرسیاری لەسەر دادەنرێت؟ 

رەوشت لە راگەیاندندا
رەوشت بریتیە لە شێوازی مامەڵەکردن لە دەربڕین و نووسین و ئاخاوتن، لایەنی ئەرێنی و نەرێنی دەکەوێتە سەر رەوشتی رۆژنامەوان و میدکاران، ئەوان دەتوانن رۆڵ و کاریگەریی بە هەردوو ئاراستەدا بگێڕن، بەڵام ئەوەی کە پەسەندە و رێگەی پێدراوە لایەنی ئەرێنیە.

بەرپرسیارێتی لای راگەیاندنکار
بێگومان هەرکارێک لە چوارچێوەی کاری راگەیاندندا کارەکتەرەکەی راگەیاندنکارەکانە، ئەوان بەرپرسیارێتی یاسایی و کۆمەڵایەتی و مێژوویی دەکەوێتە ئەستۆیان، بۆیە پێویستە بە هەستی بەرپرسیارێتیەوە کار بکەن و نەچێتە دەرەوەی چوارچێوەی یاساکانی راگەیاندن.

زانیاری دروست بدەن
لە بنەما گرنگەکانی راگەیاندن گەیاندنی زانیاری راستە، بۆ ئەوەی متمانەی تاک و کۆمەڵگە لەدەست نەدەن، بەڵام بە رەچاوکردنی ئاسایشی نیشتمانی و باری کۆمەڵایەتی. 
دەبێت لەگەڵ بابەتی سەربازیی و ئەمنی یاخود هەندێک کێشەی هەستیاری کۆمەڵایەتی بە وردی مامەڵە بکرێت. 
راگەیاندن کە پیشەیە هاوکات بە دەسەڵاتی چوارەم ناسراوە، بەجۆرێک کە لەدوای هەرسێ دەسەڵاتی تەشریعی و دادوەری و جێبەجێکردن، راگەیاندن دێت، بەهۆکاری ئەوەی ئازادە لە چاودێریکردن و رخنەگرتن و خستنەڕووی زانیاری و کەموکورتی دەسەڵاتەکانی تر بە لەبەرچاوگرتنی یاسا.
 راگەیاندن وەک نووسراو، بینراو، بیستراو، سەرەڕای پێشکەوتنی جیهان و تەکنەڵۆجیا و سۆشیال میدیای سەردەم و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان کە ئەوانیش  هاوشان و هاوبەشی ئەو سێ بەشەی راگەیاندنن، رۆڵ و کاریگەریی گەورە و خێرا گەیاندنیان هەیە.

وتارەکانی نوسەر