مام جەلال دیاردەیەکی دەگمەنە، زیاتر لە شەست ساڵ خەباتی کرد بۆ بەدیھێنانی ئازادی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی و خۆشگوزەرانی بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، مام جەلال مێژوویەکی پرشنگداری ھەیە، ئەگەر مێژوو بەخاوێنی بنووسرێتەوە ئەوا مێژووش قەرزاری مام جەلال دەبێت.
مام جەلال یەکێتی دامەزراند بۆ خزمەتکردنی خەڵک و بەدیھێنانی ئامانجەکانی خەڵکی کوردستان و لەناوبردنی دیکتاتۆریەت، نەوەک بۆ خزمەتکردنی خۆی، مام ورە و خۆڕاگری بوو بۆ ھەموان. مام لەکاتێکدا یەکێتی دامەزراند ھیچ ئومێدێک نەمابوو، ئاخر وەرن بیر بکەنەوە ئەگەر مام جەلال نەبوایە کێ دەیتوانی لەو سەرەمەدا یەکێتییەک دابمەزرێنێ خەباتی چەکداری و دیپلۆماسی بەیەکەوە بکات؟
ئەگەر مام جەلال نەبوایە زۆر ئەستەم بوو یەکێتییەک دروستببێت، بەو ناو ناوبانگە بەھێز بێت.
مام جەلال زەمان بوو بۆ ھەموان، ئەوەی جارێک لەگەڵ مام دانیشتبێت پێی خۆش بووە ھەموو رۆژ بیبینێت، دووربین بوو، بێ ئومێدی نەدەکردی، ھەمیشە ئومێد بەخشبوو، ھەستت بەورە دەکرد، ھەرگیز بێ ھێز نەبوو، بە ئێستاشەوە کە ناوی مام دەھێنرێت ھێز و ئومێدت لا دروست دەبێت.
من لەزۆر کۆبوونەوەکانی بەشداربوومە، کە قسەی دەکرد تێدەگەیشتی لەحزبێک کار دەکەی کە ئەمان و زەمانی تێدا بەرجەستەیە، رێبازەکەی بەسەربەرزی دەتھێڵێتەوە.
بەداخەوە چەند ساڵێک تەوەجوھێک پەیدا بوو بەناو و رێبازی مام بەشێکی زۆر لە کادیران و یەکێتییەکەشیان سەرگەردان کرد بوو، وایان لێکردبوو کەدەیانوت یەکتییەکەی مام تەنیا لەیەکێتییەکەی مام جەلال نەدەچوو، قسەکانی مام جەلال یان دەکرد بەڵام کاریان پێنەدەکرد، ئەوەی منی ناسیبێ لە نزیکەوە کە چەندە بێزار بووم لەو شێوازەی حزبایەتی، خەریک بوو خۆشمان یەکێتییەکی خۆمان نەناسییەوە.
ئەو شێوازەی حزبایەتییە لای زۆرینە پەسند نەبوو جگە لەوەی ھەندێک کە بەدوای پارە و کورسی کەوتبوون و پاروویان کەوتبووە رۆنەوە.
ھەمیشە بیرم لەوە دەکردەوە یەکێتی پێشتر لەکێ و خەباتگیران و سەرکردەکانی لەکێی و یەکێتی سەردەمی ئەوان لەکێ!
بڕیاردرا یەکێتی بێتەوە سەر رێچکە و رێبازە راستەقینەکەی مام جەلال لەو رێبازەی ئەوان ھەڵایان بۆ دەکرد دوربکەوێتەوە.
ئاخر کەی رێبازی مام جەلال جاسووسی و کرینی کادیر و تۆمارکردنی ڤیدیۆ ساختە و تەخشان و پەخشانی پارەی یەکێتی بووە؟ ئاخر کەی رێبازی مام جەلال تۆمەت بەخشینەوەی بێبنەما و جنێودان بووە بەڕەمزەکانی یەکێتی؟
رێبازی مام جەلال خزمەتکردنی خەڵک، گەشەکردنی فکر ، تەسقیفی کادیر، خزمەتکردنی کەسوکاری شەھیدان، رێزلێگرتن لە خەباتی تێکۆشەرانی دێرین و گەشەکردنی ئازادی بووە.
یەکێتی ئەو قۆناغەی تێپەڕاند بەسەرۆکایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی، ئێستا قۆناغێکی جیاواز و ئیدارەیەکی جیاوازە، کە یەکێتی بەھێز بوو ھەموان بەھێزن، یەکێتی مەدرەسەی مام جەلالە ئەو مەدرەسەیە دەبێ لەسەر ھەمان نەھج و فکر و رێبازە رەسەنەکە بێت، بیرمان نەچیت مام جەلال تەنیا ھی یەکێتیش نەبوو ھی ھەموو خەڵکی کوردستان و عیراقیش بوو، مام خۆی بەھی ھەموان دەزانی، گەورەیی مام جەلال لەوەدابوو دەرگای بۆ ھەموان کراوەبوو، بۆ عەرەب و تورکمان و مەسیحی ھەموو کەمە نەتەوایەتیەکان، خۆی بەپارێزەری ھەموان دەزانی.
زۆر کەس باس لە رێبازی مام جەلال دەکات بەڵام تا ئێستا تێنەگەیشتوە رێبازی مام چییە؟وتارەکانی و کردەوەکانی رێبازی راستەقینەی مامە.
لەچلەی ماتەمینی خوالێخۆشبوو شەمسەدین موفتیدا کە لەشاری ھەولێر بەرێوەچوو، مام جەلال وتارێکی پێشکەش بەئامادەبوان کرد کە کۆتا وتاری بوو چونکە دواتر نەخۆش کەوت، لە وتارەکەیدا دەڵێ شیعرەکەی حاجی قادریش بنووسنەوە کە دەڵی مەرگ و ژین میسلی سێبەر و تاوە ئەوەی باقی بمێنێت ھەرناوە، مام جەلال دەیزانی چی دەڵێت لەوێدا، بۆیە لە مێژوودا ناوی مام جەلال ھەمیشە بەگەورەیی دەمێنێتەوە، مام جەلال کەمی نەکرد بۆیە کوردایەتی قەرزای مام جەلالە.
کوردایەتی مامی زۆر ھیلاک کرد، کورد پێویستی زۆر بەمام جەلال مابوو بەڵام بەداخەوە مەرگ رێگەی پێنەدا دواجار ماڵئاوایی کرد، ماڵئاوایەکی بەسەربەرزی تا ھەتایە ناوی بەپیرۆزی و گەورەیی دەمێنێتەوە.
بۆیە ئەگەر دەمانەوێت یەکێتی، یەکێتی سەردەمی مام جەلال بێت تەنیا قسەکانی و کردارەکانی رێبازەکەی جێبەجێبکەین دوور لەبەرژەوەندی تەسکی شەخسی، رێبازەکەی شێبکرێتەوە بۆ نەوەی ئێستا، ئەوا دڵنیابن وەک سەردەمی دامەزراندنی یەکێتی خەڵک ھەمیشە روی لەیەکێتی دەبێت، چونکە یەکێتی خاوەنی مام جەلالە، مام جەلالیش دیاردەیەک تایبەت و دەگمەن بوو بۆ ھەموو کوردستان.