سەرۆک مام جەلال: یەکێتی لەم راستییە باش گەیشتبوو کە خەباتی سیاسی لە دەرەوەی وڵات تەواوکەر و سەرخەر و پێشخەری خەباتی شۆڕشگێرانەی ناوەوەی وڵاتە.
سەرۆک مام جەلال: یەکێتی بۆ دوژمنایەتیکردنی هیچ حزبێک دروست نەبوو.
مام جەلال: قەڵەم و کڵاشینکۆف هەردووکیان دوو چەکەکەی یەکێتی بوو لە خەباتەکەیدا.
مام جەلال: ئێمە بەڵێنەکەی خۆمان بەجێهێنا.
مام جەلال: ئێمە تاقیکردنەوەکەمان وای دەرخستوە کە هەمیشە لە گەشەکردن و گۆڕان و پێشکەوتندا بووین.
مام جەلال: یەکێتی شکست و تەسلیم بوونی قبووڵ نەکرد.
مام جەلال: هیچ حزبێکیش لە تەئریخی کورددا ئەوەی بەدی نەهێناوە کە یەکێتی بەدیهێناوە.
مام جەلال: یەکێتی ئەو هێزەیە کە هەردەمێنێ، گەشەدەکات و پێشدەکەوێ.
مام جەلال ئاماژە بەوە دەکات کە یەکێتی بۆ دوژمنایەتیکردنی هیچ حزبێک دروست نەبوو، یەکێتی بەنیازی دوژمنایەتی و ململانێی ناحەزانە لەگەڵ هیچ حزبێک نەبوو
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە سەرۆک مام جەلال وەڵامی دەداتەوە و بە وردی و بە پوختی باس لە زەرورەتی دامەزراندنی یەکێتی دەکات.
پرسیار و وەڵامەکەشی لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، پێشتر ڤیدیۆکەم دەستکەوتبوو کردبووم بە فاسیلەی تەلەفزیۆنی، پێم گرنگ بوو بۆ مێژوو، لە ساڵیادی ئەمساڵی دامەزراندنی یەکێتیدا بیکەمە نووسین و بیخەمە بەردیدی خوێنەران لەبەر گرنگیی بابەتەکە، بەدیاریکراویش دەستم نەکەوت ئاخۆ چەندەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتییە کە جەنابی مام جەلال وەڵامی پرسیاری «یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆچی؟» دەداتەوە.
سەرۆک مام جەلال لە وەڵامدا وا ئاماژەی پێدەکات کە یەکێتی پێی باش بوو، پێی راست بوو کە هەوڵبدات عەتف و لایەنگری و پشتیوانی دەوڵەتە گەورەکانی دونیا بۆ خەڵکی کوردستان رابکێشێت، یەکێتی لەم راستییە باش گەیشتبوو کە خەباتی سیاسی لە دەرەوەی وڵات تەواوکەر و سەرخەر و پێشخەری خەباتی شۆڕشگێڕانەی ناوەوەی وڵاتە.
هەروەها هەڤاڵ مام جەلال لەو کورتە ڤیدیۆیەدا دەڵێت: چونکە کۆمەڵی کوردستان چینی جیاجیا و بیروباوەڕی سیاسی جیاجیا و فکری جیاجیای تێدابوو، تەنها رێکخستنی وەکو یەکێتی دەیتوانی ئەمانە کۆبکاتەوە و لەناو خۆیدا یەکیانبخات و سازیاندا بۆ خەبات و هەڵسانەوەی شۆڕشی نوێ.
سەرۆک مام جەلال ئاماژە بەوەش دەکات کە یەکێتی بۆ دوژمنایەتیکردنی هیچ حزبێک دروست نەبوو، یەکێتی بەنیازی دوژمنایەتی و ململانێی ناحەزانە لەگەڵ هیچ حزبێک نەبوو.
بۆ خەباتی چەکداریش سەرۆک مام جەلال دەڵێت: دیارە یەکێتی لە سەرەتاوە باوەڕی بەوە هەبوو کە خەباتی چەکداری شەرتێکی مان و گەشەکردن و پێشکەوتنی یەکێتی خۆیەتی، قەڵەم و کلاشینکۆف هەردووکیان دوو چەکەکەی یەکێتیی بوون لە خەباتەکەیدا.
لەبارەی بەجێهێنانی بەڵێنەکانیش لەکاتی دامەزراندنی یەکێتیدا، هەڤاڵ مام جەلال بە گرنگییەوە باسی دەکات و دەڵێت: گرنگە بیڵێم لێرەدا ئەوەیە کە ئێمە بەڵێنەکەی خۆمان بەجێهێنا، هەر لە سەرەتاوە شانبەشانی خەباتی چەکداری، باوەڕمان بە خەباتی سیاسی، فکری، راگەیاندن هەبوو، بۆیە گرنگیمان دا بە دەرچواندنی نامیلکە، بەیاننامە پاشان رۆژنامە.
بۆ خاسییەتەکانی یەکێتیش، مام جەلال تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە یەکێتی یەکێک لە خاسییەتەکانی ئەوە بوو کە باوەڕی بە گەشەکردن و خۆنوێکردنەوە و خۆسازدان و چاکسازی هەبووە لەناوخۆیدا، ئێمە تاقیکردنەوەکەمان وای دەرخستوە کە هەمیشە لە گەشەکردن و گۆڕان و پێشکەوتندا بووین، هەر دەورە و لەگەڵ زەمانی خۆی نەوعێک لە دروشم و نەوعێک لە رێباز و تاکتیکی هێناوەتە پێشەوە و بەکارمانهێناوە.
گرنگیی سازدانی راپەڕین لە کوردستاندا، مام جەلال بە وردی باسی دەکات و دەڵێت: یەکێتی کەوتە بیرکردنەوە لە سازدانی راپەڕین لەناو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا، کەسیش ناتوانێ ئینکاری ئەو راستییە بکات کە بە رابەرایەتی یەکێتی و سەرکردەکانی یەکێتی بوو کە شارەکانی رانیە و قەڵادزێ و سلێمانی و دەوروبەری و هەولێر و کەرکوک رزگارکران، تەنانەت لە راپەڕینی بادینانیش یەکێتی و شانەکانی دەورێکی گرنگیان هەبوو، جا دەمەوێ بڵێم کە ئەو شێوەی داهێنان و خەباتە بە دەستپێشخەریی یەکێتی بوو.
مام جەلال دەشڵێت یەکەم جارە حزبێکی سیاسی کوردستان ئاخیر خێر دەردەچێت، نەک ئەنجامەکەی شکست و دەربەدەریی بێت، بەڵکو ئەنجامەکەی سەرکەوتنی گرنگە لە ناوچەیەکی گرنگی کوردستاندا، ئەنجامەکەی هەڵبژاردنی پەرلەمان بوو، داھێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و رێگاکردنەوە بوو بۆ گەشەپێدانی ئابووری و سیاسی.
بۆ شکستیش، مام جەلال وا وێنای دەکات کە یەکێتی شکست و تەسلیم بوونی قبووڵ نەکرد، بۆیە یەکێتی دەستەبەری سەرکەوتنەکانمان بووە و هیچ حزبێکیش لە تەئریخی کورددا ئەوەی بەدینەهێناوە کە یەکێتی بەدیهێناوە و بۆمان هەیە بە سەربەرزییەوە بچینە سەر گۆڕی شەھیدەکانمان کڕنۆش بەرین بۆ گیانی پاکیان و پێیان بڵێن خوێنی گەشتان بەفیڕۆ و بەخۆڕایی نەچووە، سەیری دەستکەوتەکانی یەکێتی بکەن کە بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان هێنایەدی.
سەرۆک مام جەلال بۆ داهاتووی یەکێتییش دەڵێت: یەکێتی ئەو هێزەیە کە هەردەمێنێ، گەشەدەکات، پێشدەکەوێ.