دەبێت وتەکانی مام بکرێنە کردار

09:47 - 2022-10-02
هیوا محەمەد
846 خوێندراوەتەوە

مام جەلال بە هەموانی وت بگەڕێنەوە بۆ خانووە قوڕەکان، نەیووت ئێوەش بیکەنە ئامۆژگاری و ململانێ بکەن بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆتان. گەڕانەوە بۆ خانووە قوڕەکان هەروا ئاسان نییە، کەسی خۆی دەوێت دان بەجەرگی خۆیدا بنێت و پشت لەبەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆی بکات و بچێتەوە ناو جەماوەر.
ئەم وتەیەی مام فەرمان و ئاگادارکردنەوەش بوو ئەوجار ئامۆژگارییەکی جوان بوو، بۆ هەموو کەس و حزبێک دەبێت.
خانووە قوڕەکان لای مام بە خانووی بە قوڕ دروستکراو نییە کە ئێستا بچن لەژێریدا بژین، بەڵکو مەبەستی ئەو خەڵکەیە کە ئێمەی لە خانووە قوڕەکانی خۆیدا داڵدە دەدا و دەیپاراستین، بیرهێنانەوەی ئەو خانووە بە قوڕ دروستکراوانە دەڵێت کە لە سەدان دۆڵ و چیاکانی کوردستان دروستمان دەکرد و لەژێریدا دەحەواینەوە و شۆڕشمان دەکرد.
ئەو خانوانەی کە لە ژوورەکانیدا تا وتارێکی هاندەرانەی شۆڕشگێرانەمان  دەنووسی دەیان مشک سەرەتاتکێیان لە نێوانی بەردە بە قوڕ هەڵچنراوەکانەوە دەکرد، ئەو زەمانەی کە سەدان ئەسپێ بە ئێخەی کراسی شەهیدێکەوە تێکەڵی خوێن دەبوو.
ئەو سەردەمەی دەیان سەعات رێگەمان دەبڕی تا کەسێکی لە ترسی سەربازیی هەڵاتوو، بۆ شۆڕش کێش بکەین.
مام وتی بگەڕێنەوە بۆ ئەو رابردووە و خۆتان بیر نەچێتەوە، ئەو دەڵێت خەڵک سەرچاوەی مانەوەی ئێوەیە، پشت لە خەڵک و داواکارییەکانیان مەکەن.
 بەداخەوە زۆر جار دەبیستین و دەبینین کەسێک ئەم وتەیە بەکار دێنێتەوە کە دەمێکە لەبیری چۆتەوە چی بەسەر هاتووە و چۆن گەیشتووە بە ئەمڕۆ.
ئەگەر حزبایەتی بووە بازرگانیی، ئەوا کادرەکانیش دەبنە بازرگانە چاوچنۆکەکان، حزبیش دەبێتە بازاڕە گەرمەکە و رۆژانە قۆڵی هەزاران کەس دەبڕدرێت.
مام جەلال بە بەکارهێنانی ئەم وتە پڕمانایانە سەدان رستەی بە گوێی هەڤاڵەکانیدا دەدا، بە جۆرێک دەیووت بڕۆن و درێژە بە خەبات بدەن و رابردووش لەبیر نەکەن.
هەموو سەرکردەکان و کادران و پێشمەرگە دێرینەکان، دەکرێت وەک هەر تاکێکی دیکەی کۆمەڵگە ژیانی خۆیان پێکەوە بنێن و بە شوێن خۆشگوزەرانیدا بگەڕێن بۆ خۆیان خێزانیان و قەرەبووی ئەو چەند ساڵەیان بۆ بکەنەوە کە لە شۆڕشدا بوون، بەڵام ئەمە نابێت لەرێگەی بەکارهێنانی دەسکەوتەکانی حزبەوە بێت بۆ خۆیان و لە بەشی هەڤاڵەکانیان و ئەندام و لایەنگرانی یەکێتی کەم بکاتەوە، دەبێت ئەوەی دەستی یەکێتی دەکەوێت بەشی هەموو یەکێتییەکانی بدات کە رۆژانێک هەریەکە بە جۆرێک بەشداری سەرخستنی ئەو شۆڕشەیان کردووە.
گەڕانەوە بۆ خانووە قوڕەکان واتا بڕیاردان لەناو جەرگەی خەڵکەوە و بۆ بەرژەوەندیی خەڵک، واتا وەستان لە ریزی پێشەوەی خەڵک لە هەموو نەهامتییەکانیاندا، گرنگە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە سەروویانەوە هەڤاڵ بافڵ تاڵەبانی وەک سەرۆکی حزب و کوڕی مام جەلال، جەخت بکەنەوە لەسەر جێبەجێکردنی وتەی لەم چەشنەی مام کە زیاتر لە 60 ساڵ جێدەستی کارەکانی و کاریگەریی وتەکانی لەسەر شۆڕش و خەڵک دەبیندرا.
وتەکانی مام بۆ هەموو کات و سەردەمێک دەبن و دەکرێت بکرێنە نەخشەڕێی کارکردن.

وتارەکانی نوسەر