ئامانجی ئیسرائیل و ئەمریکا ئەوەیە وڵاتێکی وەک ئێران بەم بەهێزییەوە کە سنووری بە روسیاوە هەیە و دۆستایەتی باشی لەگەڵ چین هەیە و ئاڵوگۆڕی نەوتی لەگەڵ دەکات، نەمێنێت
بەهۆی جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیاوە، ماوەی سێ ساڵ زیاترە وڵاتانی ئەوروپا بە گشتی زەرەمەندی یەکەمن لە رووی ئابوورییەوە، لەوەش کە سیاسییەکانی ئەم وڵاتانە، دابەشبوون بەسەر چەندین بیری جیاوازدا، تێیاندایە لایەنگری ئۆکرانیایە و بەپێچەوانەشەوە هەندێکیان لەگەڵ پێدانی هیچ هاوکارییەک نین بە ئۆکرانیا، ئەمەش یان لە ترسی تۆڵەی روسیایە، یان لەبەر ئەوەی خۆیان لە ئۆپۆزسیوندان و دەیانەوێت بیکەنە خاڵی لاوازی حزبی حکومڕان، گوایە ئەو سەدان ملیۆن یورۆیەی وڵاتەکەیان دەیدات بە ئۆکرانیا، کار دەکاتە سەر ژیانی تاکەکانی خۆیان و ئابووریی وڵات دادەبەزێنێت.
زۆرێکیش لەبەر ئەوەی، نرخی سووتەمەنی و بەگشتی کاڵاکان، بەهۆی ئەو جەنگەوە بەرز بوونەتەوە، نایانەوێت وڵاتەکەیان لەپشت هیچ کام لە روسیا و ئۆکرانیاوە بێت.
ئەوروپا لەم ناوچەیەوە کە هێرشی مووشەکی و فڕۆکە لە نێوان ئێران و ئیسرائیل دەستی پێکردووە، نزیکەی چوار هەزار کیلۆمەتر دوورە، واتا بە دوور دەبینرێت کە پڕیشکی جەنگی ئێرە بیگرێتەوە، بەڵام بە داخستنی یان نا سەقامگیریی تەنگەی هورمز و بابولمەندەب، هێندەی تر ئابووریی ئەوروپا دەکەوێتە ژێر مەترسییەوە.
ململانێکان بۆ فراوانبوونی دەسەڵاتە
لای سیاسییەکانی جیهان بە گشتی لەم سەردەمەدا، ململانێکان بۆ فروانبوونی دەسەڵاتی جوگرافییە تا لەڕێیەوە زیاتر ئەو سەروەت و سامانەی ژێر زەوی بەدەست بهێنن، وەک ئەوەش کە ئەمریکا لە ئۆکرانیا بەدەستی هێنا لە کانزا دەگمەنەکان، یان رێگەکانی هاتوچۆ مسۆگەر بکەن بۆ گواستنەوەی سامانە سروشتییەکان، لەم سەری جیهان بۆ ئەو سەری، وەک هێڵی ئاوریشمی چینی.
ئەمەش وایکردووە مانایەک بۆ هەستی مرۆڤایەتی و خزمەتکردن پێی و پێشخستنی تەکنۆلۆژیای جیهان لە خزمەتی مرۆڤایەتیدا ببێتە دوا خاڵی گفتوگۆی سەر مێزەکان، تەنانەت باسی ژینگەی جیهان و چینی ئۆزۆن و مەترسییە سروشتییەکانی دیکەش، هێندە بەهایان نەماوە.
بەهۆی ئەوەشەوە کە روسیا سەرقاڵی جەنگێکە تائێستا نەیتوانیوە یەکلایی بکاتەوە لەبەرژەوەندیی خۆی (ئەگەرچی یەکێکە لە زلهێزەکانی جیهان) چینیش لە بەردەوامیی خۆپێشخستندایە بۆ دەستگرتن بەسەر ئابووریی جیهاندا، نایەوێت خۆی لەم کێشانە هەڵقورتێنێت، ئەمەش رێگەی لەبەردەم ئەمریکا فراوانتر کردووە تا ئاراستەی داشەکانی سەر شەترەنجی جیهانی باشتر و براوەتر لە بەرژەوەندیی خۆی بجوڵێنێت.
ئەوان دەمێکە کار لەسەر ئەمە دەکەن
ئەمریکا و ئیسرائیل زۆر بە وردی و درێژخایەنی چەند ساڵێک کاریان لەسەر ئەوەکرد کە ئێستا دەیانەوێت بەدیبێنن، ئەوان توانییان هەنگاوێک بە ئامانجی خاوکردنەوەی گرژیی و بەستنی پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی بچنە پێشەوە، هەر لە مەغریبی عەرەبییەوە تا ئیمارات و قەتەر، ئەوە سعودییە و ئوردن هەر لە مێژە دەستیان گرتووە بە کڵاوەکەیانەوە با نەیبات، لەگەڵ تورکیای (ئیسلامدۆستیشدا) لەئاستێکدان کە (مانۆڕی سەربازیی هاوبەش) دەکەن لە دەریای ناوەڕاستدا.
لە پێش هاتنەوەی ترەمپ بۆ کۆشکی کۆماری، ئیسرائیل دەستیکرد بە وێرانکردنی غەززە و لاوازکردنی تەواوی حەماس و حزبوڵڵا لە لوبنان، کۆتاییەکەشی بە وەدەرنانی ئەسەد بوو لە سوریا، ئێستا ئیسرائیل لە چواردەوری خۆی هیچ مەترسییەکی گەورەی لەسەر نییە، ئەوەی کە هەیە هاویشتنی مووشەکە لە دوورەوە، ئەویش لەلایەن ئێران و حوسییەکانی یەمەنەوە.
ئەوان نایانەوێت ئێران لەسەر پێی خۆی بە راوەستاوی بمێنێتەوە، دەترسن بەهێز بێت و ببێتە مەترسی بۆ سەریان، بۆیە رێگریی دەکەن لە گەیشتن بە رێککەوتن لە دانوستاندنەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران کە ئەمە ئیسرائیلیش دووردەخاتەوە لە ململانێکان.
دەڵێن گوایە ئێران چەکی ئەتۆمی دروست دەکات، ئەمە کاتی خۆی پێش لابردنی رژێمەکەی سەدامیش لە رێگەی وەکالەتی جیهانیی ئەتۆمییەوە، وتیان عیراق چەکی کۆمەڵکوژیی هەیە، کەچی دوای نەمانی رژێمەکە هیچمان نەدی، دیار بوو ئامانج لابردنی سەدام بوو، ئێستاش ئەوەی لەسەر ئێران دەیڵێن تەنها بیانوویەکە بۆ لێدانی، دەنا لە راستیدا ئامانجیان چۆکپێدادانی ئێرانە بۆ داواکانیان و لاوازکردنییەتی.
بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی وزەی ئەتۆم رافاییل گروسی، لە لێدوانیدا بۆ سی ئێن ئێنی ئەمریکی رۆژی چوارشەممە دەڵێت: هەوڵێکی بەرنامە بۆ دارێژڕاو لە ئێران نییە بۆ بوون بە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، کەچی هەریەک لە ترەمپ و ناتانیاهۆ قسەی سەر زار و بن زاریان ئەوەیە دەبێت ئێران واز لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بهێنێت، هەرچی ئێرانیشە چەندین جار لەسەر زاری وەزیری دەرەوە، عەباس عیراقچی دەڵێ ئەوان بە نیازی ئەوە نین و ئامادەشن لەوبارەیەوە بچنە دانوستاندنەوە.
ئەمانە ئەوەمان پێدەڵێت کە ئامانجی ئیسرائیل نەهێشتنی حکومڕانییە لە ئێران، دەیانەوێت لاوازی بکەن و هاوشێوەی سوریای لێبکەن.
هێرشەکانی ئیسرائیل ئەگەر وەک خۆیان دەڵێن هێندە ورد و هەستیارن، ئەی بۆچی نەیانتوانی زیانی گەورە بگەیەنن بە شوێنی دروستکردنی ئەو چەکە ئەتۆمیانە؟
لەم بارەیەوە گروسی دەڵێت: ئەگەرچی شوێنە ئەتۆمییەکانی ئەسفەهان و فۆرد و لێیاندراوە، بەڵام زیانێکی ئەوتۆیان پێنەگەیشتووە شایەنی باس بێت، کەواتە هەموو ئەو زیانە ماددی و گیانییانەی لە رێگەی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بەر ئێران کەوتوون لەژێر ناوی ئەوەدا بوون کە دەیانەوێت ئێران وا لێبکەن چیدی مەترسیی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی نەبێت!.
ئامانجی ئیسرائیل و ئەمریکا ئەوەیە وڵاتێکی وەک ئێران بەم بەهێزییەوە کە سنووری بە روسیاوە هەیە و دۆستایەتی باشی لەگەڵ چین هەیە و ئاڵوگۆڕی نەوتی لەگەڵ دەکات، نەمێنێت، لەبری ئەمە وڵاتێک بێت کە لایەنگری خۆیان بێت. جا ئەوکات سەیری نەخشەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بکەین، هیچ وڵاتێک نامێنیت، مەترسیی بۆ سەر ئیسرائیل هەبێت، لەڕووی جوگرافیای سیاسییشەوە، رۆڵی ئەمریکا لە ناوچەکە زۆرتر دەبێت و دەسەڵاتی فراوانتر دەبێت، دوور نییە بنکەی سەربازی بەهێز وەک زەمانی شا لە ئێراندا دابنێت و روسیا و چینی پێ ملکەچ بکات، ئەوکات لەڕووی ئابووریشەوە براوەی یەکەم خۆی دەبێت، ئەوروپاش هەرچەندە دوورە بەڵام زیانەکانی زۆرتر پێدەگات.
سیاسییە زلهێزەکان لەم سەردەمەدا بەلایانەوە گرنگ نییە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی چ زیانێکی پێدەگات لە پای ململانێکانی ئەوان