بەیانیت باش مام جەلال

09:48 - 2022-10-02
ستران عەبدوڵڵا
508 خوێندراوەتەوە

وەك ئەوە وابێ هەر ئێستا کۆبوونەوەت لێلمانا هەبێ ئەڵێم ها ئێستا نا تۆزێکی تر ئازادی وێنەگر دێتە ژوورەوە و کامێراکەی زووم کردووە ئاماژە بەوەی گەیشتیتە لامان. 
ئینجا دەپرسی : حەز دەکەن باسی چیتان بۆ بکەم؟
زۆرباشە ئەی ئێوە پاداشتی نووسین دەدەن؟ 
وەك مامی خۆتان، من یەکەم جار لە بەشی عەرەبی رادیۆی مۆسکۆ بەهۆی برادەرێکی عەرەبەوە وتارێکم بڵاوکردەوە، سبەی بینیم  لە سندوقی پۆستەکەم چەردەیەك رۆبڵیان بۆ ناردوم وتیان پاداشتی نووسینەکەتە.
ئەبێ پاداشتی رووناکبیران بدەن. 
ئێ قەینا رۆبڵ نییە، بەدیناری عیراقی.
ئاگاتان لە پانایی بێت، وەکو جەواهیری پێی وتمەوە، موبالەغە مەکەن کەروێشك بە عاربانەی بگرن.
جا نیوەڕۆ میوانی مامی خۆتانن. ئەوەیان تیکەی راوچییە دەیدەمە خۆشەویستان. 
ئەوە چییە؟ هیچتان  نەخوارد؟! بەخوا لەو دونیا یەخەتان دەگرم، دەڵێم خوایە ئەو هەموو خواردنەم بۆ دابوون بەکردن، کەچی کەمیان خوارد.

بەیانیت باش مامە
وەک بڵێی دوێنێیە کە دەتگوت مەدحی زیندووەکان مەکەن، نەوەك سبەی لەڕێ لادەن! ئەگەر هەر دایك مەدحی کچ بکات مەگەر  خاڵی بێتە داوای!
لە جیاتی ئەوە مەدحی شەهیدەکان بکەن کە خوێنیان بەخشی، مەدحی تێکۆشەرانی نەمر بکەن کە تەمەنیان بۆ کورد و کوردستان سەرف کرد.
ئێمەش بە خۆشی و شۆخییەوە دەمانگوت ئاخر خوا خۆی دەڵێ: اما بنعمة‌ ربك فحدث.

 بەیانیت باش مامە 
وایە کە زۆر کەس دەڵێ لەسەر رێبازەکەتم و خۆی موسەیلەمەیەکی درۆزن و مودەعییەکی تەڵەکبازە. 
بۆیە هەر ئەوەندە دەڵێم:
رێبازەکەت ئاسانیشە و گرانیشە: 
ئاسانە چونکە هەر خۆی ئەوەندە بەسە کورد بیت، کوردستانیی بیت و دیموکراتخواز بیت، گوێ بگری پێش ئەوەی قسە بکەیت. مانای وایە لەسەر رێبازەکەی، جا ئەگەر لە قەفقاس یان لە ئەسکیمۆ، لە گەڵەبجاری لای ئەرمەن و ئازەر، یان  پیازەجاڕی لای گەرمیان بژیت.
هەر ئەوەندە بەسە قسەت خۆش و دەم بەخەندە و دڵ پر لە هیوا بیت لە خۆرهەڵاتی ستەم و بەد و ناجۆردا، ئیتر هەوی.
گرانە ئەگەر  خۆت سەغڵەت و خەڵك تەنگەتاو بکەیت، کەچی ئامادەش نەبیت لە پێناویاندا خۆت راپسکێنی و خۆت بەخت بکەیت.
ئاخر مامە ئێوە لە دەورانی شێخ رەزای کەرکوکلی زادە، بەوەسفی سەرچاوە عوسمانییەکان نە ژیان، دەنا ئەو چوارینە زێڕینەی بۆ زەهاوی نووسیبووی دەیکردە میدالی سەر سنگی مام:
ئەی مادەری گێتی تۆ هەتا ئێستە نەزاوی
زاتێکی وەکو فەیزی ئەفەندییی زەهاوی
مومکین نییە ئیدراکی حەقائیق بە تەواوی 
مومکین نییە ئیدراکی نەکا زیهنی زەهاوی

تشرینی یەکەم ساڵی 2021

مەدحی شەهیدەکان بکەن کە خوێنیان بەخشی، مەدحی تێکۆشەرانی نەمر بکەن کە تەمەنیان بۆ کورد و کوردستان سەرف کرد

 

وتارەکانی نوسەر