ئامانجی پەروەردە مرۆڤە

10:18 - 2022-10-03
چنار عەزیز
1995 خوێندراوەتەوە

پەروەردە هەیە تا پەیوەندی نێوان مرۆڤ و جیهان، مرۆڤ و ناخی خۆی پتەو بکات و نەبێتە مرۆڤێک لە خودی خۆی نامۆبێت، وەک ئەوەی ئێستا هەیە و دەبینین بەشێکی زۆری  تاک لە خۆی بێزار و ماندووە، کەواتە لە ئێستادا پەروەردە گرنگترین بوارە کە دەبێت دڵسۆزانە هەوڵی بۆ بدرێت.
ئەم کارەش بۆیە دەکات هەتا تاک خاوەن بڕیاری خۆی بێت. تاکێکی کار لەسەرکراو نەبێت و ببێتە ئۆبجێکت. تاکێکی هەژار و دەست کورت نەبێت لە بڕیاردان و دیاریکردنی ئامانجدا. دەبێت خۆی کۆڵەکەی راگرتنی خودی خۆی بێت و هۆشیار  بە ئاگا بێت  و پێویستی بە بریکار نەبێت. بۆیە دەبێت مامەڵە لەگەڵ ژیاندا بکەن تا بتوانن ژیانیان بنیاد بنێن و ژیانیان فراوان بکەن. ژیان رەشبینیت بۆ دروست ناکات بەڵکو ئەوە خودی مرۆڤە ئەو رەشبینیه لە ناخیدا پەروەردە دەکات و ئامادەیە ئەو دۆخەی هەیە بچێتە ژێر باری و قبووڵی بکات، دواتریش دەبێتە کۆت و بەند و ناتوانێت بەسەریدا زاڵ بێت و سەرکەوتن بەدەست بێنێت و لەو دۆخە چەقبەستووەدا دەمێنێتەوە تا سەرتاپای ژیانی و بێ هیواییەک لە ژیانیدا گەشە دەکات ئەمەش کاریگەریی دەبێت لەسەر ژیانی لەم حاڵەتەدا دەوروبەری دەکاتە فریادڕەس و بریکاری ژیانی.
ئامانجی پەروەردە مرۆڤە، وەک بنەمایەکە بۆ ئامادەکردنی تاک بۆناو ژیان. چونکە ژیان و تاک تەواوکەری یەکترن.
کەواتە کاری پەروەردە کارێکی قووڵە و ئارامی پێویستە، کورت ناکرێتەوە لەسەر تەنیا فێربوونی تاکەکان بەڵکو دەبێت ئەو تاکە پەروەردە بکرێت و ئاڕاستەی کۆمەڵگا بکرێت و لەناو کۆمەڵگەدا چێژ لە ژیان وەربگرێت و خاوەن ئینتیما بێت بۆ کۆمەڵگەکەی.  لەبەرئەوە پێویستە خێزان و فێرگە بە‌ پەرۆشەوە بڕواننە ئایندەی ئەو تاکە کە پەروەردەی دەکەن.
هیچ کەسێک لە جێگەی کەسی تر بیرناکاتەوە، دایک و باوک ناتوانن لە جێگەی منداڵەکانیان بیربکەنەوە، بەهەمان شێوە منداڵەکانیش وەک دایک و باوک بیرناکەنەوە، چونکە دوو کەسن لە دوو زەمەنی جیاواز لە یەک ماڵدا کۆبوونەتەوە، بەڵام  ئەگەر منداڵ بیرکردنەوەی خراپی هەبێت، دەتوانرێت بە پەروەردەیەکی باش بە رەچاوکردنی جیاوازی تەمەن و سەردەم بیگۆڕی بۆ بیرکردنەوەیەکی باش.
تاکەکان وجودیان هەیە، بەڵام بە پەروەردەکردن وجودیان زیاتر دەردەکەوێت، ئەگەر لە رووی ژینگەییەوە، لە رووی ژیانی کۆمەڵایەتییەوە لە رووی کەسایەتییەوە لە خراپترین دۆخدا بن بە پەروەردەکردن دەبن بە خاوەن کەسایەتیییەکی سەرکەوتوو.
چونکە ئەگەر پەروەردەکردنەکە پێچەوانەی خۆیان وەستایەوە دەبێت به پەروەردەیەکی ئاڵۆز و هەست دەکەن قۆرخکراون، کەسایەتی و بیرکردنەوەیان ئازاد نییە. ئەمەش دەبێتە ئاستەنگ لەبەردەم بەرەو پێشچوونیان و کەسایەتییان لە داهاتوودا.

وتارەکانی نوسەر