عیراق و خۆڕاپسكاندن بۆ دەرچوون لە بنبەست

10:47 - 2022-10-03
فەرید ئەسەسەرد
366 خوێندراوەتەوە

سەرەڕای هێوربوونەوەی شەقامی سیاسی بەهۆی چلەی ئیمام حوسەینەوە، هێشتا قەیرانی عیراق بە چارەسەرنەكراوی ماوەتەوە، بەڵام لەو ماوەیەدا زۆر شت گۆڕاوە، لەسەرووی هەموویانەوە ئەوەیە كە راگەیەنراوەكەی حائیری، سەدری تووشی شۆك كرد و باڵانسی تێكدا. نكوڵی لەوە ناكرێ كە حائیری، بۆ سەدرییەكان، سەرچاوەی شەرعیەت پێكدێنێ و سەرپێچی كردن لە بڕیارەكانی كارێكی رەوا نییە. ئەم بابەتە لە روانگەی سیستمی بەها شیعییەكانەوە بایەخێكی زۆری هەیە، سەرباری ئەوەی كە لە ساڵۆنە سیاسییەكاندا باوە كە سیستانی، گەورە مەرجەعی شیعە، دوور لە وروژاندنی میدیایی و بەشێنەیی، پەیامی روونی خۆی گەیاندۆتە سەدر و هێوری كردۆتەوە سیستانی بە دەگمەن رای خۆی دەربارەی كەیسە سیاسییەكان دەردەبڕێ، كە دەریشی دەبڕێ، یەكلایی دەكاتەوە. هاتنی سیستانی بۆ ناو مەسەلەكە بەڵگەی ئەوەیە كە رەوشەكە مەترسیدارە و پێویستی بە دەستتێوەردان و رێنماییە.
پێشهاتێكی تری گرنگ هەیە ئەوەیە كە دوو هاوپەیمانەكەی سەدر لە هاوپەیمانی سێقۆڵی، پارتی دیموكراتی كوردستان و گروپەكەی حەلبوسی، لێی دوور كەوتوونەتەوە و لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی گەیشتوون بە لێكتێگەیشتن. ئەمەش بەم واتایە دێ كە هاوپەیمانی سێقۆڵی لەبەریەك هەڵوەشاوەتەوە و سەدر بە تاقی تەنیا، بەبێ هاوپەیمان، ماوەتەوە. ئەمە ئەوە دەگەیەنێ كە سەدر كە تا دوێنێ بەناوی زۆرینەی شیعە و كورد و سوننەوە قسەی دەكرد، چیتر ناتوانێ لاف و گەزافی ئەوە لێ بدا كە ئەو نوێنەرایەتی زۆرینە دەكات.
لەو ماوەیەدا سەدر زۆر كارتی گرنگی لەدەستدا، بەڵام هێشتا كارتی شەقامی بەدەستەوەیە. بەڵام دەبێ ئەوە لەبەرچاو بێ كە ئەو كارتە تاقیكراوەتەوە و جگە لە هەرا نانەوە و پاشاگەردانی هیچی تری پێ نەهاتۆتە دی. رووبەڕووبوونەوەی ئەم دواییە كە لە مەیدانی تەحریر لەكاتی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران هاتە ئارا، بارودۆخەكەی ئاڵۆز كرد، بەڵام نەیتوانی كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی نوێنەران پەك بخا و ناڕازییەكان بە هیچ دەستكەوتێك لێی دەرنەچوون.
بەردەوامبوون لەسەر وروژاندنی شەقام یارییەكی مەترسیدارە، بەتایبەتی ئەگەر بووە مایەی پەكخستنی دامودەزگاكانی دەوڵەت و دەشێ شەڕی ناوخۆی لێ بكەوێتەوە. ئەگەر رەوشەكە شەڕی ناوخۆی لێ كەوتەوە، ئەو شەڕە تەنها ناوچە شیعییەكان دەگرێتەوە كە ئەمەش كاریگەریی خراپی لەسەر ئەو دەستكەوتانە دەبێ كە شیعەكان پاش روخانی رژێمی پێشوو بەدەستیان هێناوە، بەڵام دەشێ شەڕەكە بەشێكی بەغداش بگرێتەوە، چونكە شیعەكان رێژەیەكی گەورەی دانیشتوانی بەغدا پێكدێنن كە ئەمەش دەبێتە مایەی هەڕەشە لەسەر چارەنووسی دەوڵەتی عیراق. دیارە هەردوو لایەنە ركابەرەكەی شیعە شەڕیان ناوێ، بەڵام لە هەلومەرجێكی پڕ ركابەری و دوژمنایەتیدا، دەشێ پێكدادانی بچووك پێكدادانی گەورەتری لێ بكەوێتەوە و بارودۆخەكە لە كۆنترۆڵ دەرچێ.
گرەوكردنی سەدر لەسەر شەقام بەو مانایە نییە كە ئەو دەتوانێ مەرجەكانی خۆی بسەپێنێ. لەبەرامبەردا، رەنگە ترس لە هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ لەناو شیعەكان، خۆی لە خۆیدا فاكتەرێكی ئەرێنی بێ بۆ هاندانی لایەنە ناكۆكەكان بۆ كاركردن بۆ گەیشتن بە بژاردەی باشتر.
سەدر چ دژی بین چ لەگەڵی بین، هێزێكە و نكوڵیی لێ ناكرێ و دەبێ دید و تێڕوانینەكانی، تا ئەو ئەندازەیەی كە لە توانادایە لەبەرچاو بگیرێن. پێشنیاری بەشداریكردنی نوێنەرەكانی لە كابینەی داهاتوودا، هەرچەند تا ئێستا سەدر لەم بارەیەوە هیچی دەرنەبڕیوە، خۆی لە خۆیدا چارەسەرێكی گونجاوە بۆ دەرچوون لە بنبەست.
ئەو رێكەوتنەی كە لایەنە سیاسییەكان، بەبێ سەدر سەبارەت بە كارنامەی كابینەی تازە پێی گەیشتوون، زۆربەی هەرە زۆری مادەكانی، گوزارشت لەو ئامانجانە دەكەن كە سەدر لە گوتاری راگەیاندراویدا بانگەشەیان بۆ دەكا، لەوانە لەسەرووی هەموویانەوە، هێنانەئارای حكومەتێكی كارای خزمەتگوزار، بەرپەرچدانەوەی گەندەڵی پیادەكردنی سیاسەتێكی سەربەخۆ و خۆنەبەستنەوە بە سیاسەتی هیچ دەوڵەتێكی تر چ دراوسێی عیراق بێ چ لە دەرەوەی ناوچەكە بێ.
پشتیوانی سەدر لەو كارنامەیە زۆر گرنگە. ئەو لەڕێی وەزیرەكانییەوە، ئەگەر بڕیاری دا بەشداری لە كابینەكەدا بكا، یاخود لە دەرەوە، وەك ئۆپۆزسیۆن یان وەك چاودێر، دەتوانێ رۆڵێكی كارا بگێڕێ و ئامانجە راگەیەنراوەكانی خۆشی لەڕێی ئەو كابینەیەوە بەدی بهێنێ، بەبێ پەكخستنی دەوڵەت و تێكدانی ئاشتی كۆمەڵایەتی و رژانی خوێن. ئەمەش تاكە چارەسەری سیاسییە بۆ دەرچوونی عیراق لە بنبەست.

وتارەکانی نوسەر