زۆنی سەوز لەژێر هێرشی میدیای نابەرپرسدا

10:04 - 2022-10-12
رێبین عومه‌ر‌
471 خوێندراوەتەوە

ماوەیەكە زۆنی سەوز كەوتۆتە بەر لێشاوێكی نابەرپرسی میدیایی، هەموو چاوی نەیارەکان خراونەتە سەر سلێمانی و حكومڕانییەكەی، كە لە راستیدا بەگوێرەی هەموو پێوەرەكان سلێمانی پێشەنگە لە زۆربەی بوارەكانی راگەیاندن و ئازادیی رادەربڕین و سەربەستی مرۆڤدا. 
ئەوەی دەرهەق بە سلێمانی دەكرێت نامۆڕالییە و ئەجێندایەكی زۆر نابەرپرسانەی چەند لایەنێكی لە پشتە، هەریەكەو بەگوێرەی بەرژەوەندیی خۆی هەڵسەنگاندن و لێكدانەوە و شیكاری بۆ هەواڵ و رووداوەكانی ئەم ناوچەیە دەکات و رمە کولەکەش ئاراستەی یەکێتی دەکرێت. 
كەسانێک كە هیچ پلە و پۆستێكیان  نەماوە و بێ رۆڵن، لە بەرژەوەندیاندایە دۆخەكان بە ئاراستەی نابەجێدا ببرێت، بەبێ‌ هەستكردن بە هیچ بەرپرسیارێتییەك بەرامبەر دۆزە گەورەکە. 
 ئەم تەوژمە نێگەتیفە بێمۆڕاڵە، زیانێكی زۆر بەئاشتی كۆمەڵایەتی و رەوتی چاكسازی دەگەیەنێت كە لەسەر دەستی حكومڕانە راستەقینەكانی سنوورەكە دەستی پێكردووە.
لە حزب سەرۆکی یەکێتی و لە حکومەتیش بە هەماهەنگی جێگری سەرۆکی حکومەت، بۆیە هەر جووڵەیەكیش كە دەكرێت لە چوارچێوەی یاسادا رەوایە و رێكخستن و سەپاندنی یاسایە بۆ راستکردنەوەی رێڕەوە چەوتەکەیە.
كۆمەڵێك بۆ بەرژەوەندییە مادیی و سیاسییە تەسكەكانی خۆیان بوختان و درۆ هەڵدەبەستن بەم شێوەیە.
هەواڵێكی چەواشەكارانە بووە مانشێت، دوو رۆژنامەنووسەكە بریندارن و تەقەیان لێكراوە، دواتر وەرگەڕاون، بێ ئەوەی وردی و راستی زانراو بێت و پەردەی راستی هەڵدرابێتەوە، بێ فلتەر هەواڵێكی چەواشەكارانە بڵاوكرایەوە وەك ژەهر رژێنرا، بۆ تەنها لەبەرئەوەی لێرەیە واتا سلێمانی.
حەقیقەت ئەوەیە كە تاقمێك بێكاری سیاسی بە مایكرۆسكۆپ بەدوای ئەوەوەن كە یەكێتیی بكەنە حزبێكی دیكتاتۆر وەها وێنای بکەن بە خەیاڵ كراسەكەشیان بۆ  دووریوە، بەڵام هەرچەند دەكەن بە قۆڵی ئەزموونی دیموكراسی ی.ن.ک دا ناچێت.
دوای چەند سەعاتێك روون بۆوە كەس بریندار نییە، قیتو قنج رۆشتنە سەردانی ئەو دوو رۆژنامەنووسەی كە سكاڵا لێدراون، دەریشكەوت كەسیش ئازار نەدراوە.
 دیوی تری ئەم گرتنە بابمێنێ بۆ دادگا، كە حەقیقەتی كەیسەكە دەردەخات، شەفافییەتی حکومەتی یەکێتی و شەخسی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران كە پێش هەموو كەس داكۆكی لە مەزڵوم دەكات، زۆنی سەوز پارێزەری ناوێ دیموكراسییەكەی حوکمی عەدالەت دەکات. 

وتارەکانی نوسەر