دوای نیولیبرالیزمی ئابووری

10:57 - 2022-10-13
فەیسەڵ عەلی
409 خوێندراوەتەوە

لە سایەی ئەو ململانێ سیاسی و ئابوورییەی ئێستا لە نێوان خۆرئاوا و خۆرهەڵاتدا هەیە، زۆر دڵنیانین لەوەی جیهان دەتوانێ دەستبەرداری سیستمی نیولیبڕالیزمی ئابووری ببێت، گروپی حەوت دەوڵەتە پیشەسازییەکە، گروپێکی بنچینەیین کە لە رووی ئابووری و نەختینەوە سیستمی جیهانییان کۆنتڕۆڵ کردووەو بەڕێوەیشی دەبەن، واتە لە میانی سیستمی نەختینە و نرخی سوود، لە بەرامبەریشدا، دەوڵەتانی تری وەک چین و روسیا و هیندستان و هەندێک بازاڕی دەوڵەتانی هەڵکەوتوو، لە دیوەکەیتری هاوکێشەی سیستمی نوێی جیهاندان. دەوڵەتانی هەڵکەوتوو بنچینەی گەشەی ئابووریی جیهانن و ئابووریی دەوڵەتانی پێشکەوتوو لە گەشەی ئابوورییاندا پشت بە گەشەی ئابووریی دەوڵەتە هەڵکەوتووەکان دەبەستن. هۆکاری ئەم پشتبەستنە ئەوەیە، سەرمایە و وەبەرهێنانی ئابوورییە پێشکەوتووەکان بەرەو ناوچەکانی گەشەی ئابووری دەچن، کە زۆربەیان لە دەوڵەتانی هەڵکەوتوون، وەلێ دابەشبوونی جیهان بەو شێوەیەی ئێستا لەبەرچاوی هەمووانە، وامان لێدەکات دەرکەوتن و سەرهەڵدانی قۆناغێکی نوێ ببینین، کە دەشێ بە گۆڕانکارییەکانی پێش (پۆست نیولیبرالیزم) وەسف بکرێت.
هۆکاری بنچینەیی پشتبەستنی جیهان لە گەشەکردنی ئابوورییدا بە ئابووریی دەوڵەتانی هەڵکەوتوو چوونی سەرمایە بۆ ناوچەکانی گەشە، بۆ هەڵەیەکی بێ مەبەستی نیولیبڕالیزم دەگەڕێتەوە، کە هەریەک لە بریتانیای سەردەمی مارگرێت تاتچەر لە ساڵی ١٩٧٩ و ئەمریکای سەردەمی رۆناڵد رێگن لە ساڵی ١٩٨١ هەناردەی جیهانیان کرد، چونکە یەکێک لە پێکهاتەکانی نیولیبڕالیزم، پشت بەستنە بە زیادکردنی سامان تا سەرڕێژ دەکات و دواتر لەناو کۆمەڵگە وەبەردەهێنرێتەوە و روودانی ئەوەی بە کاریگەریی لێڕۆیشتن (trickle-down effect) ناو دەبرێت، بەڵام لەمەدا شکستیان هێنا، چونکە پارەکە لە بری ئەوەی لەناو ئابووری بمێنێتەوە، بەدوای دەرفەتی گەشەکردن لە دەرەوەی ئابووری دەگەڕا، بەتایبەتیش لە دەوڵەتانی هەڵکەوتووی وەک چین، ئەمەیش وای لە بریتانیا کرد لەڕێی چوونە دەرەوەی لە یەکێتیی ئەوروپا (بریکزێت) هەوڵی گێڕانەوەی ئەو سەرمایەیەی بدات، ئەمریکاش لەرێی پراکتیزەکردنی سیاسەتەکانی دۆناڵد ترامپ، بە رێگەی هەمەجۆر هەوڵی گێڕانەوەی ئەو سەرمایەی دا کە چووەتە دەرەوە، هەروەها هەردوو قەیرانی دارایی و ئابووری ٢٠٠٨ و قەیرانی تەندروستی کۆرۆنا ڤایرۆس ٢٠٢٠، نیولیبڕالیزمی هێندەیتر لاواز کرد، پرۆسەی ئاسانکاریی بڕەکەی کە ئەمریکا زێدەڕۆیی تێدا کرد، کارێکی بە ئەنقەست بوو تا لاسەنگیی ئابووری دروست بکات، کە هەڵئاوسانی لەناو ئابووریی ئەمریکا بەرزکردەوە، دوای ئەوەش بە زێدەڕۆیی نرخی سوودی بۆ گێڕانەوەی سەرمایەی وڵاتەکەی لە هەموو ناوچەکانی جیهان، بەکارهێنا.
ئەگەر لە ململانێی ئێستای جیهان وردبینەوە، بەتایبەتیش لە روانگەی ئابوورییەوە، دەبینین کە ململانێی جیۆسیاسی بە دوو ئاراستەیە، یەکێکیان، دەوڵەتان هەوڵی گێڕانەوەی سەرمایەکانیان دەدەن و دووەمیشیان، دەوڵەتان هەوڵی باشترکردنی بارودۆخی بازرگانیی نێودەوڵەتییان دەدەن، لایەنە دیارەکانی ئەو ململانێیە، گروپی حەوت دەوڵەتە پیشەسازییەکە لەلایەک و لەلایەکەی تریش چین و روسیایە، بەڵام هیندستان پەیوەندیی لەگەڵ هەردوو لایەنی رکابەردا هەیە، ئەمەیش سەرکەوتنی گەشەی ئابوورییەکەی روون دەکاتەوە، دەشێ گەورەترین دەوڵەت بێت کە لەم هەلومەرجەدا قازانج بکات، چونکە ئەندامە لە گروپە دژ بەیەکەکان، وەک برێکس و رێکخراوی شەنگهای و دەستپێشخەری چوارچێوەی ئابووری هەردوو ناوچەی زەریای هیندی و هێمن، ئەم دەستپێشخەرییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەژمونی چین لە ئاسیا و زەریای هێمنە، کە لە ساڵی ٢٠٢٢ لە لایەن جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکاوە دامەزرا.
لە کۆتاییدا، جیهان لە قۆناغی لە دایکبوونی سیستمێکی نوێدا دەژی، بەڵام ئایا ئەمە سیستمێکی نوێتری سەرمایەداریی تەقلیدییە یان سیستمێکە ئەو جەنگانەی ئێستا لە ئارادان بەرهەمی دەهێنێت.

وتارەکانی نوسەر